بەڵگەیەکی زۆر هەیە، کە دەیسەلمێنێت دەوڵەتی تورک لە هێرشە داگیرکارییەکانیدا بە چڕی قورسایی خستووەتە سەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان.
بەپێی ئاماری ٣ مانگی ڕابردوو، کە هەپەگەوە لە ١٥ی تەمووزدا بڵاویکردەوە، سوپای تورک لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ەوە تا ١٤ی تەمووزی ٢٠٢٢ بەلانیکەمەوە ١١٩٨ (هەزار سەد و نەوەد و هەشت) جار چەکی کیمیایی، بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و بۆمبی تێرمۆباریکی بەکارهێناوە.
دوای ڕۆژێک لەڕاگەیاندنی ئەو ئامارە، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ١٥ی تەمووزدا ٧ هێرش بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی ئەنجامدراون.
کامێراکانی گەریلا لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکی داگیرکەرەوە، بەڵگەیەکی تریان تۆمار کرد و ئەوەندەی تر تاوانی جەنگی دووەم گەورە سوپای ناتۆیان ئاشکرا کرد.
گەریلاکان لە سەنگەرەکانی شەڕ لە شاخی شەهید پیردۆغان لە ناوچەی بەرخودانی ئامێدی ڤیدیۆی کەپسولێکی چەکی کیمیاییان تۆمار کرد و ڕایانگەیاند، "ئەو ڤیدیۆیەیان لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٢دا تۆمار کردووە".
هەر ئەو گەریلایە دەڵێت، "ئەو کەپسولە، کە دەبینرێت، لە ١٠ی تەموزدا و کاتێک دوژمن لە شاخی شەهید پیردۆغان سەنگەرەکانی شەڕی بۆردومان دەکرد و دەیخواست پێشڕەوی بکات و کاتێک ماددەی کیمیایی لەو هێرشەیەدا بەکارهێنا، کەوتە ژوورەوە. ئەو کەپسولە هیچ نووسراوێکی لەسەر نییە و تۆزێکی زۆر لە ناو قوتوەکەدا هاتووەتە دەرەوە".
نووسراوەکانی سەر ئەو کەپسولە، کە کەوتووەتە ناو تونێلەکانی جەنگەوە، بەهۆی ئاگر و سوتانەوە نەماون. ئەو گەریلایە، کە بۆ کامێراکە دەدوێت دەڵێت، ماددەکانی ناو کەپسولەکە کاتێک دەسوتێت وەک خۆڵی خەڵوز (خۆڵەمێشی) لێدێت.
ئەو گەریلایە دەشڵێت: "ڕۆژی ١٠ی تەمووز لە کاتژمێر ٠٥:٣٠ بۆ ٠٧:٠٠ تونێلەکانی شەڕی سەر شاخی شەهید پیردۆغان ٣ جار بە تەقەمەنی بۆردومانکران، ٤ جار چەکی کیمیایی لە دژی سەنگەرەکان بەکارهێنران. ئەوەش کەپسولی یەکێک لە چەکە کیمیاییە بەکارهاتووەکانە لە دژی سەنگەرەکانی گەریلا".
دوێنی ١٦ی تەمووز ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڤیدیۆیەکی لەسەر ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سەربازانی سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە لە ناوچەى وەرخەلی زاپ بڵاوکردەوە.
ئەو ڤیدیۆییە، کە لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە تۆمار کرابوو، ئەوەی تیادا دەبینرێت، کە سەربازانی سوپای داگیرکەر لە تونێلەکانی جەنگ لە وەرخەلی زاپ خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی تونێلەکانی جەنگ.
ژ.ت