دۆخه‌كه‌ بۆ كوردی 'ئاسایی' نه‌بوو

هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ هاوینه‌وه‌ چالاكییه‌ كولتوری و هونه‌رییه‌كان ده‌ستیان پێكردووە، قه‌ده‌غه‌ خرایه‌ سه‌ر زمانی كوردی.

هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ هاوینه‌وه‌ چالاكییه‌ كولتوری و هونه‌رییه‌كان ده‌ستیان پێكردووە، قه‌ده‌غه‌ خرایه‌ سه‌ر زمانی كوردی. له‌و قه‌ده‌غه‌كردنه‌دا به‌ جۆرێك زێده‌ڕۆیی كراوه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت وتنی، گۆرانیی كوردیش له‌لایەن زیندانیانەوە لە گرتووخانه‌كانیش قه‌ده‌غه‌كراوه‌.

گوشار و زۆرداری له‌ سه‌ر زمانی كوردی چه‌ندین ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌. هه‌رگیز ئه‌و گوشارانه‌ كه‌م نه‌بوون‌. په‌تای كۆڤید ١٩ش وه‌ك پاساوێك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی كولتور و هونه‌ری كوردی به‌كارهێنرا، به‌ڵام ئەو پەتایە نه‌بووه‌ رێگر له‌به‌رده‌م چالاكیه‌ توركییه‌كاندا. له‌دوایین حاڵه‌تدا پارێزگاری مێردین نواندنی به‌ كوردی قه‌ده‌غه‌كرد، بەڵام رێگه‌ی به‌ شانۆی توركی دا. له‌گه‌ڵ هاتنی هاوین دا قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر چالاكییه‌ كوردییه‌كان ده‌ستی پێكرد. كاتێك مرۆڤ له‌و قه‌ده‌غه‌كردنانه‌ ورد ده‌بێته‌وه،‌ كه‌ له‌ ساڵی ٢٠٢١ دا به‌سه‌ر چالاكییه‌ کولتوری و هونه‌رییه‌ كوردیه‌كاندا سه‌پێنراون، ئەوە ده‌بینێت نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له‌سه‌ر شانۆ، به‌ڵكوو له‌ گرتووخانه‌كان و له‌ ناو ژووری گرتووخانه‌كانیش گۆرانی وتن به‌ كوردی سزای بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌واڵه‌كانی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، رۆژنامه‌ی كارنجا و سوسما ٢٤مان له‌ باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنه‌كان له‌م ساڵدا كۆكروه‌ته‌وه‌.

٢ی حوزه‌یرانی ٢٠٢١

له‌ دژی بڕیاری ساڵی ٢٠٢٠  قائیمقامیه‌تی غازی عوسمان پاشا له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی شانۆی كوردیی بێرو، دۆسیه‌ كرایه‌وه‌ و دانیشتنی تایبه‌ت به‌و دۆسیه‌ش ئه‌نجامدرا.

١٧ی حوزه‌یرانی ٢٠٢١

ئەو دۆسیه‌یە، کە بۆ راگرتنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردن له‌سه‌ر شانۆی بێرو كرابوه‌وه‌، ره‌تكرایه‌وه‌. له‌ بڕیاری دادگادا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌كراوه‌، كه‌ ته‌ژه‌نه‌ (TJN) له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا (نه‌چه‌مه / NÇM)دایە و نه‌چه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌".

٧ی ته‌مووزی ٢٠٢١

تیمه‌كانی دیسپلینی شاره‌وانی به‌یوغڵوی ئیسته‌نبوڵ رێگه‌یان به‌ گۆرانیبێژان نه‌دا به‌ كوردی له‌ شه‌قامی ئیستقلال  گۆڕانی بچڕن و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر ئامێره‌كانی مۆسیقای ئه‌و ژه‌نیارانه‌شدا گرت.

  ٢٣ی ئابی ٢٠٢١

له‌ گرتووخانه‌ی خارپێت ٩ ژنی زیندانیکراو، له‌وانه‌ له‌یلا گیوڤه‌ن هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی جڤاكی دیموكراتیك (کەجەدە) و په‌رله‌مانتاری پێشووی هه‌ده‌په‌ی جۆله‌مێرگ، هولیا ئالۆكمه‌ن ئویانك هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د و فه‌تحیه‌ ئۆك چیچه‌ك جێگری سه‌رۆكی گشتیی پارتی سۆسیالیستی چه‌وساوه‌كان (ئه‌سه‌په‌) لەسەر وتنی گۆرانی بە کوردی رووبه‌ڕوو لێپێچینه‌وه‌ی دیسپلین كرانه‌وه‌.

٣١ی ئابی ٢٠٢١

گیراوانی گرتووخانه‌ی ژنانی باقركۆی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ كوردی گۆرانیان وتبوو رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ كرابوونه‌وه‌. ئه‌و گیراوانه‌ ویستبوویان به‌ كوردی به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام رێگرییان لێكرابوو.

١٦ ی ئه‌یلولی ٢٠٢١

داواكاری گشتیی كۆماری له‌ ئێلح له‌ باره‌ی ١٣ كه‌سه‌وه‌ ده‌ستی به‌ لێپرسینه‌وه‌ كرد، به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ ١٤ی ئابی ٢٠٢١دا له‌ كۆبوونه‌وه‌یەکدا به دەم‌ سرودی کوردیی "سه‌رهه‌ڵدان ژیانه‌"ی شڤان په‌روه‌ره‌وه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێیان كردووه‌.

٥ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١

دادگایی ده‌ستوری بنچینه‌یی، سه‌پاندنی سزای دوو ساڵ زیندانی به‌سه‌ر قەدری په‌روانه‌دا پەسەند کرد، كه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ پاسی گەل دا له‌ ئامه‌د به‌ ده‌نگی به‌رز گوێی له‌ گۆرانیی كوردی گرتبوو. ئه‌و سزایه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو. له‌ بڕیاره‌كه‌دا هاتووه‌، كه‌ په‌روانه‌ 'پڕۆپاگه‌نده‌ی بۆ رێكخستنی تیرۆر' كردووه‌ و ئه‌و سزایه‌شی به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌ 'پێشێلكردنی ئازادی راده‌ربڕین نییه‌'.

١٣ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١

ناوه‌ندی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاڤێستا به‌نیازبوو له‌ مێردین دیدارێك له‌گه‌ڵ نوسه‌ر میرزا مه‌تین له‌ باره‌ی ئەدەب و وێژه‌ی كوردییەوە ساز بكات، به‌ڵام پۆلیس چوونه‌ شوێنی دیداره‌كه‌ و به‌ پاساوی 'په‌تا' رێگریان كرد و دیداره‌كه‌ نیوه‌ناچڵ مایه‌وه‌. به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چاپه‌مه‌نی ئاڤێستا رایگه‌یاند، بڕیاریان داوه‌ چالاكییه‌كانیان له‌ مێردین رابگرن.

١٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١

ئاهه‌نگی پیرۆزبایی یادی ٣٠ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ناوه‌ندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا (نەچەمە / NÇM)، كه‌ بڕیاربوو له‌ ناوه‌ندی خۆپیشاندانه‌كانی بوستانجی ئیسته‌نبوڵ به‌ڕێوه‌بچێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی پارێزگای ئیسته‌نبوڵی وه‌رگرتبوو، به‌ڵام چه‌ند كاتژمێر به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی له‌لایه‌ن قائیمقامیه‌تی كادكۆیه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كرا.

١٣ ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢١

وه‌یسی ئه‌رمیش موزیسیان و گۆرانیبێژی كورد و یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی ناوه‌ندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا به‌ هۆی بوونی وشه‌كانی 'كوردستان' و 'گه‌ریلا' له‌ گۆرانیه‌كانیدا لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كرا و به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی 'پڕۆپاگه‌نده‌ی بۆ رێكخستن كردووه‌' سزای ساڵێك و شه‌ش مانگ و ٢٠ رۆژ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

١٥ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢١

قائیمقامیه‌تی فاتیح نمایشی ستاندئاپی 'كۆتایی كۆتایی' قه‌ده‌غه‌كرد، كه‌ بڕیاربوو له‌ چوارچێوه‌ی كه‌مپینێكی ئه‌نجومه‌نی گه‌نجانی هه‌ده‌په‌ له‌ ئیسته‌نبوڵ به‌ ناوی ' ئێمه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان بە مادده‌ی هۆشبه‌رەکانەوە ده‌پچڕێنین و ژیانێكی نوێ بونیات ده‌نێین' ئه‌نجام بدرێت.

١٦ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢١

شاره‌وانی كه‌چیۆره‌نی ئاكه‌په‌یی  كۆنسێرتی هونه‌رمه‌ندی كورد مه‌م ئارارتی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ بڕیاربوو له‌ ٤ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠٢١ له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیریی نه‌شئه‌ت ئه‌رتاش به‌ڕێوه‌بچێت.

٥ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠٢١

پارێزگاری مێردین شانۆیی 'تارتوفه‌'ی قه‌ده‌غه‌كرد، كه‌ بڕیاربوو رۆژی ٥ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠٢١ به‌ زمانی كوردی له‌ هۆڵی گراند هۆتێل نمایش بكرێت‌.

سبه‌ینێ: په‌یكه‌رتاش شاهین دۆغان یه‌كێك له‌ خه‌باتكارانی ناوه‌ندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا له‌ باره‌ی گوشاره‌كانی سه‌ر کولتوری كوردی قسه‌ی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) كردووە و سبەی بڵاوی دەکەینەوە.

ژ.ت