مەحموود مەشهەدانی بوو بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق

لە گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ دیارییكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحموود مەشهەدانی بە بەدەستهێنانی ١٨٢ بووە سەرۆكی پەرلەمان.

لە گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقدا کە ٢٦٩ پەرلەمانتار ئامادەیبوون، مەحموود مەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانی عەزم، کە لەلایەن زۆرینەی سوونەکان، چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پشتیوانی لێدەکرا بە بەدەستهێنانی ١٨٢ دەنگ بووە سەرۆکی پەرلەمان.

هەروەها سالم عیساوی ٤٢ دەنگی بەدەستهێنا و ٣٩ دەنگی پووچەڵیش هەبوو.

لە گەڕی یەکەمدا کە لە کۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار، ٢٧١ـیان ئامادەی دەنگدانەکە بوون، مەشهەدانی ١٥٣ دەنگ و عیساویش ٩٥ دەنگی بەدەستهێنابوو، هەروەها هەریەک لە تەڵال زەوبەعی سفر دەنگ و عامر عەبدولجەبار نۆ دەنگیان بەدەسهێنا و ١٤ دەنگی پووچەڵیش هەبوون.

ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەكە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، دوای ئەویش، موحسین مەندەلاوی بەشێوەی وەکالەت سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی کرد.