گەورەترین و دژوارترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی تورکیا لە ساڵانی ١٩٣٧-٣٨ لە دێرسیم روویدا. ئەمڕۆ ٨٤هەمین ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژیەیە کە وەک کۆمەڵکوژی دێرسیم لە مێژوودا نوسراوە. بە بڕیارنامەی تایبەت بە ناوی 'بڕیارنامەی تەنکیلی دێرسیم' لە چواری ئایاری ١٩٣٧ لە لایەن دەستەی وەزیرانەوە ئامادەکرا، بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی ١٩٣٧دا هەزار و ٧٣٧ کەس، لە ساڵی ١٩٣٨دا شەش هەزار و ٨٦٨ کەس کوژران. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لانیکەم ٧٠ هەزار کەس لە گوند، ئەشکەوت و کەنار رووبارەکان بە بۆردومان، گولـلەبارانکردن و سووتاندن، بە گازی کیمیایی کوژران، بە دەیان هەزار کەسیش دوورخرانەوە. ئەو منداڵە کچانەی زیندوومانەوە، لە بنەماڵەکانیان وەرگیرانەوە و درانە سەربازەکان. هێشتاش زانیاری لە بارەی کچە ونبووەکانی دێرسیمەوە نازانرێت.
بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیەدا ٨٤ ساڵ تێپەڕین بەڵام هێشتاش ئازارەکان لەبیرنەکراون. پەیوەست بە رووداوانەی کراون لەناوەندی دەوڵەت تائێستا تەنیا لێپێچینەوەیەکیش نەکراوە. شوێن گۆری سەید رەزا و هەڤاڵانی تائێستا نازانرێت.
لە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەدا گوێ لە شایەتحاڵەکان دەگرین.
یەکێک لە شایەتحاڵان خەیری پیڵاڤجی لە کاتی کۆمەڵکووژیەکەدا تەمەنی دوو ساڵ بوو. لە کۆمەڵکووژییەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە خزم و کەسوکاری کوژران، ژمارەیەکی زۆریش دوورخرانەوە.
پیلاڤچی بە دڵتەنگییەکی زۆرەوە دەڵێت: "بنەماڵەکەم خۆیان لە ئەشکەوتدا شاردبوویەوە. دواتر ئەوانیان گرت و دووریانخستنەوە. ٩ ساڵ ئێمە لە ئەسکیشەهیر لە دوورخراوەییدا ژیان. ئێمە گەڕاینەوە، بەڵام دوورخستنەوە بەردەوامە. ئێمە نەمانتوانی بچینەوە بۆ گوندەکەمان. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە ئێمە دوورخراوینەوە. خیانەت... لە ساڵی ١٩٣٨دا خۆی لە خۆیدا لە بەر ئەوە کۆمەڵکوژی کران"
'خیانەت لە سەید رەزا کرا'
لە درێژەدا بەم جۆرە دووا: "ئێمە لە تاراوگەبووین. گەورەکانمان باسیان دەکرد. سەید رەزا بە شێخ حەسەنی کوڕی وتووە، 'نیگەرانی و مەراقێک لە دڵمدایە، خیانەتمان لێدەکەن، با لێرە برۆین'. شێخ حەسەنیش پێی گووتووە، 'ئێمە بەرەو کوێ بچین، شوێنێک نەماوە ئێمە بۆی نەچووبین' و پێداگری کردووە کە بمێننەوە. سەرلەبەیانی رۆژی دواتر سەربازان هەڵدەکوتنە سەر ئەو شوێنە. ئەوەی بە سەربازان دەڵێت لێرەن رایبەرە. ٢٣ کەس لەوێ دەکوژن. سەری شێخ حەسەن لەوێ دەبڕن. نەک هەر ئەو، هەروەها منداڵانیس لەوێ دەکوژن. سەید رەزا لەبەر ئەوەی ئەو رۆژە نەیتوانی شێخ حەسەن قایل بکات، لەگەڵ چەند کەس لەوێ دەڕوات. سەید رەزا ئەو رۆژە بەو جۆرە رزگاری دەبێت، ئەگینا ئەویش هەمان رۆژ دەکوژرا".
'عەلیشێریان کوشت'
پیلاڤچی باسی لەوەکرد، کە خیانەت لە عەلیشێریس کرا و وتی، "عەلیشێر دوای راپەڕینی کۆچگری هاتە دەرسیم لەو ناوچەی کە کوڕەکانی سەید رەزای تێدابوون نیشتەجێ بوو. ئەوانەی زیاتر لە هەمووان خۆیان بە نزیک لە عەلیشێر دادەنا خیانەتیان لێکرد. بنەماڵەی عەلیشێر هۆشداری پێدەدەن و پێی دەڵێن، 'نیگەرانین لەو کەسانەی دێن بۆلامان، بڕوایان پێمەکە'.. دڵەڕاوکێ و گومانەکانیان لە جێدایبووە و لە لایەن ئەو کەسانەوە دەکوژرێن. عەلیشێر لەسەر دەستی زەینەل دەکوژرێت".
'کۆمەڵکوژی بەردەوامە'
پیلاڤچی ئاماژەی بەوەکرد، خیانەت هێشتاس بەردەوامە، هەربۆیە هێشتاش کورد کۆمەڵکوژ دەکرێن و وتی، "خیانەت نوێ نییە، هەزار و ٤٠٠ ساڵە بەردەوامە. عەشیرەتەکان خۆیان بە کۆمەڵکوژکردن داوە. هەندێک لەوانیان کردە پەرلەمانتار، هەندێکیشیان لە سێدارەدران. ئێمە بەدواداچوون بۆ بابەتەکان دەکەین. خیانەت و پاکتاوکاری لە دژی کوردان بەردەوامە. لە ساڵی ١٩٣٨دا کوشتاریان کرد، ئێستاش کوشتار دەکەن.
'خیانەت بەردەوامە'
ئێستاش لە ناو عەشیرەتەکاندا هەمان خیانەت بەردەوامە. مەبەستم هەموو عەشیرەتەکان نییە، مەبەستی من ئەوە عەشیرەتانەیە کە خیانەت دەککەن. ئێمە ساڵانی رابردوو بە بیرخۆمان بهینینەوە، گەلیان قڕ کرد. هێشتاش دەست لە کلکایەتی و نۆکەرایەتی هەڵناگرن"
'قسەکانی ئێمە ئەرشیڤ بکەن'
پیلاڤچی لە کۆتاییدا رایگەیاند، "لە شایەتحاڵان کەس نەماوە. یەک لە دوای یەک ژیانیان لەدەستدا. ئەوانەی گێڕدراونەتەوە و وتراون با لەبیر نەکرێن. قسەکانمان ئەرشیڤ بکەن".
هـ . ب