لە ٤ رۆژدا نزیکەی ٢٠ کۆڵبەر لە بانە بریندارکراون
تەنیا لە ماوەی ٤ رۆژدا لە ئەنجامی تەقەی هێزەچەکدارەکانی دەوڵەتی ئێران لە سنووری شاری بانە نزیکەی ٢٠ کۆڵبەر برینداربوون.
تەنیا لە ماوەی ٤ رۆژدا لە ئەنجامی تەقەی هێزەچەکدارەکانی دەوڵەتی ئێران لە سنووری شاری بانە نزیکەی ٢٠ کۆڵبەر برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەری کۆڵبەرنیوز رۆژی یەکشەممە دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سەقز و مەریوان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت بریندارکراون.
رۆژی شەممەش لە هەمان خاڵی سنووری بەتەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت ٧ کۆڵبەر برینداربوون، کە لانیکەم باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە.
لەنێوان ٩ بۆ ١١ ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبر لە خاڵی سنووری هەنگەژاڵ هێزەکانی دەوڵەتی ئێران چەندین جار کۆڵبەرانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ١١ کۆڵبەر برینداربوون.
لەماوەکانی رابردوودا هێرشەکان بۆ سەر کۆڵبەران بە تایبەتی لە هەردوو ناوچەی سنووری نەوسود و بانە زیادی کردەوە و تەنیا لە نێوان ٢-٨ی تشرینی دووەم ٥٠ کۆڵبەر بوونە قوربانی.
هەروەها بە گوێرەی ئەو ئامارانە لە نێوان مانگەکانی ئادار و ئەیلول دا ١٣ کۆڵبەر لەناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و ٧٢ کۆڵبەریش برینداربوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی راستەوخۆ هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کرابوونە ئامانج.
هـ . ب