ئەلیاس خدر زلفۆ خەڵکی ناوچەی تلعزێری شەنگال بوو، بەر لە ٩ ساڵ لە دوای فەرمان ئاوارەی باشووری کوردستان ببوو.
ئەلیاس خدر زلفۆ، کە لە کەمپی مام رەشانی ناوچەی شێخانی دهۆک نیشتەجێ ببوو، بەر لە چەند رۆژ لە گەڵ شەش منداڵەکەی بەمەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا ملی رێی کۆچبەرییان گرتبووەبەر.
زانایری بە بنەماڵەکەی لە شەنگال گەیشتووە کە ئەلیاس خدر لە دارستانێکی نێوان تورکیا و یۆنان گیانی لەدەستداوە و شەش منداڵەکەشی لەوێ بێ سەرپەرشت ماونەتەوە.
بنەماڵەی ئەلیاس خدر زۆلفۆ داوایان لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد کە تەرمی کوڕەکەیان بگەڕێننەوە و چارەسەرێکیش بۆ دۆخی منداڵەکانی بدۆزنەوە.
شایەنی بیرهێنانەوەیە، تائێستا بە دەیان گەنجی شەنگال کە ملی رێگەی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵاتیان گرتووەتەبەر، لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا، یۆنان و بولگاریا بێ سەروشوێنبوون و چارەنووسیان نادیارە.
یەک لەوانەش خێری نایف ملکۆیە کە لە ٦ی ئابی ٢٠٢٣ەوە بێسەروشوێنە و تائێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە.
هـ . ب