کۆنگرەی نەتەوەیی کورستان: رووداوەکەی سلێمانی هەموومانی تازیەبار کرد

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی لەگەڵ قوربانیانی تەقینەوەی سیستمی غازی ماڵێک لە سلێمانی داوای کردووە رێکاری پێویست بۆ رێگریی لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو جۆرە بگیرێتە بەر.

لە راگەیەندراوێکدا کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان رایگەیاندوە: بیستنی هەواڵی تەقینەوەی سیستەمی غازی مالێک لە سلێمانی و بونی قوربانی زۆر هەموومانی تازیە بارکرد. ئەم کارەساتە کە بەهۆیەوە ١٥ هاولاتی لە شاری سلێمانی بوونە قوربانی و ١٢ی تریش بریندار بوون، کارەساتێکی گەورە و دڵتەزێنە.

راشیگەیاندووە، "ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پرسە و سەرخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانیان دەردەبرین و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین. داوا کارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کە رێکاری وردتر و یاسایانە بگرێتە بەر بۆ دوبارەنەبوونەوەی کارەساتی لەم جۆرە.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە کۆتاییشدا رایگەیاندووە: دوبارە هاوخەمی و پرسەنامەی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و دۆستانی قوربانیان دەکەین.

هـ . ب