لە ئامەد داگیرکاری و خیانەت شەرمەزارکرا
دەبەپە و تەژەئا و دەم پارتی دژی هێرشی داگیرکاری بۆ سەر باشووری کوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕی و دووپاتیان کردەوە، پەدەکە هاوبەشی شەڕی دژی کوردانە و ئەم هێرشانە ئاستەنگن لەبەردەم ستاتۆی کوردان.
دەبەپە و تەژەئا و دەم پارتی دژی هێرشی داگیرکاری بۆ سەر باشووری کوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕی و دووپاتیان کردەوە، پەدەکە هاوبەشی شەڕی دژی کوردانە و ئەم هێرشانە ئاستەنگن لەبەردەم ستاتۆی کوردان.
پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) هێرشەکانی تورکیایان بە هاوکاری پەدەکە بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزار کرد. ڕاگەیاندراوەکە لە گۆڕەپانی شێخ سەعید لە ئامەد خوێنرایەوە و نوێنەری چەندین ڕێکخراو و دامەزراوە بەشداربوون، سەرەڕای ئاستەنگ و هەڕەشەی پۆلیس، لەنێو گەمارۆی پۆلیسدا جەماوەر ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.
پەرلەمانتاری دەم پارتی ئامەد، مەحمود کاماچ راگەیاندراوەکەی خوێندەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە هاوکاری پەدەکە کراوە بۆ دەوڵەتی تورک لە هێرشە داگیرکارییەکان، دووپاتکراوەتەوە ئێستە چەندین ناوچەی باشووری کوردستان کەوتۆتە ژێر دەستی دەوڵەتی تورک، دەڵێت: "هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر باشووری کوردستان، بەتایبەت بۆ چارەسەر پرسی ستاتۆی کوردستانی دیموکراتیک ئاستەنگێکی مەزنە. هاوکات ئەم هێرشە زیهنیەتی یۆتۆپی نیو-عوسمانیە کە کەرکوک و موسڵیش لەخۆدەگرێت. بەڵام لە چوارچێوەی هێرشەکاندا لەوە تێدەگەین، باشووری مەزنیش بووەتە بەشێک لە میساقی میللی، ئیدارەی سیاسی ئەو پارچەیە، ئەکتەری سەرەکی ئەم هێرشانەیە. هێرش و ئامادەکارییەکانی ئەم دواییە، چۆڵکردنی گوندەکان، کۆچبەرکردنی خەڵکی مەدەنی و پشکنینی ناسنامە لەناو سنوورەکانی عێراقدا، ئەم سیاسەتانە پشتڕاست دەکاتەوە".
ئاماژە بەوە کراوە ئەو پاساوانەی دەوڵەتی تورک لەکاتی داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی دەیهێنایەوە، ئێستە پەیوەست بە ڕەوشی کوردستان دووبارەیان دەکاتەوە. هەروەها جەخت دەکەنەوە، هاوشێوەی ڕۆژئاوا بەرامبەر ئەم داگیرکارییەش بۆ سەر باشووری کوردستان دەوەستنەوە و دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن.
سیاسەتی پەدەکە دوورە لە بەرژەوەندیی کوردان
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بە ڕۆڵی خیانەتکارانەی پەدەکە کراوە و دەڵێت: "باشووری کوردستان بە قوربانیدانی مەزن بەدەستهاتووە، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندیی بچوک وێرانکراوە. ئەم سیاسەتە پاشڤەڕۆییەی پەدەکە دوورە لە بەرژەوەندییە دیموکراتیکەکان کورد، هەرگیز هاوتایەکی جڤاکی نابێت".
پەدەکە خیانەت دەکات
ڕاگەیاندراوە، ئەو کەسانەی خاکی کوردستان بۆ بۆ داگیرکەران دەکەنەوە، لای گەلی کوردستان وەک هاوکاری ناوخۆیی داگیرکەران یاد دەکرێنەوە، دەڵێت: "ئەو ڕەوشەی پەدەکەی تێدایە، بە مانای ڕاستەقینە، خیانەتە. هەبوونی زیهنیەتێکی وا لەبەرامبەر دەسکەوتەکانی گەلی کورد کە بە ڕەنجێکی مەزن و بەرخۆدانێکی بێ وێنە بەدەستهاتوون، بێجگە لە خیانەت هیچ پێناسەیەکی تر هەڵناگرێت".
لەکۆتاییدا دووپاتکرایەوە، تێکۆشانی گەلی کورد هەرگیز ناکەوێتە ژێر کاریگەری بنەماڵەیەک یان هێزێکی مەرکەزی، بەڵکو لەسەر بناغەی بەرژەوەندییەکانی گەل و بەهاکان بەردەوام دەبێت، دەڵێت: "بەڵام ئەوانەی هەوڵدەدەن ئەم تێکۆشانە شکۆدارە هەڵوەشێننەوە و لە ئامانجەکەی دووری بخەنەوە و بێبەهای بکەن، لەبەرامبەر دادگای مێژوودا مەحکومن بە لەناوچوون".