بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە تیشکی خستە سەر ئەوەی لێدوانەکانی حکومەتی ئەلمانیا لە بارەی کۆتاییهاتن بە گۆشەگیری سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، گرنگن و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەلمانیا کە خۆی بەشێکە لەو پلانگێڕیە، گەیشتووەتە ئەو خاڵەی ئیدی گۆشەگیری قبوڵ ناکات.
بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفیزیۆنی میدیا هابەردا باسی لە دوایین پێشهاتە سیاسیەکان کرد.
هۆزات رایگەیاند لە ئیمرالی ماوەی ٢٢ ساڵە سیاسەتەکانی لەناوبردن بەڕێوە دەبرێت و وتی:"لە ئیمرالی یاسا نیودەوڵەتیەکان جێبەجێ ناکرێن. دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە ٦ ساڵی رابردووەوە یاساکانیان پشتگوێ خستووە و پێشێلی دەکەن. کردەوەی نامرۆڤانە، نائەخلاقی و بێویژدانی ئەنجام دەدەن. لە بارودۆخێکی وەهادا ئەو سیاسەتانەیان هیچ واتایەکی نەماوە. فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە هیچ وڵامێکیان بەدەستەوە نەماوە. هەموو ئەو وڵامانەی تا ئێستا دراون بێبنەما ماونەتەوە. سیستمی ئیمرالی کە ماوەی ٢٢ ساڵە بەردەوامە بێبنەما ماوەتەوە و ئیفلاسی کردووە."
'ئەوروپا گەیشتووەتە ئەو خاڵەی کە ئیدی گۆشەگیری قبوڵ ناکات'
هۆزات رایگەیاند، خودی ئەلمانیا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی لە سیاسەتەکانی تورکیا دەکات و یەکێکە لە ئەندامەکانی ناتۆ، گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ئیدی ناتوانێت سیستمی ئەشکەنجە قبوڵ بکات و ناتوانێت پشتیوانی لەو سیستمە بکات. دوایین جاریش بە ناوی حکومەتی ئەلمانیاوە لێدوانێک بڵاو کرایەوە کە پشتیوانی لە بۆچوونەکانی CPT دەکات. پێش ئەوە، کۆنسەی ئەوروپاش لێدوانێکی لەم شێوەیە بڵاو کردبووە. لەو لێدوانانەدا، باس لە بۆچوونەکانی CPT کرابوو. سیستمی ئەشکەنجەی ئیمرالی، سیستمێکی نێودەوڵەتیە. ئێمە هەمیشە ئەمەمان وتووە. پلانگێڕیەکەش، پلانگێریەکی نێودەوڵەتیە. ئەوانەی ئەم سیستمەیان دانا، هێزە نێودەوڵەتیەکان بوون. دەوڵەتی تورکیش پاسەوانی ئەو سیستمەیە.
بەڵام بە هۆی بەرژەوەندیەکان، دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە سیاسەت دەکات. بۆ ئەوەی دەسەڵات لەسەر قاچی خۆی بهێڵێتەوە، هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە، هەموو کارێکی نایاسایی و کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدات. ئیدی ئەوروپاش گەیشتووەتە ئەو ئاستەی گۆشەگیری ناپارێزێت و قبوڵ ناکرێت. ئەو بابەتە دەورووژێت و لێدوانی جیاوازی لەسەر بڵاو دەکرێتەوە. ئەمە خالێکی گرنگە. خاڵێکی تری گرنگیش ئەوەیە کە، نایانەوێت ببنە هاوکاری ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە. هێزە هاوکارەکانی سیستمی گۆشەگیرییەکەش، ئیدی نایانەوێت ببنە هاوکاری سیاسەتە نامرۆڤانەکانی دژی گەلی کوردستان. دەبێت هەڵوێستی CPT، ئەلمانیا و کۆنسەی ئەوروپا لەم چوارچێوەیەدا شیرۆڤە بکرێت."
'ئێستا دەوڵەتی تورکیا لە ناو گۆشەگیریدایە'
بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە تیشکی خستە سەر ئەوەی، چەندین ساڵە ئەوروپا سیاسەتێکی دووڕوو پەیرەو دەکات و وتی:"کێشەی کورد بووە بە ئامێرێک لە دەستی ئەوروپادا. لە دژی تورکیا وەکو فشارێک بەکار هێنراوە، بۆ ئەوەی تورکیا کۆنتڕۆل بکەن و بیهێننە سەر هێڵی خۆیان و پاشەکشەی پێبکەن و بیخەنە تەنگانەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد، ئەمەیە. سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیرییەکەی ئیمرالی، وەکو فشار بەکار دێت. لە بەرژەوەندیاندا بێت، لە سەر ئیمرالی لێدوان بڵاو دەکەنەوە و رەخنە لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی تورکیا دەگرن. کاتێکیش بە کەڵکیان نەیەت، خۆیان لێ لادەدەن و دەبن بە کەڕ و کوێر و لاڵ. سیاسەتی ئەوروپا لە ماوەی ٢٢ ساڵی رابردوودا بەم شێوەیە بووە. ئێمە هیوادارین ئەم بابەتە نەبێتەوە بە بابەتی فشار. بۆ ئەوەی راستەخو نەبن بە هاوکاری تاوانە نامرۆڤانەکان، ئەمە دەکەن. ئەو لێدوانانەی بڵاو دەکرێنەوە گرنگن. ئەمەش بۆ ئێمە دەستکەوتێکە. ئەو هۆشمەندیەی رێبەر ئاپۆی لە ئیمرالی بەدیل گرتووە و بێدەنگی کردووە، ٢٢ ساڵە بۆ ئەوەی فیکر و رامانەکانی نەگەن بە دەرەوە، لە ناو سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریدا هێشتویانەتەوە. بەڵام ئێستا ئەم سیستمە پووچەڵ کراوەتەوە، ناتوانن رامانەکانی رێبەر ئاپۆ لە ناو چوار دیواردا بهێڵنەوە. بە گۆشەگیرکردنی رێبەر ئاپۆ، بینیان کە دەوڵەتی تورک کەوتووەتە ناو گۆشەگیریەوە."
ئازادی رێبەر ئاپۆ رۆژەڤی سەرەکیە
هۆزات رایگەیاند، ئێستا پەیوەندیەکانی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە گەڵ هەموو وڵاتێک خراپە، لە حاڵەتی رووبەڕووبوونەوەدان و وتی:"دەوڵەتی تورک لە سەرتاسەری جیهان گۆشەگیر کراوە. بەڵام رامانەکانی رێبەر ئاپۆ دیوارەکانی ئیمرالیان تێپەڕاندووە. پارادیگمای رێبەرایەتی، پڕۆژەکانی رێبەرایەتی بۆ چارەسەری، پارادیگمای دیمۆکراتیک و ژینگەپارێزی و ئازادی رەگەزیی کۆمەڵایەتی و سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک لە لایەن هەموو گەلێکەوە، بە وردی پێشوازی لێدەکریت."
هۆزات راشیگەیاند، گەل خاوەنداری لە رێبەرایەتی دەکات و رۆژ بە رۆژ ئەم خاوەنداریکردنە لە ناو گەلاندا بەربڵاوتر دەبێتەوە. سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک و نەتەوەی دیمۆکراتیک کە رێبەر ئاپۆ لە دژی سیستمی ٥ هەزار ساڵەی دەسەڵات و دەوڵەت و ل دژی سیستمی ٤٠٠ ساڵەی نەتەوە-دەوڵەت پێشکەشی کردووە، دەبێت بە پڕۆژەی چارەسەری و جێگیرەوە. لە قۆناغی ئێستادا وەکو ئاماژەم پێدا، گۆشەگیری پوچەڵ بووەتەوە. ئێستا ئەوەی پێویستە بکرێت، ئازادی ئۆجالانە. ئەو هەنگاوەی لەم قۆناغەدا زەقمان کردووەتەوە، دەنگێکی زۆری داوەتەوە و پێشوازیەکی زۆریشی لێدەکرێت. ئێستا لە هەموو شوێنێک ئازادی ئۆجالان بووە بە رۆژەڤ. دەبێت ئەم هەنگاوە بە بڕیارداریەوە بەریوەی بەرین. لەو بڕوایەداین کە بەرەو ئەنجام بڕوات."
'شەڕی قڕکردن لە دژی کورد بەڕێوە دەچێت'
هۆزات لە بەردەوامی قسەکانیدا بە بەرفراوانی لەسەر هەنگاوی 'گۆشەگیری، فاشیزم، داگیرکەری بەسە، کاتی ئازادیە' قسەی کرد بەم شێوەیە دوا: "لە ناوچەکە جەنگی جیهانی سێهەم روودەدات و گەیشتووەتە قۆناغی دوایی، ناوچەکە سەر لە نوێ دیزاین دەکریت. هاوسەنگیەکانی پێشووتر هەڵدەوەشین، هاوسەنگی نوێ دروست دەکرێت. کورد رووبەڕووی بارودۆخێکی قوڕستر دەبێتەوە. کورد هەم مەترسی گەورە و هەم دەرفەتی گەورەی لەبەردەمدایە. لەم سەدەیەدا، گەلی کورد دەرفەتی بونیادنانی سیستمی خۆسەری دیمۆکراتیک و دەرفەتی سیاسی و کلتوری بەدەست هێناوە، بۆ ئەوەی بە ئازادانە و بە شکۆمەندانە بژیت. زەمینەسازی بۆ کراوە. ئێمە لە قۆناغێکی مێژووییداین. لەم قۆناغە مێژوویەدا ئەم هەنگاوەمان ناوە. ئەمە هاوکات هەنگاوێکی نەتەوەییە. لە چوار پارچەی کوردستان، بە واتای خۆڕاگریەکی گەورە و لە دژی دەوڵەتی فاشیست و قڕکەری تورک کە دەیەوێت دەستکەوتەکانی کورد لەناو بەرێت، بە واتای خۆڕاگریەکی گەورە دێت. ئامانجی سەرەکی هەنگاوەکە ئەمەیە. هاوکات ئەمە هەنگاوێکی نەتەوەییشە. دەوڵەتی تورک لە هەوڵی ئەوەدایە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەر جێگایەک بێت، نەک تەنها لە باکور، رۆژئاوا، باشور یان رۆژهەڵات، بەڵکو لە دەرەوەی وڵاتیش بێت، لەناوی بەرێت. دەیەوێت گەلی کورد وەکو سەدەی بیستەم لە ژێر رژێمی قڕکەر و سیستمی قڕکەردا بهێڵێتەوە. لە دژی گەلی کورد شەڕی قڕکردن بەردەوامە. لە باشور و رۆژئاوای کوردستانیش ئەمە دەکات.
گەلی کورد بۆ پشتیوانیکردن لە هەنگاوەکە وڵامێکی نەتەوەیی دایەوە. لە رۆژئاوا، باکور و رۆژهەڵات و لە دەرەوەی وڵاتیش بە شێوەیەکی بەهێز خاوەنداریان لێکرد. ئەم تێکۆشان و خۆڕاگریەی گەلەکەمان بەرز دەنرخێنم. زۆر گرنگە، دەبێت بە شێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام بیت. دەبێت چالاکی بەرفراوانتر ئەنجام بدرێن."
'هەنگاوەکە بەخۆڕاگری سەردەکەوێت'
هۆزات ئاماژەی بەوەش کرد کە دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکان بابەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک بیانوو بەکار دێنن، دەیانەوێت رێگری بکەن لە خۆڕاگری و چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان و بابەتی کۆرۆنا وەکو چەکێک بەکار دێنن و بەم شێوەیە دوا:
"ئازادی رێبەر ئاپۆ بووەتە بابەتی گۆتوبێژ لە ناو گەلانی جیهان و هێزە دیمۆکراتەکاندا. بە شێوەیەکی بەهێز خاوەنداری لێدەکەن، هەم لە جیهان و هەم لە ناوچەکە ئەمە مژارێکی گرنگی گۆتوبێژە. ئێستا رێبەر ئاپۆ بووە بە رێبەری گەلان و هێزە دیمۆکراتەکان. رامان، پارادیگما و پرۆژەکانی رێبەر ئاپۆ بە وردی پێشوازی لێدەکرێت. وەکو رێبازی سەرەکی بۆ چارەسەری تەماشا دەکریت.
وەکو پڕۆژەی چارەسەری بۆ هەموو کێشەکان تەماشا دەکرێت. ئەمە زۆر گرنگە. دەبێت ئەمە بە شێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام بێت. کورد تەنها نیە، دۆستی زۆری هەیە. لەگەڵ گەلانی تر یەکڕیزی و پەیوەندیی ستراتیژی بونیاد ناوە، ئەمەش زۆر گرنگە. تا ئێستا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوە چووە و بێگومان دەبێت بەرەو ئەنجام بڕوات و بەرەو ئازادی رێبەر ئاپۆ و کوردستان و هەڵوەشاندنی فاشیزم بیبەین. بۆ ئەمەش هەموو دەرفەتێکمان لەبەردەستدا هەیە. بەو خۆڕاگریەی لە ئارادایە، ئەم هەنگاوە سەردەکەوێت."
ز.ش