هەدەپە لە چەلێ بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە

لە جۆلەمێرگ و ناوچەکانی، هەدەپە کاروبارەکانی بۆ هەڵبژاردن بەردەوامە. فەخرەدین دەروێش ئۆغڵو هاوسەرۆکی ناوچەی چەلێی هەدەپە ڕایگەیاند، ئامادەن بۆ هەڵبژاردن و دەسەڵات لە چەلێ دەکەنە حیزبی سەر کاغەز.

پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) دەستی بە کارەکانی بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی ٢٠١٣ کرد. لە جۆلەمێرگ و ناوچەکانی، کە هەدەپە لە هەر هەڵبژاردنێکدا دەبێتە یەکەم پارت، بۆ هەڵبژاردنی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ش خۆی بە خاوەن قسە و هێز دەزانێت. لەو چوارچێوەیەشدا هەدەپە لە جۆلەمێرگ و ناوچەکانی دەستی بە کاروبارەکانی هەڵبژاردن کردووە.

فەخرەدین دەروێش ئۆغڵو هاوسەرۆکی ناوچەی چەلێی هەدەپە ڕایگەیاند، دوو مانگ پێش ئێستا دەستیان بە کاروبارەکانیان بۆ  هەڵبژاردن کردووە.

دەروێش ئۆغڵو وتی، پێنج کۆمسیۆنیان لە بەڕێوبەرایەتی و ئەندامەکانیان پێکهێناوە و بە شێوەیەکی دەوری سەردانی گەڕەکەکان دەکەن. دەروێش ئۆغڵو وتیشی: "کۆمسیۆنەکانی گوندەکان بەردەوامن لە کارەکانیان و هەروەها بەڕێوبەرایەتییەکەمان سەردانی گوندەکان دەکات".

کارەکان بەردەوامن

دەروێش ئۆغڵو ڕاشیگەیاند، کاروبارەکان بۆ هەڵبژاردن بە خێرایی بەردەوامن و ئەوەشی وت: "جارێکی تر کۆمسیۆنەکانی هەڵبژاردنمان نوێ کردەوە. کەمێکمان ماوە بۆ ئەوەی بە تەواوی بەرپرسانی قوتابخانەکان و بەرپرسانی سەر سندوقەکانیش دیاری بکەین. لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بەرپرسانی خوێندنگاکان کۆبووینەوە. هەڤاڵان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە ڕاهێنانیان  پێکرابوو و لایەنە لاوازەکانمان دەستنیشان کران. کاری ژنانیشمان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ئەنجام دەدرێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە کۆبوونەوە و پانێڵەکانمان لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان. لەناوەندی قەزاکە بۆ هەڤاڵانی ژن و بەڕێوەبەرانمان خولی پەروەردە و ڕاهێنان کرایەوە. بۆ  هەڤاڵانی ژن لەناو حیزبدا، پەروەردە و ڕاهێنان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ و ناوی حیزب بەڕێوەچوو. هەڤاڵانی ژن  سەردانی گەڕەکەکانیان کرد و بەردەوامیشن لە کاروبارەکانیان".

ئێمە دەسەڵات تێکدەشکێنین

دەروێش ئۆغڵو ڕایگەیاند، خەڵکی چەلێ وەک هەموو هەڵبژاردنێک پەرۆشی و خرۆشانی خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنەش زیاد دەکەن و بە وریاییەوە چاوەڕێی کاتی هەڵبژاردن دەکەن و وتی، "دەنگدەرانی چەلێ زیاتر لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکان بەشداری لەم هەڵبژاردنە  گشتییەدا دەکەن. کاتێک مرۆڤ سەرنج دەخاتە سەر هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەوا دەبینێت، کە ڕێژەی ئەو دەنگەکانی ئێمە بەرز و زۆرن. پێشتر لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا لەسەدا ٥٥ بوو، بەڵام لەهەڵبژاردنە گشتییەکاندا بوو بە لەسەدا ٩٠ . ئێمە ئەو هێزەمان هەیە، کە لەم هەڵبژاردنەدا هەمان سەرکەوتن نیشان بدەینەوە، ئێمە ئەوان تێکدەشکێنین".

خەڵکی چەلێ لەگەڵ هەدەپەدان

دەروێش ئۆغڵو ڕایگەیاند، خەڵکی چەلێ و تەواوی خەڵکی جۆلەمێرگ بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ هەدەپەدان و لە کۆتای دا وتی: "ئێمە دەزانین گەلەکەمان لەگەڵماندایە. سەرەڕای ئاستەنگی و قەدەغەی فاشیستی، گەلەکەمان لەگەڵ ئێمەدایە و هەرگیز گومان لەوە نییە. سەرەڕای هەموو ئەو شتانەش ئێمە هەر لەسەر پێی خۆمانین، ئێمە هەرگیز هەنگاومان بۆ دواوەوەنەا. وەک هەمیشە، گەلەکەمان لەم کاتەشدا پشتگیریمان دەکەن. ئێمە بۆ داهاتووی تورکیا، بۆ باشترکردنی بارودۆخی سیاسی و ئابووری تورکیا، بۆ ئەوەی لە تورکیا دێموکراسی بچەسپێت، هیوادارین. لەوەشدا گەورەترین پشک بەر هەدەپە دەکەوێت، چونکە ئەو لایەنەی زۆرترین زوڵمی بەرامبەرکراوە ئێمەین. بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی لە تورکیا ئێمە مۆدێل و ڤێرژنێکی ڕەخنەگرانەی یەکلاکەرەوەین و ئەو حیزبەش، کە شتەکان یەکلایی دەکاتەوە هەدەپەیە. ئێمە وەک هەموو هەڵبژاردنەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنەش زۆر ئامادەین و بەهێزین. لە هەڵبژاردندا دەنگمان زیاد دەکەین".

ژ.ت