گەریلا هەوراز: دەبێت گەنجانی هەورامان لە دژی داگیرکەری راپەڕن

گەریلای هەورامی هەوراز هەورامان، کە لە سەرەتای هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بەشدارە لە بەرخودانی جەنگی خابووردا وتی، "گەنجانی هەورامان بۆ رێگریکردن لە داگیرکەریی دەوڵەتى تورک دەبێت بەشداری ریزەکانی بەرخودان ببن".

گەریلا هەوراز هەورامان لە هەورامان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداری ریزەکانی گەریلا بووە و ئێستا بەشدارە لە بەرخودانی جەنگی خابووردا و داوای لە گەنجانی کورد کرد، کە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بەشداری بەرخودان ببن.

هەوراز هەورامان لە وتەکانیدا بە تایبەتی سەرنجی خستەسەر رۆڵی گەنجان لە ناوچەى هەورامان و وتی، "من گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستانم و بەشداری ریزەکانی بەرخودانی جەنگی خابوور بووم. وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورک لە دژی ناوچەى مەتینا دەستی بە هێرشێکی بەرفراوان کردووە. لەبەر ئەوەش ئێمە روومان لە ناوچەکانی بەرخودان و بەرەنگاری کرد. تاوەکو دەوڵەتی تورک لەسەر ئەم خاکە دەربکەین و گەلەکەمان سەربخەین بەردەوام دەبین لە تێکۆشانەکەمان".

گەریلا هەوراز هەورامان ئەوەشی وت، "دەبێت گەلەکەشمان بە هەڵوێستی وڵاتپارێزی لە دژی داگیرکەری راپەڕێت. دەبێت خاوەنداری و پشتیوانی لە بەرخودانی رۆڵەکانی خۆیان لەم چیایانەدا بکەن. دەبێت لە پێش هەموانیشەوە گەنجانی هەورامان و گەلە وڵاتپارێزەکەمان بەشداری بەرخودان ببن و لە دژی داگیرکەریی تورک ناڕەزایەتی نیشان بدەن. دەبێت ئێمە رێگا نەدەین دەوڵەتى تورک باشووری کوردستان داگیر بکات. دەبێت هەموو گەنجێکی کورد لەگەڵ گەریلا و شانبەشانی گەریلا شەڕ بکات و ئەرکی نەتەوەیی خۆی بەجێبهێنێت".

ژ.ت