هونەرمەند یوسف محەمەد: بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات سزای سیاسی دراین
یوسف محەمەد هونەرمەندی شانۆکاری دیاری شاری کەرکوک دەلێت: " تا کۆتا هەناسەم لەخزمەتی شارەکەم شاری پێکەوەژیانس دەبم بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە ".
یوسف محەمەد هونەرمەندی شانۆکاری دیاری شاری کەرکوک دەلێت: " تا کۆتا هەناسەم لەخزمەتی شارەکەم شاری پێکەوەژیانس دەبم بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە ".
هونەرمەند یوسف محەمەد نامیق کە ناسراوە بە (حاجی کەریم) کەسایتێکیەکی خۆشەویستی گەڕەکی شۆرجەی شاری کەرکوکی باشوری کوردستانە، یوسف محەمەد لەساڵی ١٩٧٢ لەگەڕەکی شۆرجە لەدایکبووە و خێزاندارە باوکی پێنج مناڵە چوار کچ و یەک کوڕ، زەنگنەیە و لەساڵی ١٩٩٩ دەستی کردووە بە یەکەم کاری شانۆیی، لەگەڵ تێپی شانۆی ئاشتی. جگەلەوەش لەبەردەوامی کارەکانی زیاتر لە ١٥٠ کاری هونەری پێشکەش کردووە و هەمیشە بە کارە کۆمیدیاکانی خەندەی کردۆتە سەر لێوی هاووڵاتیانی شارەکەی، ناوبراو بەشداری دەیان کورتە فلێم وشانۆو درامای کردوە جگە لەوانەش بەرنامەی تێڤی پێشکەش کردوە لە کەناڵەکانی شارەکە، ژمارەیەکی فلیمی لەسەر ئاستی جیهانی نمایش کراوە.
حاجی کەریم ئێستا کاروپێشەی جگە لەکاری هونەری، بۆ دابین کردنی بژێویی ژیانی دوو دووکانی بچووکی لەگەڕەکی شۆرجە هەیە کە پێدوایستی و کەلوپەلی بچووکی ئۆتومبیل دەفرۆشیت.
ناوبراو پێشوو تر دامەزراوە لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێم بەڵام وەکو خۆی دەلێت "بەهۆی ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات و گەندەڵی فەرمانی دوورخستنەوەم بۆ دەرکرا".
لەڕێگەی هونەرەکەمەوە کۆمەڵگا هۆشیار دەکەمەوە
یوسف محەمەد لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە ژیانی خۆی کرد وەکو نموونەی ژیانی هونەرمەندانی شاری کەرکوک و سەرەتا خۆی ناسناند و ووتی: "بەهۆی بارودۆخی سیاسی تەنها یەک ساڵ توانیم لە هونەرەجوانەکان بخوێنم، ماوەی ٢٤ساڵە لەبواری هونەری شانۆکاری، فیلمسازی و دراما کارم کردووە، لە تەواوی بوارەکانی نمایش کارم کردووە بەڵام زۆربەی کارەکانم کۆمیدیان، زیاتر لە ١٥٠ کاری هونەریم پێشکەش کردووە چوار لەو فیلمانەی کە بەشداربوومە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نمایش کراوە، هەروەها کورتە فیلمم بەرهەم هێناوە لەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان و توندوتیژی دژی ژنان و چەندین بابەتی دیکە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا".
هونەر گەیاندنی پەیام و ڕەخنەی هاووڵاتیە بۆ دەسەڵات
سەبارەی بەگرنگی هونەر لەسەر کۆمەڵگا حاجی کەریم وووتی: " هونەر کاریگەری زۆر هەیە لەسەر کۆمەڵگا، لە وڵاتانی ئەوروپا و ووڵاتانی دیکەی پێشکەوتوو لەڕێگەی تەواوی جۆرەکانی هونەری شانۆ، شیوەکاری و موسیقا و تەواوی هونەرەکانی دیکە توانیان ووڵاتەکەیان پێش بخەن و بیگوازنەوە جیهانێکی رۆشنبیرەوە، هونەر گەیاندنی پەیامی هاووڵاتیە بۆ دەسەڵات کە خراپی دۆخ هاووڵاتیان و ڕەخنەکانیان دەگەینێتە دەسەڵات".
بەهۆی ڕەخنە گرتن لەدەسەڵات سزای سیاسی دراین
هەروەها ئەو هونەرمەندە دیارەی شاری کەرکوک، باسی لەئامانجی خۆی لە کارەکانی کرد و ڕایگەیاند: "کارە هونەرییەکانم لەچوارچیوەی خزمەتکردنی شارەکەمە کە شاری کەرکوک شاری پێکەوەژیان و شاری تەواوی پێکهاتە و بیروباوەرە جیاوازەکانە و هیچ جیاوازییەک نیە لەنێوان پێکهاتەکان، ئێمە لەم شارە تەنها کەرکوک چییەتی ئەکەین، کارەکانم هەمیشە لەخزمەتی خەڵکی داماو ستەم لێکراو بووە و دژی دەسەڵات، گەندەڵی و ستەمکاران کارم کردووە، پێشتر دامەزرابووم لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵام بەهۆی ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات و حەق بێژی، خۆم و هاوڕێ و هاوپیشەم هونەرمەند (زانیار جومعە) سزای سیاسی دراین لە کارەکانمان دوورخراینەوە و مووچەکانمانیان بڕی، بەڵام ئێمە لە ڕەخنە گرتن لەدەسەڵات کۆڵمان نەدا".
ڕەخنەی لەدەسەڵاتدارانی شارەکە گرت و ووتی: "بەداخەوە شارەکەم لە هەموو ڕوویەکەوە بێ نازە و لەتەواوی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشە، لەماوەی ١٤ساڵی حوکمرانی، دەسەڵاتی کوردی شارەکەیان تاڵانکرد و هاوڵاتیانیشیان بێ کەسکرد و بەجێیانیان هێشتن، ئێمە وەکو ژمارەیەک هونەرمەند دوور لەکاری حزبی بەردەوام دەبین لەکارەکانمان و کۆڵنادەین بۆ خزمەتکردنی شارەکەمان، دوای دوورخستنەوەم لە کارەکەم لە هەرێمی کوردستان، دەستمکرد بەکاری فیتەری بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانم، لەئیستاشدا بەهۆی کاری ئەم دووکەنەم بژێوی ٧ سەرخێزان دابین دەکەم، سێ لە منداڵەکانم کۆڵێژیان تەواوکردووە و ئەوانەی دیکەش تەواوی دەکەن".
هونەرمەندان بە هەژاری دەمرن
سەبارەت بەپشت گوێ خستی هونەرمەند لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە، حاجی کەریم ووتی: " بەداخەوە لەم ووڵاتە هونەر نەبۆتە پیشە تا بتوانێت پشتی پێ ببەستیت و بژێوی ژیانی پێ دابین بکەیت، لەم ووڵاتە ئەگەر هونەرمەند جگە لەکاری هونەری سەرچاوەیەکی دیکەی نەبێت بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی ئەوە هونەرمەند بەهەژاری دەمرێت، لەئیستادا هەنەرمەندمان هەبووە کاری مێوە فرۆشتن(بەقاڵی) دەکات، زۆر هونەرمەندمان هەیە بەهۆی نەبوونی و هەژاری کۆچی دوایی کرد، بۆ نموونە سەڵاح داودە کە یەکێک لە گەورەترین هونەرمەندەکانی کوردە وە زیاتر لە ٥٥ ساڵ خزمەتی هونەری کوردی کرد کاتێک کە کۆچی دوایی کرد تەنها ٣هەزار دینار لە گیرفانی بوو و لەخانووی کرێچێتیش دەژیا، بۆیە کەس پشت بەهونەر نەبەستێت بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی چونکە هونەر تەنها خۆشی و هیوایەتە و ناتوانێت بۆ بژێوی ژین قازانجی لێ بکەیت".
تا کۆتا هەناسەم لەخزمەتی شارەکەم دەبم
هونەرمەند یوسف محەمەد ناسراو بە (حاجی کەریم) جەختیکردەووە لەخزمەتکردنی شارەکەی و ووتی: "من وەکو هونەرمەندێک بە هونەرەکەم تا کۆتا هەناسەم لەخزمەتی شارەکەم دەبم بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە، خۆشەویستیم بۆ تەواوی هونەرمەندانی شارەکە هەیە لە تەواوی بوارەکانی (شانۆ، شێوەکار، مۆسیقا و تەواوی بوارەکانی دیکەی هونەر)، چونکە ئێمە هەموومان خزمەتی شاری کەرکوک دەکەین بەبێ جیاوازی".
لەکۆتایدا هونەرمەندی شانۆکاری دیاری شاری کەرکوک، یوسف محەمەد ناسراو بە (حاجی کەریم) سوپاسی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی کرد کە وەکو هونەمەندێکی دیاری شارەکە بەسەرمان کردەوە.
حاجی کەریم هونەرمەندی شانۆکاری کەرکوک بە کاری فیتەری پارە بۆ کاری هونەریی خۆی کۆ دەکاتەوە . پرسیار ئەوەیە بۆ دەبێت هونەرمەندی کەرکوکی وابێت؟.
ژ.ت