بە دیمەن

کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمراڵی و وەزارەتی داد کۆتایهات و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕێکخرا

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا بە کۆتا هات، پەیوەست بە دەرنجامی کۆبوونەوەکە پەروین بوڵدان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بووە.

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری دادی دەوڵەتی تورکیا بە کۆتاهات و دوای کۆبوونەوەکە شاندەکە ڕایگەیاند، هەرچەندە بنچینەی یاسایی پرۆسەکە بەهێزتر بێت بەرەوپێشچوونەکان ئاسانتر دەبێت، ڕۆڵی وەزارەتی داد لەم خاڵەدا گرنگ و کاریگەرە.

کۆبووبەوەی شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی (گەلان) کە لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار، فایەق ئۆزگور ئەرۆل پێکدەهات، لەگەڵ یەڵماز تونچ وەزیری دادی دەوڵەتی تورک بەکۆتا هات، شاندەکە دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجام دا.

کۆبوونەوەکە ماوەی ٤٥ خولەکی خایاند، دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، ئەمە سەردانێکی گرنگ بوو، ئێمە هەڵسەنگاندنێکی گشتیمان بۆ قۆناغەکانی ئێستای پرۆسەکە کرد، چی لە ڕووی سیاسی و چی لە ڕووی یاساییەوە، هەروەها ئەو ڕێگایەی، کە دەبێت لەمەودوا پەیڕەو لێبکرێت، پێمان وایە وەزیری داد ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی گرنگی دەبێت لەم پرۆسەیەدا بەو پێیەی دەچینە قۆناغی کۆمسیۆن، بۆیە گرنگیی بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیەمان بۆ ڕوونکردەوە، ئەویش خستییەڕوو، کە لەسەر بنەمای یاسایی تا ئێستا هەموو جۆرە پشتگیرییەکی پێشکەش کردووە و بەرپرسیارێتی دڵنیابوون لە پێشکەوتنی پرۆسەکە لەسەر بنەمای یاسایی لە ئەستۆ دەگرێت، کۆبونەوەیەکی گرنگ و ئەرێنی بوو، دیسانەوە سوپاسی دەکەین.

'پشتیوانی وەزارەت لە ئاستێکی بەرزدا دەبێت'

هەروەها مەدحەت سانجار ئاماژەی بەوەدا کە جێگرەکانی وەزیری دادیش بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە و وتی: کۆبوونەوەکە بەرهەمدار بووە، لەم قۆناغەی پڕۆسەکەدا بنەمای یاسایی زۆر گرنگە، وەزارەتی داد لە پێگەیەکی باڵادایە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە بەهێزی و تەندروست بەرەوپێش بچێت بەرەو ئاشتی و سەروەری یاسا و دیموکراتیک، بێگومان لەمەودوا کارێکی زۆر هەیە کە دەبێت بکرێت، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک بەشداری ئەم هەوڵە دەبین، بەڵام ڕاوێژکردن لەگەڵ وەزارەت، وەک ڕاوێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیکە زۆر گرنگە، ڕۆڵی وەزارەتى داد لەم قۆناغەى ئەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە، وەزیر بە ڕوونی ڕایگەیاند، “هەموو هەوڵێک دەدەن، بنەمای یاسایی پرۆسەکە بەهێزتر بێت ئەوا پرۆسەکە ئاسانتر بەرەوپێش دەچێت و دەگاتە ئەنجام”، ئێمە باوەڕمان بەمە هەیە، هەروەها وتی “بەشداری وەزارەتی داد لەو کارانەی که لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت، لەئێستا بەدواوە له بەرزترین ئاستدا دەبێت”، سوپاسی دەکەین، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

'هەموو شتێک باس کرا'

دوای کۆنگرەکە ڕۆژنامەنووسییەکە، ئەندامانی شاندەکە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە، پەروین بوڵدان، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە دژی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و داواکاری ئازادکردنی لە کۆبوونەوەکەدا باسکراوە، وتی: هەموو شتێک گفتوگۆی لەسەر کرا؛ ئێمە ناچینە ناو وردەکارییەکانەوە.

قۆناغی کۆمیسیۆن

هەروەها پەروین بوڵدان وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە لەناوبردنی تەواوەتی چەکەکانی دایەوە و وتی: هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵام پرۆسەکە بە قۆناغێکی تایبەتدا بەڕێوەدەچێت، ئەگەر بەدواداچوون بکەن، وردە وردە بەرەوپێش دەچێت، بۆیە، دوای لەناوچوونی چەکەکان قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات، ئەم قۆناغە قۆناغی کۆمسیۆنە و زۆر کار هەیە پێویستە بکرێت، کۆمسیۆن زۆر ئەرک و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت، کاتێک ئەمە تەواو بوو ڕەنگە قۆناغێکی دیکە بێت، ئێمە هەر قۆناغێک لە ڕێگەی ئێوەوە بۆ ڕای گشتیی ڕادەگەیەنین.

"پێدەچێت ئەم هەفتەیە کۆمسیۆن کۆببێتەوە"

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا گەریلای بێ چەک بەشداری سیاسەت دەکەن و ئایا یاسا بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دادەڕێژرێت، سانجار وتی: “هەموو شتێک لە قۆناغی کۆمسیۆن تاوتوێ دەکرێت”، ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “کاتێک کۆمسیۆن دامەزرا، هەموو ئەو بابەتانە لە کارنامەی کۆمسیۆندا دەبن و بۆ ئەو مەبەستە دادەمەزرێت کە بە ئاشکرا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و بخرێنەڕوو، گونجاو نییە ئێمە ئێستا پێشبینی یان لێدوان بدەین، کۆمسیۆنەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانە لەناو پەرلەمان دادەمەزرێت، باوەڕم وایە بەم زووانە دەست بە کارەکانی دەکات بە تەواوی نازانین چۆن، بەڵام بەمزوانەیە، زانیاریمان پێگەیشتووە کە ڕەنگە ئەم هەفتەیە کۆمسیۆنەکە کۆببێتەوە."