هەپەگە: دەوڵەتى تورک بە ئەنقەست شوێن و واری هاووڵاتییانی مەدەنی بۆردومان دەکات

هەپەگە رایگەیاند، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گورزی قورسی لە بەرخودانی گەریلا بەردەکەوێت و بە ئەنقەست شوێن و واری هاووڵاتییانی مەدەنی بۆردومان دەکات و باخ و رەزی هاووڵاتییان دەسوتێنێت.

هەپەگە رایگەیاند، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گورزی قورسی لە بەرخودانی گەریلا بەردەکەوێت و بە ئەنقەست شوێن و واری هاووڵاتییانی مەدەنی بۆردومان دەکات و باخ و رەزی هاووڵاتییان دەسوتێنێت.

راگەیاندراوی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە):

"هاوڕێمان ئاندۆک ئەردیش لە ٢٣ی ئایار لە گۆڕەپانی دۆڵی ماران لە ناوچەى ئاڤاشین لە شەڕدا بریندار بوو، سەرباری هەموو هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی برینەکەى لە ٢٤ی ئایاردا شەهید بوو.

زانیاری لەبارەی ناسنامەى هاوڕێی شەهیدمان بەمجۆرەیە:

نازناو: ئاندۆک ئەردیش

ناو و پاشناو: زەفەر کاپجی

شوێنی لە دایکبوون: وان

ناوی دایک و باوک: پەرێشان – جەنگیز

کات و شوێنی شەهادەت: ٢٤ی ئایاری ٢٠٢١ /  ئاڤاشین

هاوڕێمان ئاندۆک لە ناوچەى ئەردیشی وان لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و زەحمەتکێش لە دایکبووە. لە ژینگەی وڵاتپارێزی و زەحمەتکێشی و قارەمانانەى سەرحەددا گەورە بوو بوو. بەهۆی سیاسەتی کۆچپێکردن و بێ ماڵ و حاڵکردنی دەوڵەتى تورکی داگیرکەرەوە، لە گەنجێتیدا ناچار بوو کۆچ بۆ گەورە شارەکانی تورکیا بکات. هاوڕێمان ئاندۆک لەو کۆچە ناچارییەدا راستیی پاکتاوکەری و نەژادپەرەستیی دەوڵەتی تورکی فاشیستی زیاتر و باشتر بۆ روون بوویەوە. لە دژی سیاسەتی پاکتاوکردن دەستی بە لێکۆڵینەوە و گەڕان و تێکۆشان کرد. بە بڕوابوون بەوەى، کە پەکەکە تاکە بزووتنەوەى بەرخودان و تێکۆشانە لە دژی سیاسەتی پاکتاوکردن و ناهەقی، لە ساڵی ٢٠١٤دا رووی لە چیا ئازادەکانی کوردستان کرد.

هاوڕێمان ئاندۆک بە دڵسۆزییەکی گەورە لە چیاکانی کوردستاندا دەگەڕا و هەوڵی دەدا هەموو رۆژێک خۆی سەرلەنوێ بئافرێنێتەوە. ئایدۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ و کولتوری دڵسۆزی لەگەل خاک و بەرخودانی و بەرەنگاری و زەحمەتکێشیی گەیاندە یەک و بەو شێوەیە  کەسایەتییەکی جەنگاوەری فیدایی ئاپۆیی خۆڵقاند. لە سەرحەد تاوەکو زاگرۆس رەنجێکی زۆر گەورەی دا و بووە خاوەن پراتیک و کردارێکی زۆر گەورە. بە کەسایەتییە خاکی و زەحمەتکێشەکەی دەناسرا و هەموو کات لە بەرەی پێشەوەى بەرەنگاری و بەرخوداندا بوو.

هاورڕێ ئاندۆک، کە بە ئازایی و قارەمانی لە هەرێمەکانی سەرحەد، ئاڤاشین و خواکورک ناوبانگی هەبوو، لە هەر شوێنێکدا بوایە، شوێنپێ و کاریگەریی خۆی دادەنا. لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار و لە ناوچەى ستونێ و باسا پێشەنگایەتیی بۆ چەندین چالاکی کرد و لەو بەرخودانانەدا داستانی قارەمانانەى ئافراند. هاوڕێ ئاندۆک بە رەنج و هەڵوێستی فیداییانەى لە ناو بەرخوداندا، لە ناو تێکۆشانی ئازادیدا هەموو کات وەک سیمبول و هێمای فیدایەتی و رەنجدان یادی دەکرێتەوە و دەبێتە سەرچاوەی هێز و ورە بۆ هاوڕێیانمان و سەرخستنی رێگاکەى.

لە پێش هەموانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەى هێژای هاوڕێ شەهیدمان، خەڵکی ئەردیش و گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین.

داگیرگەران لە ٣ شوێنی ئاڤاشین دا هەندێک پاشەکشەیان کردووە

داگیرکەران رۆژی ١ی حوزەیران لە ناوچەکانی دۆڵی ماران، تابوری عەرەبەکان و دۆڵی کۆنفرانس لە هەرێمی ئاڤاشین هەندێک پاشەکشەیان لە شوێنەکانیاندا کردوو.

ئاگرکەوتنەوە بەهۆی بۆردومانەکان بەردەوامیی هەیە

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر سەرباری ناڕەزایەتیی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان هێشتا بە ئەنقەست شوێن و واری هاووڵاتییانی مەدەنی، دەورووبەری گوندەکان، باخ و رەزی هاووڵاتییان بۆردومان دەکات. لە هەمان کاتدا بۆمبی ئاگرین، کە دەبنە هۆی کەوتنەوەى ئاگر لەناوچەکەدا و بە تۆپخانە و فڕۆکەى جەنگی ناوچەکە و دەشت و پاوەن و شاخ و دۆڵەکان بۆردومان دەکەن. ئەو ئاگرانەى بەهۆی ئەو بۆردومانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە کەوتوونەتەوە بەردەوامن و لە تەشەنەدان.

زانیاریی بەرفراوان لەبارەی بۆردومانەکانەوە:

لە ٢ی حوزەیران و لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ بۆ ٠٠:٠٠ شاخی زەندورا، کۆردینە، گوندی درار، گوندی سەرارو، گوندی دەشیش و قەڵای قومری لە کانی ماسی و ناوچەی ئامێدی و ناوچەی مەتینا بە کۆپتەری جەنگی هێرشیان کرایە سەر و بۆردومانکران. بەهۆی ئەو بۆردومانەى سوپای تورکی داگیرکەرەوە ئاگر لە ناوچەکە بەربوو و ئاگرەکە تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە.

لە ٢ی حوزەیران و لە کاتژمێر ١٥:٣٠ بۆ ٢١:١٠ شاخی زەندورا لە ناوچەى مەتینا، بە فڕۆکەى جەنگی بۆردومانکرا.

لە ٢ی حوزەیران لە کاتژمێر ١٩:٠٠ لە بنکە سەربازییەکانی سەر سنوورەوە بە تۆپ و هاوەن چەمچۆ لە ناوچەی زاپ بۆردومانکرا.

لە ٢ی حوزەیران لە کاتژمێر ١٩:٣٠ گۆڕەپانی شامکێ لە زاپ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومان کرا.

لە ٣ی حوەزیران لە کاتژمێر ٠٨:٥٠ دا جیلۆی بچووک لە زاپ بە فڕۆکەى جەنگی بۆردومانکرا.

لە ٣ی حوزەیران و لە کاتژمێر ٠٩:٣٠ دا تابوری عەبەرەکان لە ناوچەى ئاڤاشین بە فڕۆکەى جەنگی بۆردومانکرا.

لەو بۆردومانانەدا هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە".

ژ.ت