حەوت کۆڵبەر بە ناوەکانی دیاکۆ ڕەمەزانی، کیانووش پاشایی، زانیار ڕاحزاده، سمکۆ ڕەوازی، سەلاح کەریمی، ئازاد نووری و حەمیدڕەزا حافزی، لە ڕۆژی چوارشەممەوە تا ڕۆژی هەینی لە ناوچەی سنووریی “هەنگەژاڵ”ی شاری بانەی پارێزگای سنە بە دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندار بوون.
بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی هەینی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی حەمید ڕەزا حافزی لە ناوچەی سنووریی “هەنگەژاڵ”ی بانە بە دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکانى سنوور لە لای قاچەوە بریندار بووە.
هەروەها دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سەلاح کەریمی، ٣٠ ساڵان، خەڵکی سنە و باوکی منداڵێک و ئازاد نووری، خەڵکی بانە، هەر لەم ناوچەی سنوورییەدا بە دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکانی سنوور بریندار بوون.
هەروەها باس لەوەش کراوە، سێ کۆڵبەری خەڵکی سەقز بە ناوەکانی دیاکۆ ڕەمەزانی، ٢٥ ساڵان، کیانووش پاشایی، ٢١ ساڵان و زانیار ڕاحزادە، ٢٢ ساڵان، لەگەڵ کۆڵبەرێکی خەڵکی مەهاباددا بە ناوی سمکۆ ڕەوازی، ٣٧ ساڵان، لە مەودای نزیکەوە دەستڕێژیان لێ کراوە و بریندار بوون.