عەداڵەت کایا: حکومەت دەیەوێت شارەوانییەکان تاوانبار بکات

عەداڵەت کایا، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئامەد ڕایگەیاند، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت شارەوانییەکان تاوانبار بکات و داوای لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا کرد، لە دژی کردەوە دژە دیموکراسیەکانی دەسەڵات تێکۆشانی هاوبەش بەرز بکەنەوە.

حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە ئیرادەی دەنگدەران پێشێل دەکات و قەیوم لە شارەوانییەکان دادەنێ. دانانی قەیومەکان کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە دانران، دوای هەڵبژاردنی خۆجێیی  ٢٠١٩ بەردەوام بوون، پاش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤ یش هەمان سیاسەت درێژەی پێدرا. ٧ شارەوانی دەم پارتی و ٢ شارەوانی جەهەپەی داگیرکردووە و قەیومی لەشوێنی داناوە.

عەداڵەت کایا، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئامەد، سەبارەت بەو دۆخە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و وتی: "ئەو دۆخەی ئێمە ئێستا تێدا دەژین تازە نییە، حکومەتی ئاکەپە، دوای شکستی گەورەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا، دان بە ئیرادەی گەلی کورد دا نانێت و هەوڵدەدات شارەوانییەکانمان تاوانبار بکات. بەداخەوە هاوسەرۆکانی شارەوانیمان کە هیچ لێپرسینەوەیەکیان لە گەڵ ناکرێت، بە خێرایی لە ڕێگەی 'شایەتحاڵی نهێنی'ـەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و بەو بیانووەوە دەستبەجێ قەیوم لە شوێنیان دادەنرێت. ئەمە بە تەواوی یەکێکە لە کردەوە نایاساییەکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری وەکوو ئامرازێک بۆ خوی بەکار دەێنێت. گەلی کورد و گەلانی تورکیا هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکەن."

'قەیوم کۆتایی بە پرۆسەی ئاشتی دەهێنێت'

عەداڵەت کایا ڕایگەیاند، دانانی قەیومەکان بەشێکە لە کارە دژە دیموکراسیەکانی دەسەڵات و وتی: "وەک دەزانن دوای دانانی قەیوم لە مێردین، ئێلح و خەلفەتی، لە ژێر چەتری پەرلەماندا دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان و هاوسەرۆکانی ئێمە کارێکیان کرد کە لە ئەنجامدا، پڕۆژە یاسایەکی هاوبەش لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەوە پێشکەشکرا. بە پڕۆژە یاساکە پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای ئاوارتە کە دەرفەت بۆ دانانی قەیوم دروست دەکات بگۆڕدرێت. ئەم پڕۆژە یاسایە واژۆی ١٠لایەنی ئۆپۆزسیۆنی هەیە. دەبێت خێرا گۆڕانکارییەکی یاسایی بەپێی دەستوور بکرێت، چونەکە ئەم دۆخە چیتر قبوڵکراو نییە.

لە هەر شوێنێک قەیوم دادەنرێت، گەل بەرەنگاری بووەتەوە. دەسەڵات باش ئەمە دەزانێت چیتر لە کۆمەڵگادا جێگای نەماوە. دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان چاوەڕێ ئەوەمان دەکرد حکومەتی ئاکەپە لە دۆخی پێشوو وانەی وەرگرتبێت. بەڵام بەداخەوە کردەوەی دانانی قەیومەکان دەبینین کە لەسەر هەمان سیاسەتی پێشوو دەڕۆن. حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، لەکاتێکدا کە چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد خراوەتە ڕۆژەڤەوە و زەمینەیەک بۆ ئەمە دروستکراوە و هەروەها پرۆسەیەک بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ ئازادی خوڵقێندراوە بە دانانی قەیومەکان ئەم پرۆسەیە تێکدەدات."

'پێویستە هەموو کەسێک لە دژی ئەم کودەتایە کە لە دژی دیموکراسیە دەنگی بەرز بکاتەوە'

عەداڵەت کایا ڕایگەیاند، دەبێت هێڵێکی پتەوی تێکۆشان لە دژی سیاسەتەکانی قەیوم دامەزرێت و وتی: "بانگەوازی من تەنها بۆ لایەنە چەپ و سۆسیالیستەکانی تورکیا نییە، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی تورکیایە، ئەو قەیومانەی دژ بە ئیرادەی گەلی کورد دانراون نابێت تەنها وەک هەوڵێک دژی کورد سەیر بکرێت، بەڵکوو ئەمڕۆ دەبینین لە بەشیکتاش و ئەسەنیورت قەیوم دانران، دەبێت ئەوە ببینن قەیوم کودەتایە و دژی دیموکراسی و دەستووری تورکیایە، بۆیە پێویستە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا دژی ئەم کردەوە نایاساییانە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.