هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر تەرمی کوردان وەک بنەمایەک بۆ شێوازی شەڕی پیس و قێزەونی دەوڵەتی تورک بەردەوامە. بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا تەرمی گەریلا شەهیدەکان لەڕێگەی کارگۆ و لەناو سندوق دا ڕەوانەی بنەماڵەکانیان دەکرایەوە. هاکان ئارسلان، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا لە بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەی سووری ئامەد شەهید بوو، لە دادگای ئامەد تەرمەکەى لە سندوقێکدا ڕادەستی عەلی رەزا ئارسلانی باوکی کرا. ئەوەش لە دوای بڵاو بوونەوە لە ڕاگەیاندنەکاندا ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە.
عەدنان ئۆرهان لە دەستپێشخەریی ڕێزگرتن لە مردوان و دادپەروەری لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر تەرمەکان و گۆڕستانەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)دوا.
ئۆرهان ئاماژەی بەوەدا، بە درێژایی مێژوو هەمیشە سیاسەتی چەوساندنەوە لە دژی تەرمی کورد و گەلانی دیکەی دێرینی ئەم خاکە پەیڕەو کراوە ڕایگەیاند، ئەم زوڵمە لە دوای ڕاگەیاندنی کۆمارەوە توندتر بووە و ئاماژەی بە مامەڵەی دەوڵەت و هێزەکانی دەوڵەت و چەکدار و چەتەکان لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکانی ئاگری، زیلان، دێرسیم و کۆچگری کرد.
'هەموو دەسەڵاتدارەکان ئەو تاوانەیان کردووە'
ئۆرهان وتیشی: ئەم هەڵوێستە نزیکەی سەد ساڵە بەرامبەر بە کورد نەگۆڕاوە و وتی: "مێشک و عەقڵیان نەگۆڕاوە، وشەی ڕەگەزپەرستی و فاشیستییەکانیان، چالاکیی هاوشێوەیان بەردەوامە. کاتێک مرۆڤ ٤٠ ساڵی ڕابردوو هەڵدەسەنگێنیت، زۆر کردار و تاوانی لەم جۆرە هەیە. لە ساڵانی ١٩٩٠دەکاندا گوندەکان سوتێنران، خەڵک بەبێ دادگایی کوژران، لە هەلیکۆپتەرەکان هەڵدرانە خوارەوە، کۆمەڵکوژکران و تەرمەکانیان فڕێدرانە بیرەکانی تێزابەوە. هەروەها بینیمان تەرمی ئەو مرۆڤە کۆمەڵکوژکراوانەیان بە دوای زرێپۆشەکانەوە دەبەست و بەسەر زەویدا ڕایاندەکێشان.
لەکاتی قەدەغەی هاتووچۆدا، بۆ چەندین ڕۆژ نەیانتوانی تەرمەکان بەخاک بسپێرن، ئێسکی تەرمەکان بە کارگۆ، یان لە دادگادا ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرانەوە، گۆڕستانەکانیان ڕووخاند و کێلەکانیان شکاند. هەروەها زیندانییە نەخۆشەکان لە زیندانەکاندا ڕادەگیرن تاوەکو گیان لەدەست دەدەن، بەداخەوە هەموو ئەو پێشێلکاری و تاوانانە بۆ دەسەڵات بەس نەبوو، نەبوو بە کێشە هیچ حیزب و لایەنێک، دەسەڵاتی ئێستاش هەموو ئەمانە بە نەبوو دەزانێت و درێژە بەو نەریتە دەدات".
دەرەئەنجامی مێشک و عەقڵیەتی یەکپەرەستییە
ئۆرهان ڕایگەیاند، کاتێک بینیی، تەرمی هاکان ئارسلان لە سندوقێکدا لە دادگا ڕادەستی باوکی کراوەتەوە، خزم و کەسوکارەکەی بیر کەوتوەتەوە، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا تەقەیان لێکراو و کوژران و وتی: "باوکم، مام و ئامۆزاکانم لە گوندی باگجلاری ناوچەی پاسوری ئامەد خرانە ناو گۆڕێکی بە کۆمەڵ. ئێسکەکانی ئەوانیش لە ناو کیسێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەمان کرا.
پاشان بە بڕیاری داواکاری گشتی لە ناو کیسێکدا لە گۆڕستانی بێ کەسەکاندا بەخاک سپێردران. بە قوڵی هەست بەو ئازارە دەکەم، کە مامە عەلی رەزا دەیچێژێت و من زۆر ئازارم کێشا و زۆرم پێ ناخۆش بوو. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە تێگەیشتن و عەقڵییەتی ساڵانی ١٩٩٠دەکان بەردەوامە. ئەمە بە هیچ شێوەیەک و بە هیچ پاساوێک ڕوون ناکرێتەوە. نە مرۆڤانەیە، نە ئەخلاقیە و نە ویژدانییە، بۆیە دۆخەکە ڕوونە، هیچ شتێک نەگۆڕاوە. ئەمە مێشک و عەقڵیەتی قبوڵنەکردنی مافی ژیانی کەسانی دەرەوەی خۆیەتی، دەرئەنجامی مێشکی تاکڕەوییە."
ئۆرهان ئاماژەی بەوەکرد، لە هەموو کۆمەڵگا و کلتورێکدا ڕێز لە مردووان دەگیرێت و وتی: "بێڕێزیکردن بە تەرم خەڵک توڕە دەکات. مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە تەرمی کەسەکەى خۆی بە ڕێزەوە و بەپێی کەرامەتی مرۆیی بەخاکبسپێرێت".
ئۆرهان ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە ئەو شێواز و ڕەفتارە بێباکانە ڕیسوا و ئیدانە بکرێن. ڕاشیگەیاند، هەموو کەسێک پێویستی بە ژیانێکی دیموکراتیک و شکۆمەندانە هەیە.
ژ.ت