لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو لانی کەم ٦ کەس دەستبەسەرکران

هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ناوچەی دیواندەرەی شاری سنە و شاری مەریوان ٢ کوردی دەستبەسەرکرد. ژمارەی ئەو کەسانەی لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو دەستبەسەرکران گەیشتە ٦ کەس.

بەگوێرەی میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوچەی دیواندەرە گەنجێکی کورد بە ناوی مزەفەر دارایی و لە مەریوانیش گەنجێک بە ناوی ماردین دەهقانی (١٧ ساڵ) دەستبەسەرکراون.

لە هەڵکوتانەسەر ماڵان کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە بەبێ پاساو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کردووە، ژمارەی کەسانی دەستبەسەرکراو گەیشتە ٦ کەس.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئێران ٤ هاوڵاتی کوردیان بە ناوەکانی محەمەد ئەمین لە دیواندەرە، نەوید شەریفی خەڵکی گوندی کانی سپی، فەرهاد قەمەری خەڵکی گوندی کوتەک و فواد مورادی خەڵکی گوندی کەلەکێوی دیواندەرەیان دەستبەسەر کردووە.

جێگەی سەرنجە، دەستبەسەرکردنەکان لە ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی ئەنجام دەدرێن. لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ پاش ئەوەی کچە کورد ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەرکرا و کوژرا، سەرهەڵدانێکی بێ‌وێنە دەستی پێ کرد.

هێزەکانی ئێران لەکاتی سەرهەڵدانەکەدا، سەدان کەسیان کوشت و هەزاران کەسیان گرت. ژمارەیەک کەسیان لەسێدارەدا. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند کە دەوڵەتی ئێران بۆ ڕێگرتن لە ناڕەزایەتییەکانی گەل، سزای لەسێدارەدان بەکاردەهێنێت.