هه‌په‌گه‌: ئه‌رمینیا هه‌ڤاڵانمان له‌هه‌نگ و عه‌لیشێری راده‌ستی توركیا كردوه‌

هه‌په‌گه‌ رایگه‌یاند، كه‌ هاوڕێیانیان له‌هه‌نگ و عه‌لیشێر له‌لایه‌ن ئه‌رمینیاوه‌ راده‌ستی توركیا كراونه‌ته‌وه‌ و سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر ئه‌وه‌ی میتی تورك بۆ ئه‌وه‌ی قورسایی به‌ده‌ستبهێنێت ده‌یه‌وێت ئه‌و رووداوه‌ وه‌ك سه‌ركه‌وتنی خۆی نیشان بدات.

راگه‌یه‌نراوی ناوه‌ندی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هه‌په‌گه‌ به‌م جۆره‌یه‌:

"له‌ ئابی ٢٠٢١دا هه‌ڤاڵانمان له‌هه‌نگ و عه‌لیشێر له‌ نزیك سنوری ئه‌رمینیا له‌ سه‌ر ئه‌ركی خۆیان بوون تووشی سه‌ربازانی ئه‌رمینیا بوون. بۆ ئه‌وه‌ی دۆخێكی نه‌رێنی نه‌یاته‌ ئاراوه‌ هه‌ڤاڵانمان به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان كرد، به‌ڵام دواتر هه‌ڤاڵانمان ده‌ستگیر و زیندانی كران. له‌باره‌ی هه‌ڤاڵانمانه‌وه‌ دۆسیه‌ كرایه‌وه‌ و هه‌ڤاڵانمان له‌ رووی یاساییه‌وه‌ تێكۆشان كرا و له‌ ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٢ دا دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ئه‌رمینیا له‌ باره‌ی ئه‌وانه‌وه‌ بڕیاری ئازادكردنی دا. هه‌ڤاڵانمان له‌ بری ئه‌وه‌ی ده‌بوایه‌ به‌پێی یاسا نێونه‌ته‌وه‌یی و یاساكانی ئه‌رمینیا ئازاد بكرانایه‌، له‌لایه‌ن هه‌واڵگری ئه‌رمینیاوه‌ رفێنران.

له‌ ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كان به‌ڵێن درا كه‌ هه‌ڤاڵانمان ئازاد بكرێن، به‌ڵام مانگێك پێش ئێستا هه‌ڤاڵانمان له‌هه‌نگ و عه‌لیشێر له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌رمینیاوه‌ راده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورك كران.

ده‌وڵه‌تی ئه‌رمینیا به‌و رووداوه‌ هه‌م یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و هه‌میش یاساكانی خۆی پێشێل كرد. ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستانمان كه‌ له‌ پێناو پاراستنی هه‌بوونی گه‌له‌كه‌یان و ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی تێكۆشاون، ئێش و ئازاری هه‌موو گه‌لانی ژێرده‌سته‌یان له‌ دڵیاندا هه‌ست پێكردووه‌. ئه‌رمینیا ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی ئێمه‌ی راده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر كردووه‌ و ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌رمینا شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره‌یه‌. به‌م جۆره‌ هه‌ر دوو هه‌ڤاڵمان كه‌وتنه‌ ده‌ست ده‌وڵه‌تی تورك. به‌ڵام میدیای شه‌ڕی تایبه‌تی ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌و رووداوه‌ی وه‌ك ئۆپراسیۆنی سه‌ركه‌وتووی میت نیشان دا.

له‌ راگه‌یه‌نراوی ١٤ی ئه‌یلولی ٢٠٢٢ دا ئێمه‌ رامانگه‌یاندبوو، كه‌ دوو كه‌س به‌ ناوه‌كانی خه‌تیب و ئاریا دوای ئه‌وه‌ی خیانه‌تیان له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان كرد، كه‌وتنه‌ ده‌ست ده‌وڵه‌تی عێراق و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ راده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورك كران. میتی تورك بۆ ئه‌وه‌ی قورسایی به‌ده‌ستبهێنێت، تواناكانی ده‌وڵه‌ت پێشكه‌ش به‌ هێزه‌ جیاجیاكان ده‌كات و له‌ به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌مان ده‌یه‌وێت هه‌ندێك ئه‌نجام به‌ده‌ستبهێنێت و ئه‌وه‌ش وه‌ك سه‌ركه‌وتنی خۆی نیشان بدات. زۆر ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌و چیڕۆكه‌ سه‌ركه‌وتنانه‌ كه‌ به‌ سیناریۆی ساخته‌ له‌سه‌ر مێز ئاماده‌ ده‌كرێن، راست نین. ده‌بێت گه‌لی كوردستان و توركیا به‌و درۆیانه‌ی میت بزانن".

هـ . ب