دەوڵەتی تورکی داگیرکەر تا ئێستا بەردەوامە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیای بەرامبەر هێزی ئازادیخوازی کورد لە چیاکانی کوردستان، جێگای باسە ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجام دەدرێت،
جێگای باسە هەر لەسەر بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە خاکی باشوری کوردستان دوو هەفتە لەمەوبەر، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک بەڵگەنامەی لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە خاکی هەریمی کوردستان بڵاوکردەوە کەتیدا ئاماژەی بە سەردانی دوو پسپۆڕی چەکی کیمیایی بۆ هەریمی کوردستان کردووە کە هەوڵیانداوە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێننی ئەو چەکانە بکەن، بەڵام لەلایەن پەدەکەوە رێگریان لێکراوە.
بە گوێرەی بەڵگەکانی، سۆران عومەر رونیشیکردبووەوە، کە دەوڵەتی تورک چۆن چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکان بەکارهێناوە و دوو مانگ لەمەوبەریش بە نوسراوی فەرمی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە لیژنەیەک بۆ بەدواداچونی ئەو بابەتە دروست بکات.
سۆران عومەر ڕاشیگەیاندبوو: لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەهەرێمی کوردستان لەلایەن تورکەوە و پێشکەشکردنی راپۆرتی دوو پسپۆڕی ئەڵمانی و سویسری لەوبارەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای ليکۆڵینەوە و بەدواداچون لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات.
لەلای خۆیەوە هەژار نورەدین کاکەیی، چاودیر و پارێزەر و شارەزا لە یاسایی نێودەوڵەتی، لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات باسی لە بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کرد و تیشکی کردەسەر چەند پرسێکی دیکەی وەکو هاوکاری کردنی پەدەکە لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چاوپۆشکردنی ووڵاتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەند پرسێکی دیکە.
دەوڵەتی تورک هەوڵیدا کەیسی کۆمەڵکوژکردنی گەشتیارانی عێراق دابخات
سەبارەت بە سنوردانەنێک بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەناو خاکی عێراق، ئەو چاودێرە ئاشکرای کرد: "کاتێک کە دەوڵەتی تورکیا کۆمەڵێک گەشتیاری عێراقی لەناوچەی زاخۆ کردە ئامانج شەقامی عێراقی بە تێکڕا خرۆشا بۆ ئەو هێرشە، پەدەکەش کە دەسەڵاتی ڕەهایە لە باشوری کوردستان و هاوبەشە لە حکومەتی عێراق دوای هێڕشەکەی سەر گەشتیارانی عەرەب کەوتە ژێر فشارەوە کە بەشداربێت لەفشار کردن لەسەر تورکیا و کەیسەکەش گەیندرایە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ دەربازبوون لەم فشارە حکومەتی تورکیا دەستبەردانبوونێکی(تنازل) زۆری بۆ حکومەتی عێراق کرد و هەوڵی دا کەیسەکە دابخرێت،
پەدەکە لەژێر هەژموونی ئەردۆگان سیاسەت دەکات لە باشور
سەبارەت بە هاوکاری کردنی دەوڵەتی تورک لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە)، هەژار کاکەیی ڕایگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان بەحوکمی ئەوەی لەژێر هەژموونی سیاسی دەوڵەتی تورک و بەتایبەتی ئەردۆگان لە باشوری کوردستان سیاسەت ئەکات، ئەمە یەکێکە لەخاڵە مەترسیدارەکان بۆسەر باشوری کوردستان، پەدەکە ڕێگرە لەوەی حکومەتی عێراق کەیس بجولێنێت لەدژی دەوڵەتی تورک لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، وەزیری دەرەوەی عێراق سەر بە پەدەکەیە ئەمەش وایکردووە بڕوا بە حکومەتی عێراق بهێنێت کە ئەوەی هەیە شەرد دژی کورد نیە بەڵکو دژی پەکەکەیە، کە کاتێکدا کە هەمووان دەزانن کە ئەوەی ڕوودەدات شەرە دژ بەگەلی کورد لە هەرچواپارچەی کوردستان".
بەرژەوەندی وایکردووە چاوپۆشی بکرێت لەو تاوانانەی دژی گەلی کورد ئەنجامدەدرێت
هەروەها ئەو شارەزایەی یاسا نێونەتەوەییەکان تیشكی خستەسەر بێ دەنگی زلهێزەکان بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەت تورک، ڕایگەیاند: "ئەردۆگان و مەهەپە هیچ کات نەیانشاردۆتەوە کە دژی بوونی هەموو کیانێکی کوردن، بۆیە ئەو بیانوانەی دەلێن سنورەکانمان دەپارێزین تەنها بیانوە، ئەمریکا و روسیاش تێگەیشتوون کە دەوڵەتی تورک هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات و ئەوەی هەیە تەنها بیانوە بەڵام بەرژەوەندی ئەم ووڵاتانە وایکردووە چاوپۆشی بکەن لەو تاوانانەی دژی گەلی کورد ئەنجامدەدرێت، بەدرێژایی مێژوو ووڵاتانی زلهێز وابوونە و تەنانەت خۆشیان بەشیكی بوونە لە توانەکان".
بەپی تەواوی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەیە
هەژار کاکەیی پارێزەر و شارەزا لە یاسا نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە قەدەغەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئاشکرای کرد: "کۆمەڵێک ڕێکەوتننامەی نێونەتەوەیی هەیە بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ئەم بڕیارەش کۆنە کە لەساڵی ١٩١٩ یەکەم بڕیاری نێوان ووڵاتان واژوو کرا کە ڕێککەوتنامەی (فەرسا) بوو، کە یەکێک لە خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بوو، هەروەها لە ڕێککەوتن نامەی سویسرا لە ساڵی ١٩٢٥ باس لە قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەکاتەوە، لە ڕێککەوتن نامەی جنێف لە ساڵی ١٩٤٩ جارێکی دیکە باس لە قەدەغەی چەکی کیمیایی کراوە، لە ساڵی ١٩٩٣ ووڵاتانی جیهان جارێکی دیکە واژوویان لەسەر ڕێککەوتننامە کردووە بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، هەریەک لە دەوڵەتانی تورکیا، عێراق و سوریا واژوویان کردووە لەسەر ئەو ڕێککەوتننامانە کە ئەمەش بە واتای دروستکردن، پەرەپێیدان، گواستنەوە، هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەیە و بەپی یاسای نێونەتەوەییەکان مامەلەی لەگەڵ دەکرێت".
چاوپۆشی دەکرێت لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە
هەروەها ئەو شارەزای یاسای نێونەتەوەییە لەدرێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "دەبێت ئەو لایەنانەی پابەند نابن بەو ڕێککەوتننامەنە دەبیت بەپی یاسای تاوانی جەنگ مامەلەیان لەگەڵ بکرێت، بەداخەوە چونکە ڕێککەوتننامەکەکان بەو شێوەیەی ئاماژدەی پێکراوە جێ بەجێ ناکرێت وە لایەنگیری وولاتان دەکرێت بۆیە لەئیستادا چاوپۆشی دەکرێت لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە باشوری کوردستان".
پەدەکە ڕێگرە لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک
بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەدەکە ڕێگری دەکات لەهەر لێکۆڵینەوەیەک لەو ناوچانەی کە سوپای دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی تێدا بەکارهێناوە چونکە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تەنها بریتی نیە لە شەهیدکردنی مرۆڤەکان بەڵکو کاریگەری نەرێنی درێژمەودای ئەو چەکە ماوەی سەد ساڵ دەمینێتەوە و دەبێتە هۆی کارەساتی ژینگەیی و کاریگەری نەرێنی لەسەر بۆماوەیی خەڵکی ئەو ناوچانە دەبێت، لەئیستادا ئەم ناوچانە، ناوچەیەکی داخراون، بەهەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری ئەوە کەسانەی لە دەرەوەی ووڵات لەسەر ئەو بابەتە کار دەکەن لەماوەی ڕابردوو وەفدێکی پسپۆرانی چەکی کیمیایی هاتن بۆ باشوری کوردستان تا بچن لێکۆڵینەوە لەو ناوچانە بکەن کە چ جۆرە چەکێکی کیمیایی تیدا بەکارهاتووە، دوای گەیشتی ئەو وەفدەی کە پێکهاتبوو لە کەسانی بیانی کە پسپۆری چەکی کیمیایی بوون، بەداخەوە لە هەولێر ڕێگریان لێکرا ڕێگەیان نەدا سەردانی ئەو ناوچانە بکەن ئەمەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە، ئەم کارەی پەدەکە کارێکی دوژمنکارانەیە و پەدەکە دەبێتە هاوبەش لەو تاوانانەی کە تورکیا ئەنجامی دەدات".
پێویستە بە کۆکردنەوەی بەڵگەنامە فشارەکان لەسەر دەوڵەتی تورک زیادبکرێن
سەبارەت بە گرنگی دۆکیومەنت کردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و بەکارهێنانی چەکی قەدەغکراو، ئەو شارەزایەی یاسا نێونەتەوەییەکان ووتی: "بەداخەوە ئەو کەسانەی کە بەپراکتیك کار لەسەر تاوانەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکەن کەمن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت فشارەکان بۆسەر دەوڵەتی تورک زیاد بکرێت، پێویستە هێزەکانی گەریلا ڤیدیۆ و دۆکیومەنتەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەزووترین کات بنێرن بۆ ناوەندە جیهانیەکان، چەکە کیمیاوەییەکان جۆری زۆرن کە لەسەردەمی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەکارهات".
ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لایەنگری دەوڵەتی تورک دەکات
هەروەها ناوبراو باسی لە لایەنگری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد لەبەرژەوەندی دەوڵەتی تورک، و ئاشکرای کرد: "من یەکێک بووم لەو کەسانەی کە بەشداری کۆنفرانسی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی(ئۆ پی سی)مان کرد لەسەر پرسی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بەردەوام ئێمە کێشەمان هەیە لەگەڵ ڕێکخراوەکە و نوێنەری تورکیا لە ڕێکخراوی (ئۆ پی سی) کە هەمیشە هەستمان کردووە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لایەنگری دەوڵەتی تورک دەکات، وە هەموو چالاکییەکانی ئێمە لەناو بارەگای ڕێکخراوەکە ساڵانە هەڵدەوشێننەوە لەبەر ئەوەی چالاکییەکانمان باس لەتاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەکات کە لەباشور و رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات، بەداخەوە(ئۆ پی سی ) هەرچەندە ڕێکخراوێکی نێونەتەوەییە بەڵام سیاسەتی ئەوان وایکردووە چالاکییەکانمان بوەستێندرێت، لەئیستادا زۆر گرنگە بەڵگە و دوکیومەنتەکان ببگاتە ناوەندە جیهانیەکان تا باسی لێوەبکرێت".
بەیەکەوە ڕووبەڕووی هێرشەکانی داگیرکەرانی کوردستان ببینەوە
لە کۆتایدا هەژار کاکەیی پەیامێکی ئاڕاستەی حزب و لایەنە کوردییەکان کرد ووتی: "هیوادارم لایەنە حزبە کوردییەکان ئەو بیرە تەسکە حزبیانە بەلاوە بنێن وە بەتێکڕا ڕووبەڕووی ئەو مترسیانە ببینەوە کە هەیە، پێویستە ئەو هەڵانەی کە هێزە سیاسیەکان لە ڕابردوودا کردوویانە و ئەو پاشکۆییەی کە بۆ ئێران و تورکیا کردوویانە لە ڕابردوودا، ئیستا پێویستە بێنەوە سەر هێڵیکی کوردانە تا بەیەکەوە بتوانین ڕووبەڕووی هێرشەکانی داگیرکەرانی کوردستان ببینەوە".
هـ . ب