بە دیمەن

کۆنفرانسی ڕۆشنگەری شەنگال بەردەوامە

کۆنفرانسی ڕۆشنگەری شەنگال بە پێشکەش کردنی وتاری نوێنەرانی نەتەوە جیاوازەکان بەردەوام بوو. بەشداربووانی کۆنفرانسەکە پشتیوانی خۆیان بۆ تێکۆشانی کۆمەڵگەی ئێزدی و بەتایبەتی بەرخۆدانی ژنانی ئێزدی نیشاندا.

کۆنفرانسی شەنگال

کۆنفرانسی ڕۆشنگەری شەنگال، دوای پەیامی ڕێبەر ئاپۆ و پەیامی سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە، بە پێشکەشکردنی پەیامی میوانانی کۆنفڕانسەکە بەردەوام بوو. ئەو پەیامانەی کە لەسەر ناوی کولتوور، ئایین و بیروباوەڕییەکانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کران، هێزێکی گەورەی بە پێکەوە ژیانی گەلان و پاڵپشتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و خەڵکی شەنگال نیشان دا.

کۆنفرانسی ڕۆشنگەری شەنگال بە ڕەنگ و دەنگە دەوڵەمەندەکانییەوە، لە دژی ئایین پەرەستی و ڕەگەزپەرەستی کە لەدژی گەلان بەڕێوە دەچێت، ڕێگای چارەسەری و ڕزگاری نیشان دەدات.

سوننە، شیعە، کاکەیی، زەردەشتی و جولەکەکان لە کۆنفڕانسەکەدا بەشدارییان کرد

لە کۆنفرانسەکەدا، بەناوی کاکەییەکانەوە، ژنە چالاکوان سەمیرە محەمەد حسێن، هەروەها بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، زانای ئایینی و نێردراوی ئاشتی مەلا نادر عەلی، سەبحی بەدری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی، سەید بەدوش سەرۆکی پارتی تەقەدوم ، داود جندی بەرپرسی لقی یەکێتی لە شەنگال و ئەندامی کوردیناسیۆنی ئەنجومەنی عەشتاری مەخموور شیلان دەنیز، پەیامەکانی خۆیان پێشکەش بە کۆنفرانسەکە کرد. لە هەموو پەیامەکاندا پشتیوانی لە تێکۆشانی کۆمەڵگەی ئێزدی و ئیرادەی گەلان بۆ پێکەوەژیان هەبوو.

پاش پێشکەشکردنی وتارەکان ڕۆژەڤی گفتوگۆی کۆنفرانسەکە دەستی پێکرد. یەکەم وتارى کۆنفرانسەکە بەناونیشانى 'لەسەردەمی ڕەوتی مێژوودا، کۆمەڵگەی ئێزدییەکان بوونیان هەبوو' لە لایەن ڕهام حەسەن ئەندامی تاژێ پێشکەش کرا. لە خاڵە سەرەکییەکانی وتارەکەدا هاتبوو؛

"کۆمەڵگەی ئێزدی لە بنەڕەتدا کۆمەڵگەیەکی ژنانە، بوونی ٧٣ فەرمان وەکوو ڕەمزێکە، دەزانین کە زۆرجار لەم ژمارەیە زیاتر هێرشی کۆمەڵکوژی کراوەتەسەر هەبوون و ئازادیی کۆمەڵگەی ئێزدی، نیشتمانی گەلی ئێزدی کە شارستانیەت تێدا لەدایک بووە، هەمیشە کەوتووتە بەر هێرشی دەسەڵاتداری پیاوەو تا بە ئەمڕۆ، جوگرافیای گەورەی کوردستان، بۆ کۆمەڵگای رابردوو بووەتە شوێنی ژیان و بێ کەموکورتی دایکایەتی بۆ کردووە.

هاوکات بە بەرفراوانبوون و بڵاوبوونەوەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، ئەم ڕەگ و ڕۆحە کۆمەڵایەتییە وشک بوو. تا ساڵانی ١٧٩٢کۆمەڵگەی ئێزدی بە شێوەیەکی نیمچە ئازاد و وەک کۆچەری چۆڵەوانی و شاخەکان ژیانیان بردووتەسەر. لەم بەروارەوە مێژوو سەرەو ژێر بووەتەوە و کۆمەڵکوژی جەستەیی بەسەریدا هێنراوە. واتە یەکەم هێرش بۆ سەر مێلا، شەرقە و دێنا دەستی پێکردووە. بە هێرشی فەریق پاشا لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ سەر شەنگال کۆتایی دێت، لەو کاتەوە عوسمانییەکان و بەریتانیەکان هەوڵدەدەن، ئێزدییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتی بسڕنەوە. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆش کۆمەڵگەی ئێزدی نەیتوانیوە خۆی کۆبکاتەوە.

ئەمڕۆ پرسێکی جددی هەبوون و ئازادی ئێزدییەکان لە ئارادایە. لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی ئێزدی ئەوەندە هێز و ئیرادەی لەدەستداوە کە ناتوانن وەکو پێویست پێناسەی بارودۆخی ئێستای خۆیان بکەن. بۆ ئەوەی ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی پێناسەی ناسنامەی خۆمان بکەین، هەبوون و ئازادیمان مسۆگەر بکەین، بۆیە پێویستە شێوەیەکی دروست لەناو ڕەوتی ڕووباری پیرۆزی مێژوودا دان بە هەبوونی کۆمەڵایەتی خۆماندا بنێین."

دوای پێشکەشکردنی وتارەکە، نووسەر عوسمان چەلیک بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری گفتوگۆکانی کرد. بابەتەکان بە هەڵسەنگاندنی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کۆتایی هات.

کۆنفرانسەکە بە پێشکەشکردنی وتار و گفتوگۆ بەردەوامە.