کۆنتراگەریلا لە زیندانی ئەلبیستان زیندانیان ئەشکەنجە دەکەن و بە کۆمەڵ دووریان دەخەنەوە

لە زیندانی جۆری ئیی ئەلبیستان کەسانێک، کە خۆیان بە "کۆنتراگەریلا" ناساندووە هەڵیانکوتاوەتە سەر قاوشەکان و دوای ئەشکەنجەیەکی قورسی زیندانیان سەدا ٩٠ی زیندانیانی زیندانەکەیان دوورخستووەتەوە.

زیندانی جۆری ئێی لە ناوچەى ئەلبیستان لە پارێزگای مەرەش ماوەیەکە بە ئەنجامدانی کردار و تاوانی ترسناک بەرامبەر بە زیندانیان بووەتە ڕۆژەڤ.

ئەوە ڕوون بوویە، کە کەسانێک لە دەرەوە هێنراون و هەڵیانکوتاوەتە سەر قاوشەکان و دەستیان بە ئەشکەنجەدانی زیندانیان کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو هەڵکوتانە بەفەرمانی وەزارەتی داد ئەنجامدراون. ئەوە ڕوون نییە، ئەوانەى هەڵیانکوتاوەتە سەر قاوشی  زیندانەکە و زیندانیان ئەشکەنجە کردووە، لە کوێوە هێنراون.

ئەو بەندکراوانەی کە لە کاتی هەڵکوتانە سەر قاوشەکانیاندا ئەشکەنجە درابوون خرانە ژووری تاکەکەسی و دوای ئەوەش لەو زیندانە بۆ زیندانی تر دووخرانەوە.

لە ٣٠ی ئەیلولدا، زیندانییەک پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کرد و پێی وتون، ئەوانە خۆیان بە 'کۆنتڕا گەریلا' ناساندووە، لە دەرەوە هێنراون و هەڵیانکوتاوەتە سەر قاوشەکان و دەوترێت کە ئەو کەسانە، لە پشتەوە زیندانییانیان کەلەپچە کردووە و دەستیان بە  ئەشکەنجەدانیان کردوە.

لقی کۆمەڵەى مافناسان و پارێزەران بۆ ئازادی لە ئامەد (ئۆهەدە) لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا لقی سەردانی زیندانەکەیان کرد و ڕاپۆرتێکیان لەو بارەیەوە ئامادەکردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە نێوان ٢١ و ٢٣ی ئەیلولدا، یەکەیەکی تایبەت لەلایەن وەزارەتی دادەوە ئەرکدارکراون و هەڵیانکوتاوەتە سەر قاوشەکان و دەستیان بە گەڕان و پشکنین کردووە.

ئۆهەدە ڕایگەیاندووە، زیندانییەکان بەهۆی ئەشکەنجەکردنیان و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خراپەوە سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە تاوانبارەکان نەکراوە و بێ سزادان تێیانپەڕاندوون.

هەروەها ڕاگەیەندراوە، زیندانییەکان بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ زیندانیان کردووەتە ژووری تاکەکەسی و لە ٢٨ی ئەیلول دا سەدا ٩٠ ی زیندانییەکان بە شێوەی میزاجی و خۆکار دوورخرانەوە بۆ زیندانەکانی ئەنتالیا و قۆنیا و ئەرزرۆم.

ژ.ت