کەسایەتییەکانی کەرکوک داوا دەکەن حزبە کوردییەکان یەکڕیزبن
کەسایەتییەکانی کەرکوک، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی کورد لە شارەکە، داوا دەکەن لە هەڵبژاردنی داهاتوووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، حزبە کوردستانییەکانی شارەکە یەکڕیزبن و بە یەک لیست بەشداربن.
کەسایەتییەکانی کەرکوک، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی کورد لە شارەکە، داوا دەکەن لە هەڵبژاردنی داهاتوووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، حزبە کوردستانییەکانی شارەکە یەکڕیزبن و بە یەک لیست بەشداربن.
لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک لە باشوری کوردستان، زیاتر لە ٢٠ کەس لە رۆشنبیر، نووسەر، سیاسەتمەدار، پیاوی ئاینی، چالاکوان، رۆژنامەنووسان، مامۆستا و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و کەسانی ووڵاتپارێزی شاری کەرکوک، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ توتوێ کردنی دواین گۆڕانکاری لە یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و تێپەڕاندنی یاسایەکی تایبەت بە شاری کەرکوک کە بووتە جێگای مشتومڕ لەلای سیاسەتمداران، دەزگاکانی ڕاگەیاند و تەنانەت لەلای هاووڵاتیان، هەروەها ناکۆکی لەسەر تێپەڕاندنی ئەو بڕگە یاسایەی تایبەت بە کەرکوک ناکۆکی قولی کردەوە نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتی کوردی.
پاش کۆبوونەوە و تاوتوێکردنی یاسای نوێی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و شیکردنەوەی ناوەڕۆکی یاسا تایبەتەکەی تایبەت بە پارێزگای کەرکوک، کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیەدا ڕایانگەیاند کە هەمووان هاوڕابوون لە سەر ئەوەی لە کەرکوک لیستی هاوبەشی کورد هەبێ و کەسانی شایستەی بۆ کاندید کرێ، وە داوایان لە دڵسۆزانى خەڵک و خاک کرد بەشداربن لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە.
مەلا فەرمان محەمەد، نووسەر و چاودێری سیاسی، بەناوی ئامادەبووانە هەڵوێستی خۆیانی وەکو کەسایەتیەکانی شاری کەرکوک ڕاگەیاند و قسەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد و ووتی: "ئێمە وەکو کۆمەڵێک کەسایەتی خەمخۆری کەرکوک کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا شیکردنەوەی یاسایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانمان کرد تا بزانین تا چ ئاستێک لە بەرژەوەندی کوردە یان لە دژی کوردە، ئێمە وەکو کەسایەتییەکانی کەرکوک ڕەخنەمان لە بەرامبەر دەسەڵاتی بەڕیوبەری ئەم شارە هەیە، هەروەها ڕەخنە لە هەردوو حزبی دەسەڵاتی کوردی دەگرین کە یەک دەنگ نەبوونە لە پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد لە بەغدا، لەپێناوە پاراستنی خاک و نشتیمانمان دەبێت بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانمان لەپێش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە بێت".
هەروەها مەلا فەرمان ووتیشی: "خەڵکی کەرکوک دڵنیادەکەینەوە کە بارودۆخی سیاسی کورد باشە، دەبێت ئێمەی کورد کار بۆ یەک لیستی و یەک دەنگی بکەین لە هەڵبژاردنی داهاتوو، دەبێت لە ڕیگەی فشاری شەقامەوە، حزبە کوردییەکان ناچاری یەکڕیزی بکەین، ئێمە وەکو کەسایەتییەکانی کەرکوک خاوەنداری لە شاری کەرکوک دەکەین و فشار لە حزبەکانی دەسەڵات دەکەین لەپێناو سەرکەوتنی گەلی کورد".
سەبارەت بەدۆخی ئیستای شارەکە، ناوبراو ووتی: " لەئیستادا لە کەرکوک پرۆسەی بەعەرەبکردنی شارەکە بەردەوامە، وە کەرکوک تا ئیستا لەژێر حوکمی سەربازییە، دۆخی شاری کەرکوک لە هەموو ڕویەکەوە خراپە، ئێمەش وەکو کەسایەتی و هاووڵاتیان بە هەموو هەوڵ و توانای خۆمانەوە لەڕێگەی فشاری شەقام فشار لە دەسەڵاتی کوردی و دەسەڵاتی بەغدا دەکەین بۆ بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیانی شارەکە، کە لەئیستادا هاوولاتیانی شاری کەرکوک لە سادەترین مافەکانیان بێبەشن، کە هاووڵاتیانی شارەکە بێ کارەبا و بێ ئاون، و تاوانی کوشتنیش ئەنجامدەدرێت بەڵام هاوولاتی ناتوانێت دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبکاتەوە".
لە کۆتایدا مەلا فەرمان ووتی: "ئێمە ئەنجوومەنێک پێکدەهێنین کە لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون کاردەکەین لەپێناو بەدیهێنانی مافی تەواوی نەتەوەکانی شاری کەرکوک بەبی جیاوازی،لەڕیگای فشارکردن لەدەسەڵاتەوە کار دەکەین بۆ خۆشگوزەرانی کەرکوک".
هـ . ب