"لە سایەی دەسەڵاتی پەدەکە خەڵکی هەر رۆژەو بەدەست گرفتێک دەناڵێنن"

کەرکوک، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان: "دەسەڵاتی پەدەکە و حکومەتی مەسرور بارزانی دەستی بەسەر مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران گرتووە".

 ئێوارەی دوێنێ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە شارەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست دژ بە دەست بەسەرداگرتنی مووچەکانیان لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی، تیایدا ڕایانگەیاند کە "دەسەڵاتی پەدەکە بێبەزییانە مامەلە لەگەڵ مامۆستا و فەرمانبەر دەکات"، هەروەها یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێن، "دەسەڵاتی پەدەکە دەستی بەسەر مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران گرتووە".

جێگای باسە مامۆستایانی خوێندنی کوردی، پڕۆژەی (هەژماری من)ی مەسرور بارزانییان ڕەت کردەوە، جەختیان لەوەش کردەوە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، موچەکانیان پێ نەدات ئەوە پەنادەبەنە بەر بەغدا بۆ داواکردنی ماف و مووچەکانیان.

 مامۆستا جەلیل محەمەد بەناوی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، بەیاننامەی مامۆستایانی خوێندەوە، ڕایگەیاند:  "وەکو دەزانن ماوەی ٣ مانگە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دابەش نەکراوە، بە بارودۆخێک تاقەت پڕوکێندا تێدەپەڕن، لەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزاندا، دەستیان خستۆنە بینەقاقای خەڵک بە گشتی، لە کاتێکدا بەرەو یادەکانی نەورۆز و ڕاپەڕین و ئازادکردنی کەرکوک دەڕۆین، بەڵام هەموو شتێکتان لە بیری خەڵک بردۆتەوە، خەڵک بە گشتی بیری لای ئەوەیە ٣ مانگ جارێک مووچەی پێ دەدەن.

 هەر لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتبوو: زۆر بە داخەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بێ ڕەحمانە و بێ بەزییانە، مامەڵە لەگەڵ چین و توێژەکان دەکات، جێی شەرم نیە مامۆستایان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە بەهۆی نەبوونی حوکمی ژیرانە، مامۆستایان و وانەبێژان هانا بۆ حکوومەتی بەغدا دەبەن، کێشەی ئێمەی مامۆستایان و وانەبێژانی کەرکوک زۆر ئاسانە، لە بری هاوکاری و هەماهەنگی تەنها دەست لە هەڵبگرن لە ڕێگریکردن".

 نوێنەری مامۆستایان لە چەند خاڵێکدا داواکاری مامۆستایانی خستەڕوو ڕایگەیاند: "یەکەم دابەشکردنی مووچە بە پەلە و بێ دواکەوتن، ئەگەر لەم هەفتەیە موچە دابەش نەکرێت، دووم هەفتەی داهاتوو بڕیاری خۆپشاندان دەدەین،  سێهەم داواکارین مووچە بکرێت بە ئەلیکترۆنی، چوارەم دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشیدەوە، لقیان لە کەرکوک هەیە، پێنجەم ئێمە پێویستمان بە 'هەژماری من' نیە ، شەشەم دەستەیەک دروست دەکەین لە نوێنەرانی مامۆستاو وانەبێژانی خوێندنی کوردی و فەرمانبەرانی سەر بە هەرێم، بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکەیم، جارێکی دیکە لەوێوە، داوای مافەکانمان دەکەین، بایکۆتکردنی دەوامیش ئەگەرێکی کراوە دەبێت لە بەردەمماندا". 

هـ . ب