لە مەخمور دەستبەسەراگرتنی ئیرادە شەرمەزار کرا

شارەوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکانی مێردین و ئێلح و خەلفەتی شەرمەزار کرد.

دەستبەسەراگرتنی ئیرادە

دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکانی مێردین و ئێلح و خەلفەتی، ئەندامانی شارەوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) لەبەردەم بینای شارەوانییەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخمور ئەدبان یەڵماز دانانی قەیوم و دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەلی شەرمەزار کرد و داوای لە گەل کرد خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان بکەن.

ئەدبان ڕایگەیاند دانانی قەیوم دژی ئاشتی و دیموکراسییە، گوتی: "بانگەواز لە گەلی کورد لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، هەروەها کوردانی ئەورووپا دەکەین، خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆمان بکەین و لە دژی داگیرکاریی و سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانمان هەڵوێست دەربڕین".

 لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کەس ناتوانێت ئیرادەی گەلی ئێمە بشکێنێت، ساڵانێکە گەلی کورد لە دژی هەموو جۆرە زوڵم و ستەم و داگیرکارییەک چۆکی دانەداوە و ئەمڕۆش لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان بەرخۆدان دەکات".

چالاکییەکە بە درووشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" کۆتایی هات.