لە کەلار کتێبی "ڕۆژنامەگەریی هاوڵاتیی" ناسێنرا

ئەمڕۆ لە سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، کتیبی ڕۆژنامەگەریی هاوڵاتی لە وەرگێڕانی عومەر عەبدولکەریم لە مەراسیمێکدا ناسێنرا و بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.

 ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە هۆڵی سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار،  لەمەراسیمێکدا کتێبی "ڕۆژنامەگەریی هاوڵاتی" ناسێنرا، لە مەراسیمەکەدا کتێبەکە بە واژۆی وەرگێڕ بەسەر ئامادە بواندا دابەشکرا. سەبارەت بە کتێبەکە وەرگێڕ عومەر عەدولکەریم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لە سەرەتایی قسەکانییدا عومەر عەبدولکەریم باسی لە ناوەڕۆکی کتێبەکەی کرد و گوتی: "ئەم کتێبە زۆر گرنگە بۆ کتێبخانەی کوردی و بۆ ئەوانەشی کە دەیانەوێت لە بواری ڕۆژنامەوانییدا کاربکەن، چونکە وەک ڕێبەرییەکە بۆ ئەوانەی خواستی فێربوونیان هەیە.

بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە ئەوانەی کە خواستی فێربوونی ڕۆژنامەنووسیان هەیە سەرەڕایی ئەوەش کە پیشەیی نین دەتوانن کاربکەن بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند بە شێوەیەکی ئەکادیمی."

'ناوەڕۆکی کتێبەکە هەشت بەشە'

وتیشی: "ناوەڕۆکی کتێبەکە لە هەشت بەش پێکهاتووە، پێناسەی ڕۆژنامەنووسی و چەمک و مێژووی ڕۆژنامەگەریی هاوڵاتی دەکات کەی سەریهەڵدوە، باسی ئاکاریی ڕۆژنامەنووس و سەلامەتی ڕۆژنامەنووسی، پاشان سەرچاوەکانی کتێبەکەیە."

'داواکارم دەسەڵات لە دۆخی ڕۆژنامەنووسان تێبگات و چیتر ڕووبەرووی زیندان نەبنەوە'

لە کۆتایی قسەکانییدا عومەر عەبدولکریم باسی ئازادی ڕۆژنامەنووسانی کرد لە کوردستان و هیوایی ئەوەی خواست کە ڕێگری و توندوتیژی بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان نەکرێت و گوتی: "داواکارم حکومەت لە بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان تێبگات و چیتر ڕووبەرووی ئازاردان و ئەشکەنجەدان نەبنەوە.

ڕۆژنامەنووس پردی نێوان گەل و حکومەت کە پەیامی هاوڵاتیان دەگەیەنێت و حکومەتیش دەبێت گوێ لە ڕۆژنامەنووسان بگرێت."