کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان بە دروشمى “چەواشەکاری خیانەتە” وەک هەینیەکانى دیکە گردبونەوە و ڕایانگەیاند، پێداگریی لەسەر داواکاریی ئاشکراکردن و سزادانی بکوژانی شەهید شوکرى دەکەین و لەمەودواش شێوازی چالاکیەکانمان دەگۆڕین بۆ بەدواداچونى یاسای لەبارەى ئاشکراکردنى دۆسیەکە.
لە گەڕەکى چوارچراى شارى سلێمانى و لە شوێنی شەهیدکردنی شوکری سەرحەد، لە ١٢ یەمین هەفتەی چالاکیی هەفتانەدا، کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان، گردبوونەوە و تێیدا داوایانکرد، بکوژەکانى شەهید شوکری ئاشکرا بکرێن و سزا بدرێن.
کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، کە لەلایەن ئیبراهیم محەمەدەەوە خوێندرایەوە ئاماژەیان بەوەکرد، ٩٩ ڕۆژ بە سەر تیرۆکردنی شەهید شوکری تێپەڕی، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوون و ڕوونکردنەوەیەکی داپەروەرانەمان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە نەدراوەتەوە .
باسیان لەوەکرد ئیتر شوێنی چالاکییەکانیان دەگۆڕن و وتیان: بەهۆى کەمتەرخەمی و ناداپەروەری بەرپرسانی هەرێم و چەواشەکاری دەزگا ئەمنیەکان، سەبارەت بە شەهیدکردنى شوکرى سەرحەد، تا ئەمڕۆ لەو شوێنە گرد دەبوینەوە، کە تێیدا شوکرى سەرحەد شەهیدکرا، بەڵام ئیتر شێوازی چالاکیەکانمان دەگۆڕین بۆ بەدواداچونى یاسایی لەبارەى ئاشکراکردنى دۆسیەکە.
کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دووپاتی دەکەنەوە، بەهۆى کەمتەرخەمى و چەواشەکاری لە بەڵگەکاندا، سکاڵا بۆ دادگای سلێمانی بەرز دەکەینەوە و وەکوو خانەوادەی شەهیدان لە سەر خوێنی سوری شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان سۆز دەدەین و هەتا دواین دڵۆپی خوێنمان لە سەر ڕێبازییان بەردەوام دەبین.
لە کۆتایشدا، بە وتنەوەی دروشمەکانی شەهید نامرێ، بمرێ خیانەت و دانانی گوڵ لە شوێنی شەهیدکردنی شوکری سەرحەد، کۆتای بە چالاکیەکە هات.
یاسین بولوت ناسراو بە ‘شوکری سەرحەد’ ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە، ڕۆژی ١٧ – ٩ – ٢٠٢١ کاتژمێر ٩ ی سەرلەبەیانی لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورکەوە شەهید کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا بکوژرانى ڕادەستى دادگا نەکراون.