گۆرانیبێژ خەلیل مەحمود بووەتە سەرچاوەی ورە بۆ بەرخودانی مەخمور
گۆرانیبێژ خەلیل مەحمود بە گۆرانی و دەنگە خۆشەکەی لە چادری بەرخۆدانی مەخموردا بووە بە سەرچاوەی هێز و ورەی گەل، کە لە دژی گەمارۆدانی کامپەکەیان، تەلبەندکردن و خەندەق لێدان لە بەرخوداندان.
گۆرانیبێژ خەلیل مەحمود بە گۆرانی و دەنگە خۆشەکەی لە چادری بەرخۆدانی مەخموردا بووە بە سەرچاوەی هێز و ورەی گەل، کە لە دژی گەمارۆدانی کامپەکەیان، تەلبەندکردن و خەندەق لێدان لە بەرخوداندان.
سوپای عێراق لە ۲۰ی ئایارەوە هەوڵدەدات کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخمور) بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و سەربازی گەمارۆ بدات. ئەوە ماوەی ۱۱ ڕۆژە خەڵکی مەخمور لە تەمەنی ۷ بۆ ۷۰ ساڵییەوە چادریان هەڵداوە و بەرخودان دەکەن.
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سوپا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بیرەکانی ئاوی مەخمور دەدا و بەوەش گوشار دەخاتە سەر خەڵکی مەخمور و لە بەرامبەر ئەوەشدا بەبێ وەستان بەرخۆدان دەکرێت.
لە بەرخۆداندا زۆر هەڵوێستی نموونەیی و شایستە دەبینرێت، یەکێک لەوانە گۆرانیبێژ خەلیل مەحمودە، کە بە دەنگە خۆشەکەی هێز و ورە هەم بە چالاکوان و هەم بە گەل دەبەخشێت.
گۆرانیبێژ خەلیل مەحمود خەڵکی گوندی هیلال لە ناوچەی قلەبانی شرنەخ، لە ساڵانی ١٩٩٩٠دەکانەوە بەهۆی زوڵم و زۆرداریی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە لە مەخمور دەژی.
گۆرانیبێژ مەحمود بەشداریی لە هەموو بۆنە و ئاهەنگ و چالاکییەکاندا کردووە و ئەندامی گروپی گۆرانیبێژانی مەخمورە، ئێستاش بووەتە یەکێک لە سەرچاوەکانی ورە بە پاسەوانان و ئێشکگرانی بەرخۆدانی مەخمور لە دژی سوپای عێراق، کە ئەو سوپایە دەیەوێت کامپەکەیان گەمارۆ و تەلبەند بکات.
'زوڵم و ستەممان لێدەکەن'
مەحمود دەڵێت، هیچ ڕێگایەکی دیکەیان جگە لە بەرخۆدان نییە. لە دەرەوەی کامپەکەمان شوێنێکی دیکەی پارێزراو و ئارام بۆ خۆمان نابینین و وتی: "زۆربەی دانیشتوانی کامپەکە، ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەنن، بەڵام ئەوان زوڵم و ستەممان لێدەکەن".
'ژنان، منداڵان و پیرەکانیش ئەمە قبوڵ ناکەن'
گۆرانیبێژ خەلیل مەحمود ئاماژەی بە گەمارۆ و ئابڵوقەکان کرد و وتی: "ئەوە نزیکەی ٣-٤ ساڵە گەمارۆ دراوین، ئێستا دەیانەوێت بەم گوشار و هەوڵی گەمارۆدانە نوێیە بارودۆخەکەمان خراپتر بکەن. ئێمە کاتێک لەوبارەیەوە پرسیار لە منداڵان دەکەین، دەڵێن، 'ئێمە قبوڵی ناکەین'، کاتێک لە ژنان دەپرسین ئەوانیش دەڵێن، 'ئێمە قبوڵی ناکەین'. کاتێک لە پیاوان و بەتەمەنەکانیش دەپرسین ئەوانیش هەر دەڵێن، 'ئێمە قبوڵی ناکەین'. هەمووان دەڵێن، ئەمە قبوڵ ناکەن. ئێمە هیچ زوڵمیکمان لە کەس نەکردەوە، ئێمە ماڵ و موڵکی کەسمان نەبردووە و لە جێی هیچ کەسێک دا نیشتەجێ نەبووین. دەوڵەتی عێراق وتی، 'لێرە بژین'، نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمەی هێنایە ئێرە و لێرە نیشتەجێی کردین. کەس مافی ئەوەی نییە ئەو زوڵم و ستەم و گوشارە لە دژی ئیمە ئەنجام بدات. ئەوان زوڵم و ستەمی زۆر لە ئێمە دەکەن. ئێمە داوا لە ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا دەکەین، کە ئاوڕمان لێ بدەنەوە. کۆتایی بەو زوڵم و ستەمە بهێنن."
گۆرانیبێژ خەلیل مەحمود لە یەکەم ڕۆژی چالاکییەکەوە تاوەکو ئێستا بەشداریی لە چالاکیی چادری بەرخۆدانی مەخمور دا کردووە و هاوکات بە گۆرانییەکانی بووەتە سەرچاوەی ورە بۆ خەڵکی مەخمور و وتی: "ئەم گەلە ئەوەندە سەختی و چەرمەسەریی بەسەر هاتووە، کاتێک ئێمە گۆرانی دەڵێین، ورەیان ئەوەندە بەهێز و بەرز دەبیتەوە، کە وەک ئەوەیە وەحییان بۆ هاتبێت، کە بەهەشتیان بۆ دروست دەکرێت. چەند گوشار و کێشەیان لەسەر هەبێت، بەڵام هەر بەمشێوەیە ورە و هێز دەگرن".
'هەموو کەسێک بۆ چارەسەر ئامادەیە'
مەحمود ئەوەشی وت، ئێمە لەم بەرخۆدانە ڕازیین و لەو بڕوایەداین، کە هەموو کەسێک ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ئەم گرفتە.
گۆرانیبێژ خەلیل مەحمود لە بەردەوامیی وتەکانیدا داوای لە هونەرمەندانی کورد و هەموو کەسێک کرد، بە زمانی خۆیان گۆرانی بڵێن و خەبات بکەن و وتیشی: "هەموو هونەرمەندان و کەسایەتییەکان بە یەک دەنگ و یەکگرتوانە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و بڵێن، 'ئەوەی بەرامبەر بە کامپی مەخمور دەکرێت، قبوڵی ناکەین'. ئەم کامپە بەری ڕەنجی سەرۆک ئاپۆیە. بە خوێنی شەهیدەکان بنیات نراوە. دەبێت هەموو کەسێک داکۆکیی لێ بکات و بیپارێزێت.
لە کۆتاییدا گۆرانیبێژ خەلیل مەحمود شیعری "هە لێدە لێدە شەڕڤانێ من، عەگیدێ من لێدە'ی بۆ خەڵک و ئامادەبوان وت.
ژ.ت