دەوڵەتی ئێران هەم فەرجاد دەروێشی کوشت و هەمیش سزای زیندانی بەسەر براکەیدا سەپاند

دەووڵەتی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کاتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا کەسێکی بە ناوی فەرجاد دەروێشی کوشتبوو. ئێستاش سزای زیندانی بەسەر براکەیدا سەپابدووە.

بە گوێرەی میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەوڵەتی ئێران سەیاد دەروێشی برای فەرجاد دەروێشی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای رەوانەی زیندانی ورمێ کردووە.

گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر کەسوکاری گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەردەوامە. لەو چوارچێوەشدا سەیاد دەروێشی کە بە تۆمەتی 'پرۆپاگەندە لە دژی دەوڵەت' سزای ٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ جێبەچێکردنی ماوەی سزاکەی گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ورمێ.

شایەنی باسە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ فەرجاد دەروێشی تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی گوندی بالو لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی لە شارۆچکەی وەلیعەسری ورمێ بە گولـلەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژرابوو.

هەر لە چوارچێوەی گوشارەکانی سەر بنەمای گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکە مینا سوڵتانی دایکی شەهریار محەمەدی کە لە کاتی سەرهەڵدانەکەدا لە بۆکان کوڕەکەی گیانی بەختکردبوو نزیکەی ١٠ رۆژە لە زیندانە و رووبەڕووی ئەشکەنجەی دەرونی بووەتەوە.

هاوکات لە سەحنەش ئەمیر حسێن حەقجویان کوڕە خاڵ و هاورێی نزیکی رەزا رەسایی خۆپیشاندەری لەسێدارەدراوی سەرهەڵدانەکە، دەستگیر و راپێچی ناوەندە ئەمنییەکان کرا.

لە ئەیلولی ٢٠٢٢ دا دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە، سەرهەلدانێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد.

لە سەرهەڵدانەکەدا سەدان کەس کوژران، بە هەزاران کەسیش گیران و چەندین کەسیش لەسێدارەدران.