گەنجانی ووڵاتپارێز هۆشیاری دەدەن لە داگیرکردنی باشوری کوردستان لەلایەن تورکیاوە
کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان، بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی ڕایگشتی کرد کەتیدا هۆشدارییاندا لە مەترسی داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستان.
کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان، بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی ڕایگشتی کرد کەتیدا هۆشدارییاندا لە مەترسی داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستان.
دوێنێ شەو دووشەممە، ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان لە قەزای چەمچەمالی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان، بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی تەواوی ووڵاتپارێزان، ئازادیخوازن و ڕایگشتی کرد کە تیدا هۆشدارییاندا لە مەترسی داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی فاشستی تورکەوە.
محەمەد عەلی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێز، بەیاننامەیەکی بەناوی گەنجانی ووڵاتپارێزەوە ئاڕاستەی ڕایگشتی و ووڵاتپارێزان و ئازادیخوازنی کوردستان کرد، لە دەقی بەیاننامەکەی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستاندا هاتبوو:
"ئاگاداریەک بۆ خەڵکی باشووری کوردستان؛ دەوڵەتی تورکیا و سوپاکەی وەک خۆشیان بە فەرمی ڕایانگەیاندووە، دەیانەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و پەیمانی میساقی میللی (واتا گەڕاندەوەی ولایەتی موسڵ و کەرکوک) بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا نوێبکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە شار و چیاکانی کوردستان دەستی بە داگیرکاری فراوان کردووە، دوای داگیرکردنی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی، ئێستاش لە شار و چیاکانی کوردستان بەتایبەتی لە ناوچەی (زاپ، مەتینا، ئاڤاشین) دەستی بە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی داگیرکردن کردووە."
هەروەها ناوبراو ووتیشی: " لە ئێستادا شەرێکی قورس لە نێوان گەریلاکانی کوردستان و سەربازانی تورک بەڕێوە دەچیت، میدیاکانی پارتی دەڵین، ئەم شەڕە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیایە و هۆکارەکەی بوونی پەکەکەیە لەو ناوچانە ئەمەش لە کاتێکدا خودی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خۆی ئەو سوپایەی هێناوەتە ئەو ناوچانە."
هەروەها ئەو ئەندامەی گەنجانی ووڵاتپارێز هۆشیاریدا لە ئاکامەکانی سەرکەوتنی سوپای داگیرکەری تورک لە هێرشەکانی بۆسەر چیاکانی کوردستان و ووتی: "لە ناو ئەو سوپایەی تورکیادا بە هەزاران چەتە و تیرۆرست هەن کە دوای شەڕی لیبیا لەوێوە بردویانن بۆ چیاکانی کوردستان و دوای داگیرکردنی ئەو ناوچانە ڕاستەوخۆ موسڵ و کەرکوک داگیر دەکەن و دواتر ڕودەکەنە شارەکانی سلیمانی و هەولێر."
سەبارەت بە چەواشەکاری و بردنی سەرنجی هاووڵاتیانی بۆ هەندیك بابەتی دور لە داگیرکاری دەوڵەتی تورک لەلایەن میدیا حزبییەکانی باشورەوە، محەمەد عەلی ووتی: "دەبێت باوەڕ بەوەش بکەین کە گرنگیدانی زیاتر بە شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین لە لایان میدیاکانی باشوری کوردستان و زیاتر ڕوماڵکردنی هەندێک ڕوداوی دەستکرد. پەیوەندی بە خیانەتی ناو خۆییەوە هەیە، کە لەلایەن هەندێک حزبەوە دەکرێت، وەک چۆن خێزانە کوردەکانی خەڵکی هەولێر و سلێمانی و ....هتد، لە شارەکانی تورکیا دەدرێنە بەر شەق و جنێودان. سبەینێ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت بە تورکی قسە بکەن و بخوێنن و بڵین من تورکم."
لە کۆتایدا محەمەد عەلی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێز کوردستان ووتی: " داوا دەکەین کە ئێوەی ووڵاتپارێز و بەویژدان لەم ئاگاداریانە بە ئاگابن و پشتی گەریلاکانی کوردستان بگرن، چونکە بە سەدان گەریلای شارەکانی هەرێمی کوردستان ئێستا لەو شەڕدان، بۆیە تکا دەکەین لە سۆشیال میدیا و لەسەر کۆڵان و شەقامەکان و لە هەر شوێنێک خاوەن هەڵوێست بن و لە چالاکیدا بن."
ژ.ت