هێزەکانی ئێران هەڕەشەیان لە خانەوادەی چالاکوانێکی کوژراو کرد

هێزەکانی ئێران هەڕشەیان لە خانەوادەی نیما شەفەق دۆست کرد کە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژرابوو. سێ مانگ دواتر خانەوادەکەی ئاشکرای کرد کە کوڕەکەیان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژراوە.

هێزە ئەمنیەکانی ئێران، فشاریان لەسەر ئەو خانەوادەیە دروست کرد کە کوڕەکەیان لەلایەن ئەوانەوە لە ورمێ کوژراوە و پێیان راگەیاندووە کە پێویستە بڵێن کوڕەکەیان لە ئەنجامی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی کوردستان هیومان رایتس ووچ، ٢١ی ئەیلول ٢٠٢٢ نیما شەفەق دۆست لە گەڕەکی ئیسلام ئابادی ورمێ دوو جار گولە بەر قاچی کەوتووە و بریندار بووە.

سەرەتا بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنیەکان دەوری نەخۆشخانەکەیان گرتووە و لە ترسی ئەوەی دەستگیر نەکرێت، نەچوونەتە نەخۆشخانە و لەلایەن پزیشکێکەوە لە ماڵەوە چارەسەر بۆ کراوە.

دوای ١٢ رۆژ لە چارەسەرکردن لە ماڵەوە، بەهۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی تێکچووە، ٤ی تشرینی یەکەم بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ورمێ گواستراوەتەوە. نیما بەهۆی هەوکردنێکی زۆر لە برینەکەیدا دوای چەند کاتژمێرێک گیانی لەدەستداوە.

هێزەکانی دەوڵەت رایانگەیاند کە نیما بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەستداوە. خانەوادەی شەفەق دۆستیش بەهۆی هەڕەشەکانەوە بۆ میدیاکانی سەر بە دەسەڵات قسەیان کردووە و رایانگەیاندووە کە راستە و سەگ پەلاماری کوڕەکەیانی داوە و بۆیەش گیانی لەدەستداوە.

دوات کوشتنی نیما شەفەق دۆست، دایکی بۆ کوردستان هیومان رایتس ووچ قسەی کردووە و راستیەکانی ئاشکرا کردووە.

پەروین حەسەنزادە دایکی نیما رایگەیاند کە کوڕەکەی لە خۆپیشانداندا بریندار بووە و دواتر بەهۆی هەوکردن لە برینەکانیدا گیانی لەدەستداوە.

ف.ق