کۆمەڵ سەرمەد: "هەوڵی بەعەرەب کردنی کەرکوک پەیامێکی سیاسیە"
تەڤگەری ئازادی-کەرکوک: بە دەستپێشخەری بەشێک لە لایەنی سیاسی لە کەرکوک شاڵاوێکی بە عەرەب کردن لەشارەکە بەڕێوەدەچێت".
تەڤگەری ئازادی-کەرکوک: بە دەستپێشخەری بەشێک لە لایەنی سیاسی لە کەرکوک شاڵاوێکی بە عەرەب کردن لەشارەکە بەڕێوەدەچێت".
هێشتا ئۆتۆمبێلی هەمەر و سەربازی عێراقی هەر لە گوندی پەلکانە و گوندەکانی سنوری کەرکوک ماون، لەماوەی ڕابردووش نوێنەری گوندەکانی پەلکانە، گابەڵەکە، شەناغە، خەرابە و سەربەشاخ بانگهێشتی بارەگا سەربازییەکان کران و پێیان راگەیێندرابوو، نابێ هیچ کارێک لەسەر زەوی و زارەکانیان بکەن، وە بەڵێننامە بە بەشێک لە جووتیاران پڕکراوەتەوە کە گەنمەکانیان دروێنە نەکەن، بەردەوامیش هێزە عێراقییەکان دێنە ناو زەوی و دەغلی جووتیارانی کورد و دەستبەسەر کەرەستەی جووتیاری دەگرن و سیستەمی ئاودێری تیکدەدەن و لەکاتی بینی هەر جووتیارێک کە کاربکات دەستگیری دەکەن، شەوی دووشەممە لەسەر سێ-شەممە هێزەکانی سوپای عێراق ئاغای گوندی پەلکانەیان دەستگیرکرد لەکاتی ئاودانی بەرهەمی کشتوکاڵی و دوێنی چوار شەممە ناوبراو ئازادکرا.
لەلای خۆیەوە کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی عەرەبی هاوردە و سوپای عێراق بۆسەر گوندە کوردییەکان لە سنوری کەرکوک و هێرش کردنە سەر جووتیارانی کورد و بەڕێوەبردنی شاڵاوێکی بەرفراونی بەعەرەب کردن لە شارەکە و چەند پرسێکی دیکە، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.
هەوڵدراوە بۆ تێکدانی سەقامگیری و برایەتی کەرکوک
کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، سەبارەت بە هێرشەکان بۆسەر گوندە کوردنشینەکانی سنوری کەرکوک لە چوارچیوەی پرۆسەی بە حەرەب کردنی شاری کەرکوک، ووتی: "ئەم هەواڵە بۆ تێکدانی گوندی پەلکانە و گوندەکانی دیکەی شاری کەرکوک لەچوارچیوەی پرۆسەی بە عەرەب کردن و هاتنی عەرەبی هاوردە بۆسەر زەوی کوردان، یەکمجار نیە ئەم کارە دەکرێت، پیشتریش هەوڵ دراوە بۆ تێکدانی ئەو سەقامگیری و ئاشتی و برایەتیەی لەو ناوچانە هەبووە، بە تایبەتی لە ناوچەکانی سنوری داقوق و ناوچەکانی پەلکانە، کە ئەو عەرەبە هاوردانەی هاتبوون بۆنەسەر گوندی پەلکانە چوونەتە سەر ماڵە کوردەکان".
هەوڵی بەعەرەب کردنی کەرکوک پەیامێکی سیاسیە
ئەو هاوسەرۆکەی ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی، دەربارەی هەوڵەکان بۆ تێکدانی پێکەوەژیان لە کەرکوک، ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان ئیدانەی هەر هەوڵیکی تێکدەرانە ئەکەین کە ببێتە مایەی تێکدانی ئاشتی و شیرازەی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی لە سنوری کەرکوک، ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی پێمان وایە ئەم هەواڵەنە لەم کاتەدا پەیامیکی سیاسییە کە تیدا هەوڵی زیاتر تێکدانی ئاشتی و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە دەدەن".
بەدەستپێشخەری لایەنی سیاسی لە کەرکوک شاڵاوی بە عەرەب کردن بەڕێوەدەچێت
هەروەها کۆمەڵ سەرمەد لەدرێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "لەلایەکی دیکەوە لەئیستادا شاڵاوێکی بە عەرەب کردن لەشارەکە بەڕێوەدەچێت بە دەستپێشخەری بەشێک لە لایەنی سیاسی لە کەرکوک، هەر لەچواچیوەی شاڵاوی بە عەرەب کردنی شارەکە ئەو عەرەبە هاوردانە دێنەسەر خاکی کوردان لە ناوچەکانی پەلکانە".
جێبەجێ نەکردنی مادەی١٤٠ خەمساردی لایەنی کوردییە
هەروەها سەبارەت چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی مادەی ١٤٠ی دەستور، ناوبراو ووتی: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی پێمان وایە ئەگەر کێشەیەک هەیە لەسەر زەویوزار پێویستە بە ڕێگای یاسایی بەپی مادەی ١٤٠ی دەستور چارەسەربکرێت نەک لەڕیگەی هێزەوە، تائیستا مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە هۆکارەکەی خەمساردی لایەنی کوردییە کە لەئاستی عێراق و کوردستان و کەرکوک نەیانتوانیوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن".
باردۆخی کۆمەڵایەتی بەرگەی ئەم کێشەیە ناگرێت
لە کۆتایدا کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی سەبارەت بە کاریگەری کێشەکان لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی نێوان پێكهاتەکان ڕایگەیاند: "بارودۆخی کەرکوک چیتر بەرگە ناگرێت کە ئەم کێشەیە درێژە بخایەنێت، لەپێناو مانەوەی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و پاراستنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە پێویستە ئەم کێشانە لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێت، وە جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ی دەستور دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی کێشەکان".
هـ . ب