لە سلێمانی چالاکی ئەنجامدرا: پێویستە بکوژانی شەهید شوکری سەرحەد ئاشکرا بکرێن

لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شوکری سەرحەد (یاسین بولوت) لە شاری سلێمانی، جاریکی دیکە داوای ئاشکراکردنی بکوژانی شەهید شوکری سەرحەد و زەکی چەلەبی و مامۆستا شەماڵ لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کرایەوە.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، شەهید شوکری سەرحەد (یاسین بولوت)، ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە، لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی یادی کرایەوە، خانەوادەی شەهیدان، تەڤگەری ئازادی، ڕژاک، چەندین هاوڵاتی باکور و باشور و رۆژئاوای کوردستان بەشداری مەراسیمی یادکردنەوەکە بوون .

ئیبراهیم محەمەد، بەناوی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی خویندەوە کە تیایدا  داوا لە ئاسایشی سلێمانی و ئیدارەی هەرێم کرا بکوژانی شەهید شوکری ئاشکرا بکەن.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوەشکرابوو “ئێمە بەردەوام دەبین لە رێڕەوی شەهیدان لە باشوری کوردستان هەرچەندە ساڵێک بەسەریدا تێپەڕیوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ناوی ئەو تیرۆریستانە ئاشکرا ناکەن کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە ئێمە بە نیگەرانیەوە لەم کەیسە و چەندین کەیسی دیکەی شەڕڤانانی ئازادی لە باشوری کوردستان دەڕوانین”.

لە وتارەکەی کۆیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، داوای لە هاوڵاتیانی باشوری کوردستان کرا، کە لە دژی ئەو کردەوە و داگیرکارییانە بەرەیەک دروست بکەن بە مەبەستی کۆتایی پێهێنانی خیانەت و هێرشەکان.

هەر لە مەراسیمەکەدا کتێبێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید شوکری سەرحەد دابەشکرا و چەندین وێنەی شەهیدان بەرزکرابونەوە  و دروشمی شەهید نامرن وترایەوە.

ف.ق