لە چەمچەماڵ، مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی "ئیسلام و نیشتیمانپەروەری" سازکرا
لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ، لە مەراسیمێکدا کتێبی "ئیسلام و نیشتیمانپەروەری" لە نوسینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ناسێنرا و بڵاوکرایەوە.
لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ، لە مەراسیمێکدا کتێبی "ئیسلام و نیشتیمانپەروەری" لە نوسینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ناسێنرا و بڵاوکرایەوە.
ئەمرۆ لە بینای رۆشنبیری و هونەری شارۆچکەی چەمچەماڵ لە باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و ئەدیب و رۆژنامەنووس و چالاکوانن و کەسایەتی رۆشنبیری و هۆگرانی کتێب مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی "ئیسلام و نشتیمانپەروەری" لە نوسینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو.
مەڕاسیمەکە بەدەستپێشخەری کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان و بەهاوکاری بەڕێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەشی رۆشنبیری و هونەری لە چەمچەماڵ ڕێکخرا و لە مەڕاسیمەکەدا نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیری دیاری باشوری کوردستان لەتیف فاتیح فەرەج خوێندنەوەی بۆ کتێبەکە کرد.
لە مەڕاسیمەکەدا، لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیری باشوری کوردستان دەربارەی کتێبەکە ووتی: "ئەم کتێبە زۆر گرنگە چونکە ئاپۆ یەکێکە لە بیرمەندە گەورەکانی جیهان کە تێزەکانی پڕە لە چارەسەریی بۆ کێشەکانی جیاوازی گەلانی ناوچەکە، ئۆجالان لە شوێنێکدا داکۆکی لە ئازادی و خۆ بڕیاردان کردووە کە بەدرێژایی پێنج سەد ساڵ خەڵکی تێدا سەرکوت دەکران، جگە لەو ئازایەتییەی بیرمەندێکی گەورەش بووە".
جێگای ئاماژەیە ئەو نووسەرە باسی قۆناغەکانی ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان-ی کرد و ڕایگەیاند: "ڕێبەر ئۆجالان لە ژیانیدا بە سێ قۆناغ تێپەڕیوە کە قۆناغی یەکەم قۆناغێکە کە بەردەوام بیرکردنەوەی و هەڵسەنگاندنی کردووە بۆ کەسایەتی شۆرشگێر و پێغەمبەرەکان، قۆناغی دووەمیشی قۆناغی ڕێبەرایەتی کردنە کە قۆناغێکی هەستیارە کە لەو کاتەدا خەڵکی لەسەر ووشەی کوردی سزا دەدرا، ڕێبەر ئۆجالان لەو قۆناغەدا هەوڵی بەگژاچوونەوەی ستەم دەدات، قۆناغی سێیەمیش قۆناغی زیندانە کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی کەس وەکو ئۆجالان و ئەندامانی پەکەکە نەبوونە لە زیندان کە ئاڵنگارییان بەرامبەر داگیرکەر کردووە، زیندانیانی پەکەکە سەدان کتێبیان نووسیوەتەوە، ئاپۆ کە دەستگیرکرا وەکو سەرکردەکانی جیهان ڕانەوەستا چاوەڕێی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات بەڵکو بڕیاریدا لە زیندانەوە بەردەوام بێت لە بەرخۆدان و ئاڵنگاری بکات".
هەروەها ناوبراو ووتیشی : "ئاپۆ لە کتێبی ئیسلام و نیشتیمانپەروەری پرسیارێکی زۆر گرنگ دەکات کە بۆچی نەتەوەکانی وەکو تورک و عەرەب توانیان سوود لە ئاین وەربگرن بەڵام لە نێو کورددا پێچەوانە بووە، دەبێت ئاین بەو شێوەیە فۆرمولە بکرێت کە مۆرکی کوردەواری خۆمانی پێوەبێت، ئۆجالان داکۆکی لەوە دەکات کە مرۆڤ نابێت چاو لە ئازادی بپۆشێت کە ئازادی بەشێکە لە خەباتێک کە ئەگەر نەیکەیت پێچەوانەی پەیامی پێغەمبەر موحەمەدە، وە بەکارهێنانی ئاین وەکو چەک پێچەوانەی ئەو ئامانجەیە کە ئاین لە پێناویدا هاتووە".
لەتیف فاتیح فەرەج ئاماژەی بەوەش کرد: "هەنگاوێکی گەورە هەیە بۆ ئازادی ئەم بیرمەندە ئەویش بە پاڵپشتی ئێمەی گەل دەکرێت، بۆ ئەوەی ئاپۆ ئازادبێت و ئێمە و مرۆڤایەتی ئازادبین، ئەوە ئەم کتێبە بخوێننەوە کە ڕێگەیەکمان پێ نیشان دەدات کە دەلێت هەم ئاینەکەتانی لەسەری بونیاد بنێن و لەهەمان کاتدا ئەوانیتر نەچەوسێننەوە چونکە ئێمەی کورد بەردەوام چەوساوەین".
لە کۆتایدا لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیر، باسی لە گرنگی تێز و کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد ئۆجالان کرد بۆ زیندووکردنەوەی گەلی کورد لە ڕێگەی پەروەردەوە و ڕایگەیاند: "ئەوەی زۆر گرنگە بۆ ئێمەی کورد بە بیانووی ڕەخنەگرتن نەڵێین ئێمەی کورد هیچ نین و بوونمان کەمە، من بڕوام وایە یەکێک لە زێندوویەتییەکانی کورد ئەوەیە کە لەدوای شەڕی رۆژئاواوە وەچەرخانێکی گەورەی کردووە کە هەموو ئەو کەسانەی باسی ئازایەتی ژن دەکەن باسی دوو جۆر لە ژن دەکەن کە پێش شەڕی کۆبانی و دوای شەری کۆبانێیە، ئەمەش بەرهەمی ئەو سەرۆکەیە کە لە گۆرەپانێکی داگیرکراو لەنێو کۆمەڵێک دوژمندا پەروەردەی دەکرد، بۆیە پەروەردە زۆر گرنگە و ئەم کتێبەی بەڕێز ئۆجالانیش بەشێکە لەو پەروەردەیە، ئەگەر بەوردی ئەم کتێبە بخوێننەوە ئەوکات پرسیار لە خۆتان دەکەن کە ئایا ئێمەی کورد هەر وابین".