گەلی مەخمور بۆ ڕێبەری گەلی کورد ڕێپێوانیان کرد
گەلی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان کرد.
گەلی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان کرد.
بوومەلەرزەیەک بە پلەی ٥.١ لە گەملیکی بۆرسا ڕوویدا، نیگەرانی گەلی کورد دەربارەی ڕەوشی تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر بوو. هاوڵاتیانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی بۆ دەسکەوتنی زانیاری دەربارەی ڕەوشی تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان ئەنجامدا.
"نیگەرانییەکانمان بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیاتر بوون"
گەل لەبەردەم دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان کۆبوونەوە و تا بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێپێوانیان کرد. هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی مەخمور، فیلیز بوداک گوتی: " لە دوورگەی ئیمراڵی کە دڵ و هۆشمان لەوێیە، بوومەلەرزەیەک ڕوویداوە. ناتوانین هیچ هەواڵێک لە ڕێبەرمانەوە وەربگرین. لێرەدا ئەو هێزانەی پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتیان لە کەسێتی ڕێبەرێتی ئەنجامدا، دەیانەوێت پلانی قڕکردن دژی گەلی کورد جێبەجێ بکەن. ئەم هێزە هاوپەیمانییانە پەیوەست بە بومەلەرزەکە پلانیان بۆ ئیمراڵی چییە؟ ئێمە دەزانین لە ڕێگەی ئەم کار و بێدەنگییەوە دەیانەوێت پەیامێک بۆ گەلی کورد بنێرن. سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و پاکتاوکردن لە دژی گەلی کورد لە پیادەکردندان. ئاگرەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠ لە نزیک ئیمراڵی کەوتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠٠٩ هەوڵی ژەهراویکردنی ڕێبەرێتیمان و بەم دواییەش ئەو بوومەلەرزەیەی دوێنێ لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ ڕوویدا نیگەرانی و گومانەکانمان زیاتر دەکات".
فیلیز بوداک، ڕایگەیاند، ٣ ساڵە دیداری بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاستەنگ دەکرێت، گوتی: "بەڵام سوپای فیدایی ڕێبەر ئاپۆ هەیە. ئێمە ٦٠ ملیۆن کورد شوێنکەوتەی ڕێبەر ئاپۆین. هێزی داگیرکەر و پیلانگێڕان بەرپرسیارن لەوەی لە ئیمراڵی ڕوویداوە. ئەوانەی خۆیان بە پارێزەری مافی مرۆڤ ناودەبەن، بە کەمترین شێوە بەرپرسیارێتی خۆیان ئەنجام دەدەن. بۆیە بانگەواز لە (سی. پی. تی.) دەکەین بەپێی بەرپرسیارێتی خۆی بجووڵێتەوە. تا ئەو کاتەی ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان مسۆگەر دەکەین، بە ئیرادەیەکی مەزنەوە درێژە بەم چالاکییانە دەدەین".