هەژار کاکەیی: تورکیا لە ڕیگەی بەکرێگیراوەکانیەوە ئاژاوەگێڕی لە کەرکوک دەکات

هەژار کاکەیی پارێزە و شارەزای یاسای نێودەوڵەتی دەڵێت: "تورکیا لە ڕێگەی کەسانی وەکو ئەرشەد ساڵحی ئاژاوەگێڕی دەکات.  پێویستە حکومەتی عێراق لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات، چونکە ئەرشەد ساڵحی پەرلەمانتارێکی عیراقە کار بۆ ئەجیندای تورکیا دەکات" .

دوای ئەوەی رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە هاوڵاتیانی شاری کەرکوک، لە ناوچەی شیوەسوری سەربە ناحیەی شوانی شاری کەرکوک ئاهەنگێکی جەماوەریان بە بۆنەی نەورۆز و سەرساڵی کوردیەوە رێکخست، هەرزوو دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانی لە کەرکوک جارێکی دیکە دژایەتی خۆی بۆ بۆنە نەتەوەیەکانی کورد ڕایگەیاند و لەو چوارچێوەیەدا ئەرشەد ساڵحی، کە بەوە ناسراوە لە عیراق ئەجینداکانی تورکیا جێبەجێ دەکات و سەر بە دەزگای هەوڵگریی توک (میت)ە، لە لێدوانێکیدا ئاهەنگی نەورۆزی کەرکوکی بە گردبوونەی "تیرۆر" ناوبردوو.

هاوکات ئەو بەرپرسەی بەرەوی تورکمانی، کە لەهەمان کاتدا پەرلەمانتاری عێراقە و سەر بە دەزگای هەواڵگری و سیخوڕییە تورکیایە لە عێراق، لە لێدوانە ئاژاوەگێرییەکەیدا داوای لە حکومەتی فیدارڵی کرد، کە ڕێگری بکەن لە هاوڵاتیان ، کە ئاهەنگی نەورۆز پێرۆز بکەن و ئەو ئاهەنگەی کراوە شەرمەزاری بکەن، لەم ڕێگەیەوە تورکیا و بەکرێگیراوەکانیان دەیانەوێت بۆنە نەتەوەییەکانی کورد قەدەغە بکات.

سەبارەت بەو جۆرە ووتار و لێدوانە ئاژاواەگێڕییانە لە شاری کەرکوک، هەژار کاکەیی چاودێر، پارێزەر و شارەزایی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

بەرەی تورکمانی ئاژاوەگێڕی دەکات و پەکەکە تۆمەتبار دەکات

سەبارەت بە لێدوانەکانی ئاژاوەگێرەییەکانی ئەرشەد ساڵحی، هەژار کاکەیی چاودێر و شارەزای یاسای نیودەوڵەتییەکان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووت: "ئەمە یەکەم جار نییە ئەرشەد ساڵحی لێدوانی لەم جۆرە دەدات، پێشتریش چەندینجار سیناریۆی بابەتی جیاوازی کردووەتە باسی رۆژ بەجۆرێک وایکردووە، کە لایەنگرانی خۆیانیش داوای لێ بکەن واز لەو پروپاگەندە و سیناریۆیانە بهێنێت. لای هەمووان ئاشکرایە پێشتریش بەرەی تورکمانی وێنە و ئاڵای بەرێز ئۆجەلانیان بڵاوکردبووەوە لە شاری کەرکوک و پاشان بەیاننامەیان دەدا کە پەکەکە چالاکی ئەکات لە کەرکوک و هەڕەشە لە بارەگاکانمان دەکات، هەروەها دواییش ئاشکرا بوو، کە خۆیان چەند کارێکی وەکو تەقینەوەی بچووکیان لە بەردەم بارەگاکانیان ئەنجامدابوو و لایەنگرانی پەکەکەیان پێ تاوانبار دەکرد".

ئەو بەرپرسە هیچ نوێنەری گەلی تورکمان ناکات

سەبارەت بە ڕۆلێ ئەو بەرپرسە تورکمانە لە بەرەی تورکمانی، هەژار کاکەیی ووتی: "ئەو بەرپرسە تورکمانە هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە لە بەرەی تورکمانی و پەرواێز خراوە لەلایەن حزبەکەیەوە، بەردەوامی ئەم جۆرە لێدوانانەی ئەو بەرپرسە تورکمانە، خەڵکی تورکمانی نیگەران کردووە، کە لەدواین هەڵبژاردنەدا بینیمان خەڵکی سزایدا و بەرەی تورکمانی تەنها یەک کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا ئەرشەد سالحی خۆی بە ڕابەری تورکمانەکانی عیراق دادەنا، ئەو بەرپرسە تورکمانە ڕایەدارێکی دەزگای هەوڵگری تورکیایە و هیچ نوێنەرایەتیی گەلی تورکمان ناکات، بەڵکو ئەجیندانی دەزگای هەوڵگری تورکیا جێبەجێ دەکات، لە ئێستاشدا ئەو پەرلەمانتارێکە لە پەرلەمانی عێراق، پیویستە لە پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەن، چونکە بەپێی یاسایی عیراقی ئەو کەسانە، کە پەرلەمانتار، یان بەرپرسێکی باڵا بن، نابێت هیچ پەیوەندییەکی هەواڵگرییان لەگەڵ ووڵاتانی دەرەوە هەبێت" .

نەورۆز لە دەستووری عیراق ڕێگە پێدرواە

سەبارەت بە ئەنجامدانی ئاهەنگی نەورۆز لە ڕووی یاساییەوە، ئەو شارەزایەی یاسا ووتی: " جەژنی نەورۆز وەکو جەژنێکی ئازادی و پێکەوەژیانە بۆ تەواوی پێکهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لە دەستوری عیراق دا دان بە تەواوی بۆنە نەتەوەیی و ئاینییەکان دراوە، نەورۆزیش یەکێکە لەو بۆنانە، کە دەستوری عیراق دانی پێداوە".

کەرکوکییەکان ڕێگە بە ووتاری ئاژاوگێڕی نادەن

سەبارەت بە ئاژاواەگێڕی لەلایەن ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک دا کاکەیی ووتیشی: " ماوەی چەند ساڵێکە ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی لێدوان لەسەر تورکمان بوونی نەورۆز دەدات، هەروەها لە چەند رۆژێک پێش نەورۆز لێدوانیدا لەسەر تورکمانیبوونی جەژنی نەورۆز و بەم شێوەیەش هەوڵدەدات ئاژاوەگێڕی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک دروستبکات، هەر کاتێک ئەو ناوچانە، کە وەکو کەرکوک فرە پێکهاتەن ئارامی بەخۆییەوە ببینێت ئەوە ئەو کەسانەی کە وەکو ئەرشەد ساڵحی بیر دەکەنەوە لە گوڕەپانەکە بوونیان نامینێت، بۆیە بەردەوام هەوڵی ئاژاوەگێڕی دەدات، خۆشبەختانە تەواوی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک هۆشیارن و ڕێگە نادەدن لێدوانی ئاژاوەگێڕی کاریگەری لەسەر شەقامی شارەکە هەبێت" .

وەکو بەکرێگیراوێکی تورکیا لەناوچەکە کاردەکات

هەروەها ئەو شارەزایەی یاسا ئاماژەی بە مەترسییەکی گەورە کرد ووتی: "ئەو پەرلەمانتارە تورکمانە لە ماوەی ڕابردوو لێدوانێکی زۆر مەترسیداری دا، کەتیدا داوایکرد، چۆن قەرەباغ و عەفرین گەڕانەوە سەر تورکیا هیوای دەخواست کەرکوک و موسڵیش جارێکی دیکە بکەوێتەوە دەست تورکیا، ئەم لێدوانانە پێچەوانەی دەستوری عێراقە، کە پەرلەمانتارێک هیوابخوازێت ووڵاتێکی دیکە بێت و خاکی ووڵاتەکەی داگیربکات، ئەم جۆرە لیدوانانە سەلمێنەری ئەوەن، کە ئەرشەد ساڵحی لە ناوچەکە وەکو بەکرێگیراوێکی تورکیا کاردەکات" .

ئەو بەرپرسە تورکمانە غەدری لە تورکمانەکان کردووە

هەروەها سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی، بۆ بە تورک کردنی تورکمانەکانی عێراق و کەرکوک، هەژار کاکەیی ووتی: "لەماوەی ڕابردوو ئەو پەرلەمانتارە تورکمانەکانی بە تورک چواند و دەیەوێت غەدر (نادادپەروەریەک)ی گەورە بەرامبەر تورکمانەکانی کەرکوک بکات و زمان و کولتوری تورکیان بەسەردا بسەپێنێت و بیانکات بە تورک، کە ئەمەش ناحەقییە بەرامبەر تورکمانەکان کە لە کۆنەوە لەم ناوچەیە ژیاون و پێکهاتەیەکی رەسەنی ناوچەکەن، کە زمان و دابونەریەتی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەم لێدوانانە ئەو ڕاستییە دەردەخات، کە هەرکاتێک رووداوێک لە کەرکوک هەبێت کەسانێک هەن کە ڕایەداری فەرمی تورکیان، کە ئەرشەد ساڵحی یەکێکە لەو کەسانە و هەوڵدەدات ئاژاوەگێڕی دروست بکات" .

نەورۆزی کەرکوک تایبەتمەندیی خۆی هەیە

سەبارەت بە یاسابوونی ئەنجامدانی ئاهەنگی نەورۆز ناوبراو ووتی: " ئەو ئاهەنگەی نەورۆز، کە تەڤگەری ئازادی  وەکو پارتێکی موڵەت پێدراو لە عیراق، ئەنجامی دابوو پێویستی بەهیچ مۆڵەتێکی شوین و کات نیە، چونکە نەورۆز جەژنی ئازادییە، ئەو شوێنەی کە ئاهەنگەکەی تێدا ئەنجامدرا ناوچەی شیوەسورە، کە بەناوچەی (موحەڕەمە) ناسرواە کە هیچ هێزێکی دەسەڵاتی کوردی و سوپای ناوەندی عیراقی لێ نییە، بەڕای من جەژنی نەورۆزی کەرکوک هەندەی جەژنی نەورۆزی قەندیل گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە وەکو تەواوی بۆنەکانی شاری کەرکوک تایبەتمەندیی خۆیان هەیە" .

ئەو بەرپرسە ئاژاوەگێڕانە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو دۆڕان

سەبارەت بە کاریگەریی لێدوانەکانی ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی لەسەر تێکدانی پێکەوە ژیان لەکەرکوک، هەژار کاکەیی ووتی: "ئەم جۆرە لێدوانانە هیچ کاریگەریی نابێت لەسەر تێکدانی پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک، چونکە تەواوی کەرکوکییەکان گوێ لە هیچ ووتار و لێدوانێکی ئاژاوەگێڕی ناگرن لە شارەکە، کە بەڕوونی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو بینیمان خەڵکی تورکمان کارتی سوریان بەرامبەر ئەو بەرپرسانە بەرزکردەوە، کە ئاژاوەگێڕی دەکەن و لە هەڵبژاردنەکەدا دۆڕان، بەڵام گومان هەیە ئەرشەد ساڵحی کەسانی نزیکی هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدەن لە کەرکوک، هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی رۆشنبیری تورکمانی شارەکە ئەمە لە ئەرشەد ساڵحی قەبوول نەکەن" .

ژ.ت