ئەو گروپە کۆنترایە لە گوندەکانی هێشێت، بەستێ، کۆریچ، هێچکانیس، سەرخانیس و نورەشینی سەر بە ناوچەی بەرواری لە پارێزگای سێرت کاری کۆنتراگەریلایی دەکەن. ئەوە لە کاتێکدایە لەم ناوچەیەدا سەربازگەى جەندرمە لە گوندی هێشێت دایە و جەردەوانەکانیش لەو ناوچەیە کاری کۆنتراگەریلا (دژە گەریلایی) دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، ٢٢ جەردەوان لە ساڵی ٢٠١٨ەوە جلی گەریلا لەبەر دەکەن و بە کۆمەڵ بە گوندەکاندا دەسوڕێنەوە. شۆفێرانی دۆڵمیش (پاسی بچووک) بە ناوەکانی ش.ئا و م.ئا ئەو جەردەوانانە دەبنە ناوچەکە و جەردەوانەکانیش لە گوندەکان داوای "هاوکاری" لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن. لە ٣ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کاری ئەو گروپە جەردەوانە کۆنترا گەریلایەوە ٤٠ هاووڵاتیی گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەستگیرکراون. ئەو جاش جەردەوانانە هاووڵاتییان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن دا" دەستگیر دەکەن.
گوندنشینێکی ناوچەکە ڕایگەیاند، لەم دواییانەدا جەردەوانان بە کوردی قسەیان دەکرد و دوایینجاریش لە ٧ی ئاب دا چوونە گوندی هێشێت و بۆ ١٥ی تەباخ داوای "هاوکارییان" کردووە. بۆ ئەوەی "هاوکاری بکرێن"، پێشنیازی پێدانی پارەیان بە گوندنیشەکان کردووە.
گوندنشینێک لە دوای ئەوەی دەستگیرکرا و دواتر ئازادکرا ڕایگەیاند، ئەمجۆرە لە کاری ئەو گروپە کۆنتراگەریلایە لەساڵی ٢٠٢٢دا زیادیان کردووەوە. وتیشی، "ئێمە لەم دۆخە نیگەرانین. چونکە ئەمە ناوچەیەکی وڵاتپارێز و نیشتمان پەروەرە، ئەوانیش خەریکی ئەو تەڵەکەبازییانەن و داوای سیخوڕی لە هاووڵاتیان دەکەن، ئەوەش هەڕەشەیە لەسەر هەموو گوندنشینان".
ژ.ت