کۆدار: برایەتیی سەدان ساڵەی گەلانی کورد و ئازەری لە نەغەدە بپارێزرێت
کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەبارەی رووداوەکانی نەغەدە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەبارەی رووداوەکانی نەغەدە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەى کۆدار لەبارەی رووداوەکانی نەغەدەوە هاتووە، دەبێت برایەتی سەدان ساڵەى گەلانی کورد و ئازەری بپارێزرێت و داواش کراوە، گەلانی کورد و ئازەری بە بێ دەستێوەردانی رژێم بە هۆشیاریی لە مێژینەى پێکەوە ژیانیی نێوانیان و بەپێی پێوەری برایەتیی گەلان کێشەکان چارەسەر بکەن.
دەقی راگەیاندراوەکەى کۆدار؛
برایەتی سەدان ساڵەی گەلانی کورد و ئازەری لە نەغەدە بپارێزرێت
رووداوەکەى نەغەدە لە دوای کوژرانی گەنجێک لە پێکهەڵپژانێکدا، بووە دەسکەلایەک بۆ رژێمی ئێران تاوەکو هەلپەرستانە سوودی سیاسی و فاشیستیی لێوەربگرێت. مانگرتنی دووکانداران بە داخستنی بازاڕ لە بنەڕەتدا ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە سیاسەتە نەژادپەرەستییەکانی رژێم. لە بەرامبەر ئەو رووداوانەدا پێویستە برایەتی و پێکەوە ژیانی سەدان ساڵەی کورد و ئازەری لە نەغەدە بپارێزرێت و لە دژی سیاسەتەکانی رژێم بوەستنەوە.
لە دوای گیان لەدەستدانی گەنجێکی کورد لە پێکهەڵپژانێکی خۆجێی دا لە شاری نەغەدە و کۆبوونەوەى ناڕەزایەتیی بنەماڵە کوردەکان، هێزە ئینتیزامییەکان بە شێوەی هەلپەرستانە دەستیان بە سەرکوت کرد، کە ئەوە نیشانی هەوڵەکانی رژێمە بۆ نیفاق و دووبەرەکێ نانەوە لە نێوان گەلانی کورد و ئازەری لەو شارەدا. سەدان ساڵە ئەو دوو گەلە لە پاڵ یەکدا دەژین، بەڵام بە باڵادەستبوونی دەوڵەت – نەتەوەیی فاشیستیی پەهلەوی و کۆماریی ویلایەتی فەقێ، ئەو دوو رژێمە لە دروستکردنی نیفاق و دووبەرەکێ نانەوەی قوڵ دا بۆ ئامانجی سوودوەرگرتنی دەسەڵاتدارانە لێی، ئەو ناکۆکییانەیان قوڵتر کردووەتەوە.
بێگومان هەموو ناکۆکی و پێکهەڵپژانێک لە زیانی گەلانی کورد و ئازەری و لە بەرژەوەندیی رژێم دا تەواو دەبێت. رژێم هەرگیز دەستی لە سیاسەتەکانی بۆ دووبەرەکێ نانەوە، کە لە سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩دا لە نێوان گەلاندا بەڕێوەی دەبرد هەڵنەگرتووە و توندیشیان دەکاتەوە. لایەنێکی بە کرێگیراوانەى ئەو سیاسەتانە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەر هەر دوو گەلی چەوساوە و زوڵم لێکراوی ئازەری و کوردە. لە کاتێک ئازادی لەو گەلانە زەوتکراوە و قەیران و کارەسات گەیشتووەتە لوتکە، تاکە رێگا بۆ بەردەوامیدان بە سیاسەتی پێکەوە ژیانی ئاشتییانە، وەلانانی ناکۆکی و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە قەیران خوڵقێن و ناکۆکیهێنەکانی رژێمە. لە رووی سیاسی و پیلانگێڕانەوە، کە رژێم بۆ گەلانی داڕشتووە، سیاسەتە فاشیستییەکانی رژێم هەم هاوئاستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دژی گەلانە و لە هەوڵدایە سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەتە بە هەماهەنگی و بەرنامە بۆ دانان لە ئازەربایجان و رۆژهەڵاتی کوردستاندا دووبارە بکاتەوە. پەیوەندیی قوڵی سیاسی و دیپلۆماتیکی ئێران و تورکیا سەرباریی دوژمنایەتیی کۆن و مێژووییان، جگە لەو ئامانجانە، هیچ سوودێکی لە پێناو بەرژەوەندیی گەلاندا تیادا نییە. لە کاتێکدا، کە ئێران لە سایەى ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی گەلاندا بە قۆناغی گۆڕیندا تێدەپەڕێت، ئەو رووداوانە و هێنانە پێشەوەی ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی داهاتووی دیموکراتیک و برایانەدا نییە. گەلان بە پشتبەستن بە ئیرادەی کۆمەڵایەتی و مەدەنیی خۆیان دەتوانن رێ لە هاتنەدیی ئەو سیاسەتە فاشیستییانە و رێش لە دووبارەبوونەوەى رووداوە تاڵەکان بگرن و ئەوەش بە دڵنیاییەوە بە یەکێتیی نێوان گەلان بەدی دێت.
بێگومان هەر پێکداهەڵپژانێک نیشانەى بوونی قەیرانە قوڵ و بێزراوە کۆمەڵایەتییەکانە، کە تەنها هۆکاری ئەوانەش سیستم و سیستمی زاڵ و ملهوڕە. کاتێک دوو گەلی کورد و ئازەریی چەوساوە لە بزاوتی خستنەڕووی داواکان و مافەکانیان و ئازادییەکانیاندان، بێگومان رووداوە ناخۆش و ئازاراوییە کۆمەڵایەتییەکان بواری سەرکوتی زیاتر بۆ رژێم دەڕەخسێنێت.
ئێمە وەک کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) پێشتریش هەم بە کردەوە و هەم بە نووسراو کارەکان و بەرنامەى خۆمان بۆ پتەوکردنی زیاتری برایەتی و پێکەوەژیانی ئاستییانە بۆ ئێستا و داهاتووی هەر دوو گەلی کورد و ئازەری خستووەتەڕوو. هەموو هەوڵی ئێمە بۆ پاراستن و هێشتنەوەى برایەتیی مێژووییە تاوەکو رێگری لە هەر جۆرە پچڕان و دابڕانێک بکەین. ئەمڕۆش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشگرتن لە رووداوە ناخۆشەکان جەخت لە دەستپێشخەریی دانیشتوانیی کورد و ئازەری لە نەغەدە و بەبێ دەستێوەردانی فاشیستیی رژێم دەکەینەوە. ئیرادە و هۆشیاریی هەر دوو گەلی گەورەش بەسە بۆ بەردەوامیدان بە برایەتییەک، کە سەدان ساڵە لە گۆڕێدایە. دروستکردنی داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک لە کۆمەڵگەى فرە نەتەوەی وەک ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تەنها بە پشتبەستن بە برایەتیی گەلان بەدی دێت. هەموو هەوڵەکانی رژێمی ئێستای ئێرانیش لە هەموو روویەکەوە و بە هەموو شێوەیەک بۆ تێکدانی ئەو برایەتییەیە. بۆیە داوا لە هەموو چین و توێژە هۆشیار و وریاکانی گەلانی کورد و ئازەری دەکەین، کە رێگا نەدەن رژێمی فاشیستیی بە دەستوەردانی ملهوڕانە ئەو برایەتییە تۆکمەیە تێکبدات.
ژ.ت