لە کەرکوک ٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی پیرۆزکرا

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان ٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان پیرۆزکرا.

ئێوارەی دوێنێ لە ٩هەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان بە مەڕاسیمێک یادی دامەزراندنی تەڤگەرەکەیانی بەرزڕاگرت.

لە مەڕاسیمەکەدا هەردوو هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی و ئەندامانی ئەنجوومەنی هەرێمەکە و ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ووڵاتپارێزی کەرکوکیش بەشداربوون.

کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوک تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان سەبارەت بەساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە ٩ هەمین ساڵیادی دامەزراندی تەڤگەری ئازادی دا پیرۆزبایی لە تەواوی و لایەنگرانی ڕێکخستنەکەمان دەکەین، ٩ ساڵ لەمەوبەر لەدۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی، ئەمنی و سەربازی، لەو کاتدا کە چەتەکانی داعش بەشێکی زۆری خاکی عیراق و سوریا و بەشێکی کوردستانیشیان داگیرکردبوو و لە شەنگالیش کۆمەڵکوژیی دروستکردبوو، لەو کاتەدا تەڤگەری ئازادی وەکو پارتێک دروست بوو پاشان وەکو سیستمێک".

هەروەها کۆمەڵ سەرمەد ووتیشی: " لە ٩ ساڵی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی بەردەوام مەترسی و هەڕەشە بۆسەر تەڤگەری ئازادی هەبووە و زۆر جاریش هەوڵی داخستنی بارەگاکانمان دراوە، کە لەماوەی ڕابردوو یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەی تەڤگەری ئازادی بەناوی مامۆستا شەماڵ شەهید کرا، لێرەوە سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید شەماڵ و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی دادەنوێنین".

لە کۆتایدا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو تەڤگەرێکی پێکەوەژیان و دیموکراسی لە بەڕێوەبردن هاتووینەتە کایەوە، پەیامی ئێمە پەیامێکی ئاشتیانە و دیموکراسیانەیە بۆ تەواوی گەلانی عێراق، لەدژی فاشیست و ڕەگەزپەرستی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانمان هەڵگرتووە، وە نامانەوێت هیچ مەزهەب و بیروباوەڕ و نەتەوەیەک پەراوێز بکرێت لە بەڕێوەبردنی عێراقدا".

ژ.ت