'دەوڵەتی تورک ئەگەر ڕاستگۆیە دەبێت سەرەتا ئەشکەنجەخانەی ئیمراڵی دابخات'
فەرزەندە مونزور: ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی چارەسەری هەمیشەیی و درێژخایەنی دەوێت، دەبێت بە گوێرەی قووڵایی پرسی کورد هەنگاو بنێت و بەو ئاراستەیەدا هەنگاوەکانی بوێرانەبن.
فەرزەندە مونزور: ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی چارەسەری هەمیشەیی و درێژخایەنی دەوێت، دەبێت بە گوێرەی قووڵایی پرسی کورد هەنگاو بنێت و بەو ئاراستەیەدا هەنگاوەکانی بوێرانەبن.
وتەبێژی دەستپێشخەریی سووریی ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، فەرزەندە مونزور، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاندنی بۆ لێدوانەکانی ئەم دواییەی کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک لەسەر چارەسەری، دیداری رێبەر ئاپۆ لەگەڵ بنەماڵەی و نوێترین پەیامی رێبەر ئاپۆ کرد.
فەرزەندە مونزور لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە لێدوانەکەی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بە تایبەتی سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی کرد، کە وێڕای داننان بە گۆشەگیریدا، بانگەوازیی ئاراستەی رێبەر ئاپۆ کردبوو، لەو ڕووەوە وتی، "باخچەلی کە لە دژی گەلی کورد بەردەوام ئاگر لە دەمیەوە دەهاتەدەر، ئاخۆ چی بووە کە ئێستا دەڵێت با رێبەر ئاپۆ بێتە پەڕلەمان و وتار بدات. بڵێی چی روویدابێت کە باس لە چارەسەری و دیالۆگ دەکات؟ ئەوەی ناچاری کردن بەم جۆرە قسە بکەن؛ بە پلەی یەکەم بەرخودانی گەورەی رێبەر ئاپۆ و دواتریش تێکۆشانی بێوچانی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات و هەروەها بێگومان دەرئەنجامی بەرخۆدانی بێ وەستانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستانە.
جیالەوانە دەوڵەتی تورک هەنگاو بە هەنگاو و بەرە بەرە لاواز دەبێت، رۆژ لەدوای رۆژ دەوڵەتی تورک زیاتر رۆدەچێتە ناو قەیرانە ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. لەلایەکی دیکەشەوە گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە، ناوچەکە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە. هەربۆیە دەوڵەتی تورک بەو کێشە ناوخۆییانە، بەو قەیران و گێژاوە ناوخۆییانە، بە دوژمنایەتیکردن بەرامبەر کورد ناتوانێت لە هاوکێشەکاندا جێگەی خۆی بکاتەوە. جگە لەوانەش لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی زۆر گەورەدان، بۆیە درکیان بەو ڕاستییە کردووە، لێداونی بەم جۆرە دەدەن. بێگومان دەزانن رێبەر ئاپۆ تاکە بەردەنگ و موخاتەبی ئەم پرسەیە. بەڵام دەبێت ئیتر بە شێوەیەکی ڕاست و دروست کێشەکە پێناسە بکەن و بەناوە راستەقینەکەیەوە ناودێری بکەن. ئەگەر بە ڕاستیش چارەسەرێکی درێژخایەنیان دەوێت، دەبێت بەهۆی ئەو هەمووە پێشێلکردنەی مافەکانی مرۆڤ، ئەو هەموو کۆمەڵکووژی و نکۆڵییەی بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامیان داوە، داوای لێبوردن بکەن. دەبێت ڕێگە لە بەردەم سیاسەتی دیموکراتیکی بزوتنەوەی کورد بکەنەوە. ئەگەر بەم جۆرە نزیک ببنەوە، لە بەرژەوەندیی هەموواندا دەبێت".
لە درێژەی قسەکانیدا فەرزەندە مونزور هەڵسەنگاندنی بۆ پرسی گۆشەگیریی چڕ و دژوار لە ئیمڕاڵی کرد و وتی، "٤٤ مانگە رێبەر ئاپۆ لە ناو گۆشەگیرییەکی ڕەهادا ڕاگیراوە. هەر لە بنەڕەتەوە سیستمی ئیمڕاڵی، سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەیە. لە مانگی ٤٤ەمینی گۆشەگیری ڕەهادا دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدراوە و دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات ئەوە وەک نیازپاکی خۆی نیشان بدات. بەڵام ئەم دیدارە لە بنچینەدا سروشتیترین مافە. بەگوێرەی یاسا و رێسا نێونەتەوەیی و ناوخۆییەکانی دەوڵەتی تورک هەموو سزادراوێک مافی ئەوەی هەیە بە شێوەی بەەردەوام و ڕێک و پێک چاوی بە پارێزەر و بنەماڵەکەی بکەوێت. ئەو مافە لە ڕێبەر ئاپۆ زەوت کراوە. ئەگەر باس لە نیازپاکی دەکرێت، دەبێت سەرەتا و بەر لە هەر شتێک کۆتایی بەو گۆشەگیرییە بهێنن. دەبێت ڕێبەر ئاپۆ هەفتانە بتوانێت بنەماڵە و پارێزەران و هەڤاڵانی ببینێت. ئەگەر باس لە نیازپاکی دەکرێت، دەبێت وەک یەکەم هەنگاو ڕێبەر ئاپۆ لە ئەشکەنجەخانەی ئیمڕاڵی بهێندرێتەدەر."
مونزور ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت ڕێبەر ئاپۆ لە ماڵێک نیشتەجێ بکرێت، لەوێ بە ئاسانی بتوانێت دیدار ئەنجام بدات و ئەندێشەکانی خۆی بۆ ڕای گشتیی بخاتەڕوو و هاوبەشییان پێبکات، تەنیا بەو جۆرە دەتوانرێت باس لە هیوایەک بۆ چەسپاندنی ئاشتی بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فەرزەندە مونزور وتەبێژی دەستپێشخەریی سووریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان هێمای بۆ کاریگەرییەکانی ئەو هەوڵ و خەباتە کرد کە بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو لەسەر ئاستی کوردستان و دەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی خرابوونە گەڕ و لە ئەنجامدا ئەو تێکۆشانە یەکێکی وەک دەوڵەت باخچەلی ناچار کردووە دان بەوەدا بنێت و بێتە ژێر باری ئەوەی کە بڵێت ڕێبەر ئاپۆ بەردەنگ و موخاتەبی ئەم پرسەیە.
جەختیشی کردەوە، کە هەر لە ئەنجامی ئەو خەبات و تێکۆشانەدا پرسی مافی هیوا کەوتووەتە بەرباس و هیواشی خواست لە ڕێگەی گوڕدان بە تێکۆشان و بەردەوامیدان بە بەرخودان مافی ئازادیی یەکجارەکی رێبەر ئاپۆ مسۆگەربکرێت.
فەرزەندە مونزور بەبیری هێنایەوە کە ڕێبەر ئاپۆ لەدوا دیداریدا ئەوەی خستەوەتەڕوو کە گۆشەگیری بەرەوامە و ئەوەش وەڵامدانەوەی پڕۆپاگەندەکانی دەوڵەتی تورک بوو کە نکۆڵیان لە گۆشەگیری دەکرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجی گۆشەگیریدا ناتوانێت بەئاراستەی چارەسەری و دیالۆگ ئەرکی خۆی ڕاپەڕێنێت، چونکە دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت دیدار لەگەڵ ڕێبەرانی پارتە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران و لایە سیاسریەکانی دەوڵەتی تورک دیدار ئەنجام بدات. ئەم دۆزە یەکجار گەورەیە، دوو سەدەیە لە ئارادایە، سیاسەتی کۆمەڵکوژی و نکۆڵی لەدوای لۆزانەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە، بۆیەشە بە مامەڵەیەکی ئاسایی و ڕووکەشی پرسەکە چارەسەر ناکرێت. دەبێت هەلومەرجی دیالۆگ بخوڵقێندرێت. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێندرێت، خاوەن ئەو هێزە تیۆری و پراتیکییەم، کە ئەم پرۆسەیە لە پانتایی و بواری شەڕەوە بگوازمەوە بۆ بەستێن و پانتایی یاسایی و سیاسی'. ڕێبەر ئاپۆ لەسەر چارەسەری پرسی کورد لە سەدان لاپەڕەدا پارێزنامەی نووسیوە. جگە لە پارێزنامە نەخشەڕێیەکیشی دیاریکردووە. خۆی لە خۆیدا ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری تیۆری و پراکتیکیی ئەم پرسەی دەستنیشان کردووە. بۆیەشە ڕێبەر ئاپۆ خاوەن ئەو هێزەیە کە ئەم مۆدێلەی چارەسەری بەکرداری بکات و هەم گەلی کورد و هەم گەلانی هەرێمەکە و بزووتنەوەی ئازادیش لەوەدا بەشدار بکات. بەدەر لەمە تەنیا بە چەند لێدوانێک ئەو پرسە چارەسەر نابێت. ئەو دۆزەی بە سەدان ساڵە بەردەوامە، ماوەی سەد ساڵی بە کۆمەڵکوژی، سەرهەڵدان و بەرخودان تێپەڕاندووە و تەنیا ٥٠ ساڵی ڕابردووی بە تێکۆشانێک بەردەوامە و لەو ماوەیەش ٤٠ ساڵی تێکۆشانی چەکداری بووە. لەبەر ئەمانە چارەسەرکردنی ئەو پرسە قووڵە. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی چارەسەرییەکی درێژخایەنی دەوێت، پێویستە بە گوێرەی قووڵایی ئەو پرسە هەنگاو بنێت و لەپێناو چارەسەریدا هەنگاوەکانی بوێرانە بن. دەبێت کاربەدەستانی تورک بتوانن بەو ئازایەتی و بوێرییەوە بجوڵێنەوە. بەپێچەوانەی ئەوە بێت، ئێمە دەڵێین گەمە و خەڵەتاندنە. هەروەک چۆن ئەردۆغان لەکاتی هەموو هەڵبژاردنێکدا بۆ خەڵەتاندن و لەخشتەبردنی کوردان دەیگوت پرسی کورد پرسی منە و بەو جۆرە پرۆپاگەندەی دەکرد، بەهەمان شێوەی قسەکانی باخچەلیش ناتوانێت کەس قایل بکات و ناشتوانێت وەڵامدەرەوەی داواکارییەکان بێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا فەرزەندە مونزور وتەبێژی دەستپێشخەریی سووری ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی بە دووەم ساڵەی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ کرد و وتی، "ئامانجی هەڵمەتەکە دیارە؛ دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەریی سیاسی پرسی کورد. لەم چوارچێوەدا لە دووەم ساڵەی هەڵمەتەکەدا کارێکی بەرفراوانتر و جەماوەریتر دەکرێت".