دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بە بۆنەی ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کە سیاسەتی خۆی لە سوریا لە پێناو لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد داڕشتووە و نەیهێشتووە ستاتۆی سیاسی بەدەستبهێنن، بە هاوکاری گروپەچەتە جیاجیاکان ٥ ساڵە عەفرینی داگیرکردووە".
لە راگەیەندراوەکەدا بەم جۆرە هاتووە:
"لە عەفرین تاوانی قورس لە دژی مرۆڤایەتی بێ پسانەوە بەردەوامن. سەرباری پشتڕاستکردنەوە و هۆشدارییەکانی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکانیش، دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە بری ئەوەی داگیرکەری لە عفرین کۆتایی پێبهێنێت یاخود لە دژی تاوانەکانی لەناوبردن رێوشوێن بگرێتەبەر لە دوایین نمونەدا دەرگاکانی عەفرینی بۆ رێکخراویبەرەی تەحریری شام خستە سەرپشت کە درێژکراوەی بەرەی نوسرەیە و بەم جۆرە ئاستێکی نوێی داگیرکەری زیاد کرد. بە گوێرەی راپۆرتێک کە لەلایەن روانگەی مافەکانی مرۆڤی سوریاوە ئامادەکراوە، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە عەفرین ژن و منداڵیش لە نێویاندا ١٥١ مەدەنی کوژراون و بەسەدانیش برینداربوون. لەهەمان راپۆرتدا راگەیەندراوە کە رێکخراوە تاوانکارەکان لە تورکیا پشتیوانیان دەکات لە عەفرین ٦٧٧ کەسی مەدەنیان رفاندووە یاخود زیندانی کردووە، کە ٤ منداڵ و ٢١ ژنیان لەناودابووە.
عەفرین کە تا ساڵی ٢٠١٨ پارێزراوترین و ئارامترین ناوچەی سوریا بوو، لە دوای داگیرکردنیەوە بۆ مەدەنییەکان بووەتە یەک لە مەترسیدارترین ناوچەکان. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە عەفرین گۆڕانکاری دیموگرافیک و ئەتنیکیشی ئەنجامداوە، بەسەدان هەزار کوردی لە ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵکەندووە و ناچاری کردوون لە کەمپەکاندا بژین؛ ئەو ناوچەیەی کردووەتە هێلانەی ئەو رێکخراوانەی کە لە هەموو جۆرە تاوانێکدا بەشدارن. ئەو رێکخراوانەی لە لایەن تورکیاوە بەخێودەکرێن، ئامانجیانە کە تەواوی ماڵ و موڵکی خەڵک و زەیتونەکانیان دەستبەسەردا بگرن و تاڵانی بکەن. لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی تواندنەوەی کولتوریدا هەموو ئاسەوارەکانی کولتور و زمانی کوردی و ناوی شوێنەکان لابراون. ئەو رێکخراوە دیموکراتیک و پەروەردەییانەی دوای رژێمی ئەسەد لەلایەن گەلەوە دامەزرابوون لە ناوبراون.
'بێدەنگی پەڵەیەکی شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی'
بێدەنگی گشتی جیهان و رای گشتی لە تورکیا لە بەرامبەر داگیرکەری، گۆڕینی دیموگرافی، تواندنەوەی کولتوری و تاڵانکاری کە لە دژی یاسای نێونەتەوەیی و هەموو بەها مرۆڤایەتیەکانە، پەڵەیەکی شەرمەزاری مرۆڤایەتیە. دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بە داگیرکردنی عەفرین و ناوچەکانی دیکە بهێنرێت، رێگەر بدرێت کە دانیشتوانی ناوچەکە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبووی ئەو زیانانە بکرێنەوە کە بەریان کەوتووە.
وەک هەدەپە لە پێناو کۆتاییهێنان بە هەموو داگیرکەرییەکان، بەتایبەتی لە عەفرین، چارەسەری پرسی کورد کە کاراکتەرێکی هەرێمی بەدەستهێناوە، بۆ ئاشتەواییەکی دادپەروەرانە و بۆ ئەوەی بە چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی بتوانن هەموو گەل بە شێوەیەکی ئازاد و یەکسان لە سوریا بژین، تێکۆشانی ئێمە بەردەوام دەبێت".
هـ . ب