دەشتی ئاغا: "سوپای عێراق لەڕێگەی هێزەوە هەوڵی بەعەرەب کردنی ناوچەکە دەدات"
دەشتی ئاغای پەلکانە: "سوپای عیراق شەوانە هەڵدەکوتێتە سەر خەڵکی تاوەکو لە ترسا دەستبەرداری زەویوزەرەکانیان بن و ناوچەکە چۆل بکەن بۆ عەرەبی هاوردە".
دەشتی ئاغای پەلکانە: "سوپای عیراق شەوانە هەڵدەکوتێتە سەر خەڵکی تاوەکو لە ترسا دەستبەرداری زەویوزەرەکانیان بن و ناوچەکە چۆل بکەن بۆ عەرەبی هاوردە".
شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە هێزێکی سوپای عێراق لە گوندی پەلکانە لە سنوری کەرکوک دەشتی ئاغا دەزیی، کەسایەتی و جووتیاری گوندی پەلکانەی کەرکوکیان دەستگیرکرد لەکاتی ئاودانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی، جێگای باسە دوای فشارکردن لە سوپای عێراق دوێنێ ناوبراو ئازادکرا.
سەبارەت بەو پێشەڵکاریانەی لەو ناوچەیە دژ بە کوردنیشیان ئەنجامدەدرێت لەلایەن سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەوە، ئاژانسی هەواڵی فورات پەیوەندی بە دەشتی ئاغا دزەیی ئاغای گوندی پەلکانەوە کرد و سەبارەت بە دۆخەکە ناوبراو دوا.
سوپای عێراق هاتنە سەر زەوییەکانم و ویستیان ئامێرەکانی ئاودانی کشتوکاڵی تێکبدەن
جێگای باسە ئەو کەسایەتیەی گوندی پەلکانە بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکەی کرد: "چەند هەمەرێکی فەوجی چواری لیوای ٣٢ی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق عێراق هاتنە سەر زەوییەکانم و ویستیان ئامێرەکانی ئاودانی کشتوکاڵی تێکبدەن، من چوومە لایان و پێیانگوتم، دەبێت بچینە بنکەی پۆلیس و وێڕای پڕکردنەوەی بەڵێننامە لەسەر دەستهەڵگرتن لە کاری جووتیاری ئامێرەکانیش تێکبدەن."
سوپا هەوڵدەدات لەڕێگەی ترسەوە زەوییەکانمان بەجێبهێلین
سەبارەت بە پێشەڵکاری و گێچەڵی سوپای عێراق دژ بە کوردانی گوند و ناوچە کوشتوکاڵییەکانی کەرکوک، و لەنێوانیشاندا دەستگیرکردنی خۆی بەهۆی کارکردن لەسەر زەوی خۆی، دەشتی دەزیی ئاغای گوندی پەلکانە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئەوەی لە گوندی پەلکانە ڕوویدا بەشێکە لە بەعەرەب کردنی ناوچەکە، سوپای عیراق شەوانە هەڵدەکوتێتە سەر خەڵکی و زەوییەکانیان تاوەکو لە ترسا دەستبەرداری زەویوزەرەکانیان بن و ناوچەکە چۆل بکەن، دووبارە وەکو سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس هەوڵدەدەن کوردەکان لەسەر زەوی باوبایرانیان دەربکەن و عەرەبی هاوردە بهێنن و لەجێگانیان جێگیریان بکەن".
هەرچەندە سوپا زیاتر عەزێتمان بدا ئێمە زیاتر سور دەبین لەسەر بەرگری لە خاکەکەمان
هەروەها ناوبراو جەختی کردەوە لەوەی بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان دژی هەموو هەوڵێکی بەعەرەب کرد و ڕایگەیاند: " ئەم بەعەرەب کردنە جێگای قەبووڵ نیە، تا یەک دڵۆپە خوێن لە لەشمان مابێت بەرگری لەخاکی خۆمان دەکەین، هەرچەندە سوپای عێراق زیاتر عەزێتمان بدەن ئەوە ئێمە زیاتر سور دەبین لەسەر بەرگری لە خاکەکەمان".
ئامنجی سوپای عێراق لە عەزێتدانی گوندە کوردییەکان بە عەرەب کردنی ناوچەکەیە
سەبارەت بەدۆخی کورد لەشاری کەرکوک لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و سەپاندانی حوکمی سەربازی لەشارەکە و سەپاندنی پارێزگارێکی عەرەبی شۆڤێنی و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بە عەرەب کردنی کەرکوک، دەشتی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ئاشکرای کرد: "لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە رۆژانە خەڵکی بەو شیوەیە پێشەڵکارییان بەرامبەر دەکرێت لەلایەن سوپا و حکومەتی عێراقی، لە هەموو وەزرێک لەکاتی جووتکردن، ئاودان و درووینەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، سوپای عێراقی خەڵکی عەزێت دەدا، ئامنجی سوپای عێراق لە عەزێتدانی گوندە کوردییەکان بە عەرەب کردنی ناوچەکەیە".
هێرشەکانی سوپای عێراق دژ بە کوردانی کەرکوک بەردەوامی هەیە بەئامانجی ناچارکردنی کوردان بۆ بەجێهێشتنی زەوییەکانیان لەڕێگەی ترساندن، زیندانی کردن، تێکدانی بەرهەمەکانیان و شەرفڕۆشتن پیان لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراق.
لەلای خۆیەوە فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەبارەت بەو ڕووداوە ڕایگەیاند: " کاری ھێزی چەکدار پاراستنی ئاسایشی وڵاتە، نەک ھەڵکوتانە سەر جوتیاران و دەستگیرکردنیان، وە بەڵگەی جوتیارانی کورد بۆ خاوەندارێتی زەوییەکانیان بەڵگەی راست و رەوانن، بەڵام کێشەکە بە جۆرێکی دیکەیە بۆ دەستبەسراگرتن و داگیرکردنی زەویی جوتیارانی کورد".