بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) بە بۆنەی ١ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانیی کۆبانێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە بەبیرهێنراوەتەوە، کە چەتەکانی داعش لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ بە هاوکاری هێزە دەرەکی و هەرێمایەتیەکان، لە دژی شۆڕشی ١٩ی تەموز (٢٠١٢) پەلاماری کۆبانێیان داوە و دەوڵەتی تورکیش بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لەو چەتانە کردبوو.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لەسەر بانگەوازی سەفەربەری و ئامادەباشیی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە تەواوی کوردستان و جیهانەوە شۆڕشگێڕان، دیموکراسیخوازان و ئاشتیخوازان کەوتنەخۆ و هەڵسانە سەرپێ و بەم جۆرە درێژە بە ڕاگەیەندراوەکە دراوە: "لە کۆبانێ بەرخۆدانێکی مێژوویی نیشاندرا. خەونە پیلانگێری و فاشیستیەکانی تورکیا تێکشکێندران. لەسەر خاکی کۆبانێوە مرۆڤایەتی پارێزرا. لەبەر ئەوەش بە دەیان براوەی خەڵاتی نۆبڵ، مێژووناس، فەیلەسوف، نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهان، ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤یان وەک رۆژی خۆپیشاندان و پشتیوانی لە قەڵای بەرخۆدانی کۆبانێ ناودێر کرد. لە سەرتاسەری جیهان ملیۆنان مرۆڤ ڕژانە گۆڕەپانەکان، کۆبانێ گۆڕدرا بۆ شارێکی جیهانی. جیهان تێگەیشت کە کۆبانێ لەپێناو بەها مرۆڤایەتییەکان پارێزگاری و داکۆکی لە دیموکراسی و داهاتوو دەکات".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوە کە لە ١٠یەمین ساڵیادی ١ی تشرینی دووەم، مەترسییەکان لەسەر دەستکەوتەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ بەردەوامن و ئەم بانگەوازە کراوە: "دیسان چاوی داگیرکەران، چەتەکان و پیلانگێڕان لەسەر لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستانە. ئێمە داوای بەهێزکردنی هاوپشتیی جیهانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و دەسکەوتەکانی گەلان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین. ڕۆژئاوا لە پێناو مرۆڤایەتیدا خۆڕاگری کرد، پێویستە مرۆڤایەتیش خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکات".