هەپەگە: لە مەتینا و ئاڤاشین ١١ داگیرکەر سزادران

لە چالاکییەکانی هێزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان دا ١١ سەربازی تورکی داگیرکەر سزادران.

راگەیاندراوی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەبارەی چالاکییەکانەوە:

"لە ١٥ی حوزەیران لە کاتژمیر ٠٥:٣٠ دا و کاتێک داگیرکەران لە شاخی ئازاد لە مەتینا بەرەو ناوچەکانی گوندی سەرسەرۆ دەڕۆیشتن، لە نێوان هێزەکانمان و داگیرکەراندا شەڕێکی قورس روویدا. لەو شەڕانەدا ٣ داگیرکەر سزادران و هاوڕێمان دەمهات کۆبانێ، کە گورزی قورسی لە دوژمن دا و بە قارەمانی شەڕی کرد شەهید بوو. لە دوای ئەو شەڕانە داگیرکەران هەندێک پاشەکشەیان کرد.

ناسنامەى هاوڕێی شەهیدمان

نازناو: دەمهات کۆبانێ

ناو و پاشناو: هەیسەم شێخۆ

شوێنی لە دایکبوون: کۆبانێ

ناوی دایک و باوک: شەمسێ – شێخۆ

کات و شوێنی شەهید بوون: ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ /  مەتینا

هاوڕێمان دەمهات لە شاری بەرخودانی کۆبانێ لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا لە دایکبوو. بنەماڵەى هاوڕێمان دەمهات کاتێک، کە چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر کۆبانێ لە سەنگەرەکانی بەرخوداندا لە دژی داعش وەستانەوە و ئەرکی وڵاتپارێزیی خۆیان بەجێهێنا.

هاوڕێ دەمهات لەبەر ئەوەى بنەماڵەکەى وڵاتپارێز بوون و تێکۆشانی ئازادیی کوردستانی لە نزیکەوە دەناسی، لە ناو خەباتی گەنجاندا چالاک بوو. هاوڕێمان دەمهات لەو قۆناغەدا رەخنەگرانە سەیری دەورووبەری دەکرد و هەوڵی دەدا بۆ کێشەى گەلەکەمان و هەموو مرۆڤایەتی وەڵامی رادیکاڵ وەربگرێت. لەو کاتەی راپەڕایندا بیری رێبەر ئاپۆ ئەندازیاری شۆڕشی رۆژئاوای زیاتر ناسی. هەروەها کاتێک بینیی بیر و رامانەکانی رێبەر ئاپۆ بۆ شۆڕشی رۆژئاوا ژیانی و بنەڕەتین، حەماسەت و خرۆشانێکی گەورەی لە هاوڕێماندا دەمهات دروست دەکرد. کاتێک هێرشکرایە سەر شۆڕشی رۆژئاوا، کە پشتبەستووە بە ژیانی هاوبەشی گەلان و هەروەها ئەو کۆمەڵکوژییەی داعش لە کۆبانێ ئەنجامیدا، لەلایەن هاوڕێمان دەمهاتەوە ئەوە بە روونی دەبینرا، کە دەوڵەتى تورک لە پشت چەتەکانی داعشەوەیە. بۆ ئەوەى تۆڵەی ئەوە لە دوژمنی پاکتاوکار بکاتەوە و بۆ ئەوەى بڕوای بەوەهێنابوو، کە شۆڕشی باکووری کوردستان نەبێت، شۆڕشی رۆژئاواش نامێنێت، بۆیە بە بڕیارێکی شۆڕشگێڕانە بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو.

هاوڕێمان دەمهات لە دوای بەشداربوونی لە ریزەکانی گەریلادا خۆشەویستیی چیا و جوگرافیای کوردستان زۆر چووە دڵییەوە و لە چیا ئازادەکانی کوردستاندا، کە بوو بوو بە ئەوینداریان راستیی خۆیشی زیاتر و زیاتر دەناسی. حەماسەت و جۆش و خرۆشی خۆی لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا نیشان دەدا و بۆ هەموو هەڤاڵەکانی بوو بووە سەرچاوەی ورە و موراڵ. خۆی بەپێی تاکتیکی گەریلای سەردەمی نوێ پەروەردە کرد و بۆ ئەوەى پەروەردەکەى بە مەیدانی بخاتەکار هەوڵی زۆریدا. هەروەها بە پەروەردەی ئایدۆلۆژیک، کە لە رێکخستنەوە بینیی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی زۆری لە خۆیدا دروستکرد و رایگەیاند، 'ئێمە نە وەک پێشتر دەژین و نە وەک پێشتر شەڕ دەکەین' و رێبەرایەتیی بۆ خۆی کردە بنەمای سەرەکی و هەوڵی دەدا بەپێی ئەوە بژی.

هاوڕێمان دەمهات کە لەلایەنی سەربازی و ئایدۆلۆژیکەوە گەریلایەکی زیرەک و لێهاتوو بوو رۆیشت بۆ ناوچەى مەتینا و دوای ئەوەى سوپای تورکی داگیرکەر ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی دەستپێکرد، بۆ ئەوەى ئەو ئۆپراسیۆنە تێکبشکێنرێت و گورزی قورس لە دوژمن بدات بووە خاوەن هەڵوێستێکی نەسرەوتوو و بە بڕیار و پێداگر. هاورێمان، کە لەو نەسرەوتوییەدا سەرکەوتوو بوو و بەشداری ژمارەیەکی زۆر چالاکیی کرد بووە خاوەنی پراتیک و هێزێکی مەیدانیی سەرکەوتوو. لە دژی دوژمنی داگیرکەر و جموجوڵەکەى بۆ ناوچەى گوندی سەرسەرۆ بە ئازاییەکی گەورە و نوێی شێوازی فیداییانەی ئاپۆیی چووە سەر دوژمن و دەستەویەخە شەڕی کرد و چووە ریزی شەهیدە قارەمانەکانی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی جەنگی خابوو.

لە پێش هەمووانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە وڵاتپارێزەکەى هاوڕێ دەمهاتی شەهیدمان و هەموو گەلی کۆبانێ و گەلی کوردستانی وڵاتپارێز دەکەین. ئێمە بەڵێن و پەیمان دووبارە دەکەینەوە، کە رێگا و یاد و ئامانجی شەهیدەکانمان درێژە پێ بدەین و سەری بخەین.

لە مەتینا ٥ داگیرکەر سزادران

لە ١٥ی حوزەیران و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا لە ناوچەی کۆردینە لە مەتینا لە دژی داگیرکەران چالاکییەک ئەنجامدرا. لەو چالاکییەدا ٥ داگیرکەر سزادران و ٢ داگیرکەری تریش بریندار بوون. داگیرکەران درەنگانی ئیوارە بە کۆپتەر مردووەکان و بریندارەکانیان لە ناوچەکە دوورخستەوە.

کۆپتەرەکان نەیانتوانی سەرباز دابەزێنن و لە ناوچەکە کشانەوە

لە ١٥ی حوزەیران و لە کاتژمێر ١١:٣٠ دا داگیرکەران خواستیان بە بۆمبی گازی خۆیان بخەنە ناو تونێلەکانی شەڕ لە شاخی سلێمان  لە ئاڤاشین. هێزەکانمان بەرەنگاری داگیرکەران بوونەوە و ناچاریان کردن هەندێک پاشەکشە بکەن. داگیرکەران خواستیان لە کاتژمیر ١٢:١٠ دا جارێکیتر بڕۆنە ناو تونێلەکانی شەڕ، بەڵام هێزەکانمان دیسانەوە لێیاندانەوە و لەوێ داگیرکەرێک کوژرا. لە هەمان شوێندا لە ١٦ی حوزەیران  و لە کاتژمێر ٠٠:٠٥ دا بە سابوتاژ لە گروپێک لە داگیرکەران درا و ٢ داگیرکەر سزادران.

لە ١٥ی حوزەیران و لە کاتژمێر ٢١:٠٠ بۆ ٢٣:٠٠ کۆپتەرەکانی سوپای تورکی داگیرکەر خواستیان سەربازەکانیان لە ناوچەى شاخی سپیی ئاڤاشین دابەزێنن، بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە بە چەکی قورس لە کۆپتەرەکان درا و کۆپتەرەکان ناچارکران لە ناوچەکە بکشێنەوە.

پەدەکە لە ناوچەکە خەریکی دروستکردنی سەنگەرە

هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە هاتوون بۆ مەتینا سەرقاڵی دروستکردنی سەنگەرن. بەرەو شوێنی هەڤاڵانمان خەریکی دروستکردنی رێگان و سەرباری هەموو بانگەوازەکان و ئاگادار کردنەوەکان بەردەوامن لەو کارانەیان.

سەربازانی تورکی داگیرکەر گوندەکان بۆردومان دەکەن

سەربازانی سوپای تورکی داگیرکەر لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، گوندەکانی باشووری کوردستان بە کۆپتەر و فڕۆکەى جەنگی بۆردومان دەکەن.

لە ١٥ی حوزەیران لە کاتژمیر ٢١:٠٠ بۆ ٠١:٠٠ گوندەکانی سەرسەرۆ، دەشیش و ئورێی سەر بە ناوچەی کانی ماسیی ئامێدی بە کۆپتەر بۆردومانکران.

لە ١٥ی حوزەیران و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ تاوەکو ٠٢:٣٠ شاخەکانی نزمۆ، گرێ سپی و گرێ سۆر لە ئاڤاشین لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومانکران.

لە ١٥ی حوزەیران و لە کاتژمێر ٢١:١٥ بۆ ٠٣:٢٠ دا ناوچەکانی مام رەشۆ، تابوری عەرەبەکان، مەرڤانۆس و شاخی سلێمان لە ئاڤاشین کۆپتەر بەسەریاندا دەسوڕایەوە.

لە ١٦ی حوزەیران و لە کاتژمیر ١٠:٣٠ دا ناوچەکانی گرێ سپی و گرێ سۆر لە ئاڤاشین لەلایەن کۆپتەرە جەنگییەکانەوە بۆردومانکران.

لەو بۆردومانانەدا هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشت".

ژ.ت