هاوڵاوتیەک کورد لەسێدارەدرا و بەندکراوێکیش هەمان سزای بەسەردا سەپێندرا
دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر ھاوڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان جێبەجێ کرد، ھاوکات ھەمان سزای بەسەر ھاوڵاتییەکی کوردی یارساندا سەپاند.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر ھاوڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان جێبەجێ کرد، ھاوکات ھەمان سزای بەسەر ھاوڵاتییەکی کوردی یارساندا سەپاند.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی تشرینی یەکەم، ھاوڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ناوی "حسێن محەمەدی" تەمەن ٥٢ ساڵ، دوای ١٥ ساڵ زیندانیکردن، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرا.
ئەو ھاوڵاتییە کوردە کە خەڵکی گوندی "تیکان تەپە"ی بۆکانە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە، ناوبراو پێشتر لە شاری ڕەشت کە دەکەوێتە باکووری ئێران دەستبەسەر و لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئەو شارە بە تۆمەتی تێوەگلان لە بازرگانی ماددەی هۆشبەرسزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر حسێن محەمەدی لە کاتێکدایە، پێشتر دوو برای بە ناوەکانی "حەسەن و ئیسماعیل محەمەدی" بە تۆمەتی سیاسی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەسێدارە درابوون.
لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی ھەواڵێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ھاوڵاتییەکی کوردی یارسان بەناوی "ڕەزا ڕەسایی" بە تۆمەتی بەشداری کردن لە کوشتنی "نادر بەیرامی"، سەرۆکی ھەواڵگری سوپای پاسداران لە شاری سەحنەی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری سەر بە دەوڵەتی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
سەپاندی سزای لەسێدارەدان بەسەر ڕەزا ڕەسایی لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە میانی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگادا چەندین جار جەختیکردبووەوە، لە کاتی دەستبەسەری لە ناوەندە ئەمنییەکانی شاری سەحنە بە "ھۆی ئەشکەنجە و ھەڕەشەی دەستدرێژییە کردنە سەری" ناچار بووە دان بە تاوەانێکدا بنێت کە ئەنجامی نەداوە.