دەست بە هەڵدانەوەی سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگالکرا

ڕێكخراوی ئێزدی بۆ بەڵگەنامە پشتڕاستی كردەوە تیمە تایبەتمەندەكان دەستیانكردووە بە هەڵدانەوەی سێ گۆڕی بەكۆمەڵ لەكۆمەڵگەی (گرزریك) لەشنگال، كە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەكانی داعشەوە كوژراون.

خەیری عەلی، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی ئێزدی بۆ بەڵگەنامە بەمیدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند، تیمە پەیوەندیدارەكان گەیشتوونەتە كۆمەڵگەی (گرزیرك) لە قەزای شنگال، و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەستیانكردووە بە كردنەوەی سێ گۆڕی بەكۆمەڵ  قوربانیانی پێكهاتەی ئێزدی تێدابووە و لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كوژراون.

بەریوەبەری ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پاشماوانەی لەو گۆڕانە دەردەهێنرێن دەگوازرێنەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەغدا بۆ پشكنین و ناسینەوەی ناسنامەی تەرمەكان.

 تا ئێستا ٨٩ گۆڕی بەكۆمەڵ لەسنوورەكانی شنگال دۆزراونەتەوە و ٣١ گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و تا ئێستاش پاشماوەی نزیكەی ٥٠٠ كەس هەڵدراوەتەوە، دوای ئەنجامدانی پشكنینی پێویست بۆیان لەبەغدا ناسنامەی ١٦٢ كەسیان ئاشكرا كراوە.

دوای هاتنی چەتەكانی داعش بۆ عێراق و داگیركردنی شەنگال بە دەیان خەڵكی ناوچەكەیان كۆمەڵكوژ كرد و ڕفاندیان،  دوای ئازادكردنی ئەو شارە لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل و هێزەكانی عێراق، توانرا بەدواداچوون بۆ ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە بكرێت ژمارەیەكیان دەربهێنرێت و ڕەوانەی بەغدا بكرێن بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەكانییان.

ف.ق