ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس بە هاوکاریی هەواڵگریی تورک و فەرەنسا کۆمەڵکوژکران. لە ١٠هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەدا، میر پەروەر، ئەمینە کارا و عەبدوڕەحمان قزل، لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیی ئەحمەد کایا کۆببوونەوە، لە هێرشێکی چەکداریدا تیرۆرکران.
ڕەمزییە تۆسون پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد لەبارەی ساکینە جانسز و تێکۆشانەکەی قسەی کرد.
تۆسون ئاماژەی بە تێکۆشانی ٤٥ ساڵ لەوە پێشی ساکینە جانسز کرد و ڕایگەیاند، یەکێک لەو کەسانەبوو، کە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بە سەرتاسەری جیهاندا ناساند. تۆسون ڕاشیگەیاند، جانسز لە هەلومەرجێکی زۆر قورس و سەختدا تێدەکۆشا.
ساکینە جانسز کاریگەریی زۆری لەسەر من دروستکرد
تۆسون ڕایگەیاند، جانسز وەک خۆی لە کتێبەکەیدا بە ناوی "ژیانم هەمووی شەڕ بوو" ئاماژەی پێکردووە، ژیانی خۆی بە ئازادیی گەل و ژنانی کورد بەخشیوە و وتی: "من خۆم زۆر کەوتمە ژێر کاریگەریی ساکینە جانسز. بەشداری و تێکۆشانی لە ڕێکخستنەکانی ژنانی کورد زۆر کاریگەر و بەهێز بوو. قژە سوورەکەی ساکینە جانسز لە هەموو جیهاندا بوو بەهایەک بوو، بەڵام ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆرکرا".
'ئەوەی کۆبانێی ڕزگار کرد تێکۆشانەکەی ئەو بوو'
تۆسون ڕایگەیاند، دوای تیرۆرکردنی جانسز ژنان لە سەرتاسەری جیهان تێکۆشانیان زیاتر و بەهێزتر کردووە و وتی: "دوای ساکینە جانسز، ژنان لە کۆبانێ لە دژی داعش سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. هەروەها لە هەموو شوێنێک لە کاتێکدا هۆشمەندیی گەڕان و تێکۆشان بۆ مافەکانی ژنان بەهێزتر بوو. لە کاتێکدا، کە هەموو کەس لەبەردەم داعش هەڵدەهات، ژنانی کورد بە فەلسەفەی بەڕێز ئۆجالان و بە پراکتیکی ساکینە جانسز بەرەنگارییان دەکرد و سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەست هێنا. ئەمڕۆ ژنان لە ئێران لەسەر پێن. ژنان لە ئێران بە دەستکەوتەکان و هۆشمنەدیی بزووتنەوەی ژنانی کورد لەسەر پێن. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
'هێرش کرایە سەر بەهاکانی ئۆجالان'
تۆسون ئاماژەی بەوەکرد، دوای ١٠ ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس، جارێکی تر سێ کورد لە هەمان شاردا کۆمەڵکوژکرانەوە و وتی: "پێویستە ئەم کۆمەڵکوژییە وەک رێبازێک و ڕێگایەک بۆ ڕێگرتن لە فەلسەفەی ژنان و ئازادی لێکبدرێتەوە. هێرش دەکەنە سەر هەموو بەهاکانی بەڕێز ئۆجالان. ١٠ ساڵ پێش ئێستا هەمان شت ڕوویدا و ئێستاش هەمان شت ڕوویدایەوە. هەر خۆی ماوەی ٥٠ ساڵە هێرش دەکەنە سەر فەلسەفەی بەڕێز ئۆجالان. ئێمە هیوادارین ساڵی ٢٠٢٣ ببێتە ساڵی کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان و بەوش هاوکاریی هەمەلایەنە بۆ تێکۆشانی ئازادیی کورد مسۆگەر ببێت".
ژ.ت