خوێندکارانی زانکۆی مونزور، کە لەلایەن پۆلیسەوە هەوڵ دەدرا سیخوڕییان بەسەردا بسەپێنرێت، سەردانی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە / (ÎHD)) لە دێرسیم کرد و لەوبارەیەوە لێدوانیان دا. بەڕێوەبەرانی ئیهەدە و چەندین خوێندکار بەشدارییان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا کرد و پێش خوێندنەوەی راگەیەندراوەکە، گوربەز سۆلماز هاوسەرۆکی لقی دێرسیمی ئیهەدە وتی، بەم دواییانەدا لە دێرسیم هەوڵەکان بۆ داسەپاندنی کاری سیخوڕی زیادیکردووە و وتیشی: "بەداخەوە دەوڵەت ئەمەی لە دێرسیم کردووە بە سیاسەتێک. ئێمە دەمانەوێت دەستبەرداری ئەو کار و جموجوڵانەتان بۆ بچووکردنەوە و پێشێلکاری بهێنن".
موراد ئایدین بە ناوی خوێندکارانی زانکۆی مونزورەوە دەقی ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، گرژی و سیاسەتی دژە دیموکراتییانەی بەرامبەر بە خوێندکارانی زانکۆ زیاتر بووە و بە هەموو ئاست و جموگەکانی ژیاندا بڵاوبووەتەوە و وتیشی: "ئێمە لە دژی گوشار، هەڕەشە، گێچەڵ و سیخوڕی بەرەنگاری دەکەین. خوێندکارانی وڵاتپارێز لە کامپەکان و گۆڕەپانەکەدان. ئێمە داسەپاندنی سیخوڕی بەسەر هەڤاڵانماندا و ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ئەو سیاسەتانە، ئاشکرا دەکەین.
بەم دواییانە هەڤاڵانمان بێزار و هەراسان دەکرێن و هەڕەشەیان لێکدەکرێت، لەبەر ئەوەی هەڤاڵانمان لەگەڵیان کۆنابنەوە هەڕەشەیان لێدەکەن و بێزار دەکرێن. ڕژێمی کۆشک بۆی دەرکەوتووە، کە دەزانێت دەڕوات، بۆیە لە بەرامبەر تێکۆشانی رێکخستنکراوماندا بە شێوەیەکی دڕندانە هەڵسوکەوت دەکات و هەوڵی داسەپاندنی سیاسەتی سیخوڕی و ئاسمیلیلاسیۆن و تواندنەوە دەدات. پێیوایە بە هێرشەکانی دەتوانێت بمانترسێنێت و بمانچەوسێنێتەوە، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێنا. ئێمە سەرەڕای ئەو هەموو سیاسەتە چەوسێنەرانەیە، بەو هێزەی لە مێژووەوە هەڵمانگرتووە، بەرخۆدان و بەرەنگاری دەکەین".
ژ.ت