كۆمیتەی شەهیدان، یادی کۆمەڵکوژیی هەولێری کردەوە و ڕایگەیاند مانگی گوڵان مانگی شەهیدانە

كۆمیتەی شەهیدانی پەكەكە لە باشووری کوردستان شەهیدانی كۆمەڵكوژی هەولێر، کە ٢٨ ساڵ پێش ئێستا ٨٣ تێكۆشەری گەلەكەمان تێدا کۆمەڵکوژ کران، بە ڕێزدارییەوە یاد کردەوە.

كۆمیتەی شەهیدان لە باشووری كوردستان سەبارەت بە كۆمەڵكوژییەكەی ٢٨ ساڵ پێش ئێستای هەولێر و شەهیدبوونی دەیان خەباتگێڕ، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

دەقی بەیاننامەكە بەمجۆرەیە:-

١٦ی گوڵانی هەموو ساڵیك وەك بەبیرهێنانەوە بۆ شەهیدانی كۆمەڵكوژی هەولێر دیاریكراوە، سەری ڕێز و نەوازش لەبەرامبەر گیانی پاكی سەرجەم شەهیدان دادەنەوێنین، بەتایبەتی شەهیدانی كۆمەڵكوژی هەولێر، كە دوور لە هەموو بەهاو ئاكارێكی مرۆڤانە و لەلایەن دەستێكی خیانەتكار و بە خیانەت و لەسەر داواكاری و خواستی دەوڵەتی داگیركەری توركیای فاشیست چەندین خەباتكار و وڵاتپارێز و كەسانی دڵسۆزی ئەم خاك و نیشتیمانە بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە لە هەولێر كۆمەڵكوژكران و بێ سەر و شوێن كران.

ئەمڕۆ ٢٨ ساڵ بە سەر كۆمەڵكوژی هەولێر تێدەپەڕێت، كە بەرامبەر بە ٨٣ لە تێكۆشەرانی گەلەكەمان ڕوویدا، كە بۆ پارێزگاریكردن لە چاند و هونەری وكولتووری گەلەكەمان خەباتیان دەكرد و تێدەكۆشان، ئەوانە لەم كۆمەڵكوژییەدا بوونە قوربانی ئەو كەسانەبوون كە لە گەنجانی وڵاتپارێز، یەكێتی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان، نەخۆشخانەی مانگی سووری كوردستان، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، نووسینگەی سەرەكی ڕۆژنامەی وڵات كاریان دەكرد و ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی نەتەوەیی و نیشتیمانییان گرتبووە ئەستۆی خۆیان.

هەموو ئەو ناوەندانە كەبوونە ئامانجی ئەم هێرشە خیانەتكارییە كەسانی مەدەنی كاریان تێدا دەكرد و سەرجەمیان هاوڵاتی بێ چەك بوون، لەهەمان كاتدا لە نەخۆشخانەی مانگی سووری كوردستان چەندین نەخۆش و برینداری لێ بوو كە چارەسەرییان وەردەگرت، بەڵام لەسەر خواستی دەوڵەتی فاشیست و داگیركەری توركیا لایەن هێزەكانی پەدەكەوە هێرشكرایە سەریان و سەرجەمیان شەهیدكران، ئەم هێرشە خیانەتكارییە دوور بوو لە هەموو بەها و ئەخلاقێكی مرۆڤانە، ئاینی، نەتەوەیی و كوردانە، بە شێوازێكی دڕندانە هێرش كرایە سەر تەواوی ئەو ناوەندانە و ئەو كەسانەی كە لەناو ئەو ناوەندانەدا كاریان دەكرد كۆمەڵكوژ و بێ سەر و شوێن كران.

لەم ڕۆژەدا ئەم كارە دڕندانەیە شەرمەزار دەكەین و بە خیانەتێكی گەورەی نیشتیمانی دەبینین، كە لەبەرامبەر تێكۆشەرانی ئازادیی گەلەكەمان ئەنجامدراوە، وەك خانەوادەی شەهیدان چەندین جار چووینەتە سەردانی چەندین دەزگای پەیوەندیداری حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی هەرێم و مافی مرۆڤی كوردستان، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێكمان نەدراوەتەوە لە پێدانەوەی ڕوفاتی شەهیدەكانمان، یان وەرگرتنی زانیاری دەربارەی شوێنی ناشتن و بەخاكسپاردنی ڕووفاتی ئەو شەهیدانە، تەنانەت لەلایەن پەدەكەوە هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان نەدراوە بەرامبەر بەم تاوانە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە پەدەكە زۆر بە دڕندانە و بێ ویژدانانە ئەم كۆمەڵكوژییەی ئەنجام داوە و نایەوێت هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو كۆمەڵكوژییە ئاشكرا بكات.

ئەم هێرش و كۆمەڵكوژیانەش لەلایەن داگیركەران و دەستی خیانەتەوە بۆسەر وڵاتپارێزان و ئازادیخوازن و شەڕڤانانی ئازادی و تەنانەت هاوڵاتیانی مەدەنیش بەردەوامە و كۆتایی نەهاتووە، سەرەڕای هەموو ئەو هێرشە قڕكەرانەی دەكرێتە سەر سروشت و ژینگە و خاكی كوردستان.

لە ١٨ی ئایار ساڵیادی شەهیدكردنی زەكی چەلەبی و شەهید ئارام و شەهید ئیسماعیل كە لە شوێن و كاتی جیاواز و بە هاوكاری دەستی سیخوڕیی ناوخۆیی و لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركیاوە شەهید و تیرۆر كران، دوژمنانی كورد و دوژمنانی ئازادیخوان چ بەڕێگەی كەسانی بەكرێگیراو و سیخوڕ و چ بە ڕێگەی فڕۆكەی بی فڕۆكەوان تیرۆر و كۆمەڵكوژی لەسەر گەلەكەمان بەڕێوە دەبەن، بێ گومان هەموو ئەم تیرۆرانەش بەهاوكاری و پاڵپشتی دەستی ناوخۆیی و بەكرێگیراوەوە ئەنجام دەدرێت، هەر لەم مانگەدا شەهیدی پێشەنگ حەقی قەرار لە ١٨/٥ /١٩٧٧ تیرۆر كرا، ئەم ڕۆژە وەك «ڕۆژی شەهیدان» و مانگی گوڵان بە «مانگی شەهیدان» ناسراوە.

لە كەسایەتی تەواوی شەهیدانی مانگی گوڵاندا كە بەقارەمانییەكی بێ وێنە بەرخۆدانیان كرد و گیانی خۆیان بەخت كرد، بوون بە پێشەنگی شۆڕشی كوردستان، لێرەوە پێیان دەڵێین خوێنی ئەو شەهیدانە بەفیڕۆ نەچووە و بە دڵنیایەوە ڕەنج و تێكۆشانی سەرجەم ئەو شەهیدان گەیشتووەتە ئامانج، ئێمەش وەك كورد لەسایەی خەبات و تێكۆشانی و قوربانیدانی ئەوانەوە هەنگاو دەنێین بەرەو قۆناخێكی نوێ و وەچەرخانێكی گرنگ و سەركەوتن.

لێرەوە ئیمە بەڵێنی خۆمان دووبارە دەكەینەوە و بەڵێن دەدەین كە لەسەر هێڵی شەهیدان تێكۆشانی خۆمان پێشبخەین و خۆمان بەڕێكخستن بكەین تا ڕەگی خیانەت و خیانەتكاری لەكوردستان دەربهێنین و داگیركەری لە كوردستان لەناو ببەین و فاشیزم تێكبشكێنین.

كۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی لە باشوور