کاراکاش دوای ٣٠ ساڵ لە زیندان ئازادکرا

عەدنان کاراکاش دوای ٣٠ ساڵ بەدیلگیران ئازادکرا و بە هەلهەلە و ئاهەنگگێڕان لە نسێبین پێشوازی لێکرا.

عەدنان کاراکاشی تەمەن ٦٣ ساڵ کە لە ١٩٩٣ لەناوچەی نسێبینی مێردین دەستگیرکرابوو و لە دادگای ئاسایشی دەوڵەتی تورک لە ئامەد سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابوو، دوای ٣٠ ساڵ لە بەدیلگیرانی دوێنێ لە زیندانی جۆری ئێفی بۆڵۆ لەگەڵ موسا شاناک و محەمەد ئیناک ئازاد کرا.

کاراکاش بە کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکان کە لە ئەندامانی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی پشتیوانی یاسایی لە زیدانیان و سزادرانی مەد (مەد-توهایدەر)، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، بەڕێوەبەرانی هەدەپە، دەبەپە و پارتی چەپی سەوز و خزم و کەسوکاری خۆی پێکهاتبوو، گەڕایەوە بۆ ناوچەی نسێبین.

کاراکاش چووەوە بۆ ماڵی خزم و کەسوکارەکەی لە گەڕەکی سەلاحەدینی ئەیوبی و لەوێ لەلایەن جەماوەرەوە بە چەپڵە و هەلهەلە پێشوازی لێکرا.

عەدنان کاراکاش کە ٣٠ ساڵ بە دیلگیرابوو تووشی شێرپەنجەی پێست و رۆماتیزم بووە.

ژ. ن